ڕامین جهانبەگلوو، لە چیدا ئاقڵی پێشکاوە؟

205
0
هاوبەشی :

نوسینی: ئاوارە پیرۆت

ئەم وتارە لە فەیسبوكی بەڕێز (نیاز حامید)ەوە وەرگیراوە

دەو دوو ڕۆژەیدا بەشێکی زۆر لە وڵاتپارێزان و هەڤاڵانیش، توشی جۆرێک لە گومان بوون، نەیاندەزانی چۆن پرسە و سەرەخۆشی کەجەکە و هەڤاڵ مەزڵوم لێکبدەنەوە، دەنێو ئەو قەیرانە شیکارییەدا یەک تاقم زۆر تایبەت بوون، کە زۆرتر لە مێژوودا لە ” ئەبوبەکری صدیق” دەچوون، چیرۆکەکە دەڵێت: قوڕەیشییەکان چونە لای ئەبوبەکر، بە تەوس و پللار و گاڵتەجارییەوە گوتیان، زانیوتە ئەو شەو محمد چۆتە ئاسمانەکان و ئێستاش ئەوەتانێ لەماڵێ دانیشتووە، ئێمە شەش مانگ بە حوشتر هەتا دەگەینە بیت المقدس ڕێگا دەبڕین، ئەوە چۆنە پێغەمبەرەکەت گەیشتە ئاسمان و هاتیشەوە؟ ئەبوبەکر، وەڵامەکەی زۆر گرنگ و واتادارە لە دوو ڕەهەندەوە.
یەکەم/ ئەبوبەکر، نایشارێتەوە کە ئەو ڕووداوە ئاستەمە و جێی ئەوە نییە بەقای پێ بکەی، بەڵام متمانەی بە محمد هەیە.
دووهەم/ ئەبوبەکر دەڵێت: هەرچی محمد بیڵێت، ڕاست دەکات و بڕوای پێ دەکەم.
لێرەوە ڕوون دەبێتەوە کە کەسێتی ئەبوبەکر، کەسێتییەکی تەواو خوازراوە و گونجاوە بۆ ئایدیۆلۆژیای ئیسلام، لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێوەیەکی موتڵەق باوەڕی بە پێغەمبەرەکەی هەیە. ئەو تاقمە ئایدیۆلۆژییەی بەو پەڕی متمانەوە هێزی خۆیان دەدەن بە بزووتنەوەی ئاپۆجی، لەگەڵ فەلسەفەکە تەواو گونجاوە، چونکە بە هۆشیارییەوە تێگەیشتوون و ئاگایی ئەوەیان بەدەست هێناوە کە بزووتنەوەکە هەڵەش بکا، خیانەت ناکات. ئەوانە گرووپێکی تایبەتن و جوودان لەوانەی لەترسی ڕۆژهەڵاتیەکان سەفسەتەی لێ دەن، ئەندامێکی مەجلیسی پژاک زۆر تر لەوەی لە حەرەکەتەکەی تێ بگات، لە خەمی ئەوەدایە پۆزش بۆ ڕۆژهەڵاتییەکان بهێنێتەوە، هەڵبەت دیارە کە لە زمانیشیان تۆقیوە. ئۆجالان بۆ هەر ووشەیەک کە نووسیویەتی بەردەوام گوتوویەتی کە: ئێوە لەمن تێناگەن. ڕاست دەکا، کەجەکە سیستەمێکی تازەیە و حیزب نییە، تۆزێک مێشکی دەوێ لێی حاڵی ببی.
📌 – ڕوانگەی مێژوویی:
مێژووی فیکریی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تێکەڵەیەکە لە خو و نەریتێکی جڤاکیی جوان و واتادار، کە هەمیشە دەرفەتی داوە بەو هێزانەی پێک ناکۆکن لێک نزیک ببنەوە و تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ بابەتەکان درووست بکەن. لە دەورووبەری ساڵانی 1500ی پێش زاین، لە ڕۆژهەڵاتی نزیکی کۆن چوار هێزی زەبەلاح و خاوەن پارادیگمای جودا هەبوون، کە هەر یەکێکیان دەیخواست ئەوی دی سنووردار بکا، فیرعەونەکان بە واستەی هکسۆسەکان هاتبوونە سوریا و فەڵەستین، حیسییەکانی ئانادۆڵ، ئاشوورییەکان و میتانییەکان کە پایتەختیان واشۆکانی( قامیشلۆ) بوو، تێکڕا چوار تاکە هێزی جیهانی کۆن و خاوەن شارستانییەت، لە ئامادەکارییدابوون بۆ هەڵایسانی جەنگ، لەو سەرووبەندەیدا، قۆناخێکی ئاشتیی بەڵام ساختە و فریودەر هەبوو، بۆ ئەوەی هێزەکان دەرفەتی ئامادەکارییان هەبێت، ئەویش پەیوەندی جڤاکیی و دیپلۆماسیی بوو، میتانییەکان وەستای ئەم زانستە بوون، پەیوەندی ژنخوازییان لەگەڵ فیرعەون درووست کرد، چەندین جار لەکاتی نەخۆشکەوتنی فیرعەوندا میتانییەکان خواوەندی شیفا-یان نارد بۆ ئەوەی چاک ببێتەوە، تەنانەت زێڕ و زیو و کانزای گرانبەها وەک دیاریی لە نێوان هێزەکاندا ئاڵوگۆڕ دەکرا، نامەکانی تل عمارنە، بەڵگەی چاکی قۆناخی دیپلۆماسیی سەرکەوتووی ئەم قۆناخەیە. هەروەها لە شەڕی نێوان خاچییەکان و ئیسلام، چەند جارێک سەڵاحەدینی ئەیوبی بە باڵدووینی دووهەمی دەگوت: ئەگەر بتهەوێ پزیشکەکانی خۆمت بۆ دەنێرم، پزیشکەکانیش جولەکە بوون، ئەوە لە کاتێکدا بوو باڵدووین دەیزانی سەلاحەدین ئامادەکاری دەکات بۆ گرتنی قەڵای کڕنەک و عەسقەلان، وە بۆ هێرشێکی مەزنتر کە گرتنی قودس بوو، سەڵاح هێندە لەگەڵ خاچییەکان بەڕێز و هاوخەم بوو، هیچ ئۆریانتالیستێک نەینووسیوە کە ڕەخنەیەکی بچوکی هەبێت، لەدواین سەرکەوتنیشیدا گووتی: با جولەکە و مەسیحییەکان ئازاد بن و ساڵانە بێن بۆ حەجەکانیان. مێژووی ڕۆژهەڵاتی کۆن، پڕە لە ململانێی ڕێزدارانە، لە نموونەی مێژووی ململانێی سەربازیی چین، کە پڕپڕە لە جوامێریی و مێرخاسیی. کەجەکە و خودی مەزڵوم کە بە نەوەی میتانییەکان حیلێبە، چاکترین وەستای پەیوەندی گرێدان و دیپلۆماسییە، و دەبێت متمانەی پێ بکرێت.

