داگیركەری تورك دەستی بەسەر شارەوانی جۆلەمێرگدا گرت
میدیاکانی باکووری کوردستان ڕایانگەیاندووە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا “مەهمەت سدیق ئاکیش” شارەداری هەڵبژێردراوی خەڵک بۆ شارەوانیی جۆلەمێرگی، دەستبەسەر کردوووە. هاوکات بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی جۆزەردان (٣ی ژوەن) پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر بینایەی شارەوانیی جۆلەمێرگ و دەستی بەسەردا گرتووە.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی باکوور، شارەداری جۆلەمێرگ بە بڕیاری “عەلی یەرلیکایا” وەزیری ناوخۆی ڕژیمی تورکیا لەسەر کار لادراوە. کەسێکی سەر بە دەوڵەت بە ناوی “تەیا ئەمرە مەحوموودئوغلوو”، وەک قەیووم بەسەر شارەوانییەکەدا سەپێندراوە.
ئەندامانی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان، دەمپارتی، وەک بەرپەرچدانەوەیەک بەرامبەر بە پەلاماری پۆلیس بۆسەر بینایەی شارەوانی، لە شاری جۆلەمێرگ دەستیان بە گردبوونەوە و خۆپێشاندان کردووە.
هێزەکانی پۆلیسی ڕژیمی تورکیا تەواوی ئەو شەقامانەیان داخستووە کە بەرەو بینایەی شارەوانیی جۆلەمێرگ دەچن.