📌 – ڕوانگەی هەنوکەیی:
زۆر بەی هەڤاڵان لەوەدا کێشەیان بۆ درووست بووە کە کەجەکە وەک بارزانییەکان سەرەخۆشی ناردووە، جا قەیدی چ دەکا؟ نەریتێکی جوانی ئەو بنەماڵەیە بەشداری کردن لە تەعزییە و هاوخەمییە، دەبێ کەجەکە لێیانەوە ئەو نەریتە زیندوتر ڕابگرێ، ئەو جۆرە دوژمنایەتییەی خەڵک دەیهەوێت، لە نێوان پەکەکە و باقی هێزەکانی تر ناوخۆیی و ناودەوڵەتیی، زۆر نازانستیی و ناسیاسییە، زۆر لە پێشتریشدا باوەڕم بەوە هەبووە کەجەکە بەردەوام بەشدار و هاوخەمی پرسە جڤاکییەکان بێت و خۆی جوێ نەکاتەوە، نەوشیروان مستەفا لەکۆی پەنجا ساڵ خەبات و تێکۆشان دەڵێت لەیەک شت پەشیمانم، ئەویش کاتێک مستەفا بارزانی مرد، سەرەخۆشیمان ئاراستەی بنەماڵەکەیان نەکرد، کە دەشیا ببا بە دەرەفەت لە نێوانماندا.

🟡 – ڕەهەندی واقیعی مردنی ڕەئیسی:
لە نێوان دەوڵەتی کۆماریی ئیسلامی لە ئێران و پەکەکە، ململانێیەکی سەخت بەڵام ڕێزدارانە هەیە، کە ئەوەش دەستخستنی دەرەکی لە ململانێیەکە وەدوور دەخاتەوە، شانازی ئەو مێرخاسییەش وەک نەریتێکی میژوویی بۆ پەکەکە دەگەڕێتەوە، چونکە لە ساڵی 2011 لە شەڕی جاسوسان، پژاک و پەکەکە، هاوکاریی ئیسڕائیل-یان دژ بە ئێران ڕەت کردەوە، گوتیان: شەڕی ئێمە و ئێران، کێشەی خۆمانە و ئێوە تیایدا هیچ کارە نین، چەکی پێویستیشمان هەیە بۆ لێدانیان. کەوابوو شەڕ و سیاسەت زانستین و لە پێناو چارەسەریدان، ئێرانیش بۆ ئەم مەسەلانە لە دەوڵەتی تورکیا کراوەتر و هۆشیار ترە. هەروەها هیچ کات هاوکارییەکانی سعوودیەش دژ بە ئێران قبوڵ کراو نەبوون، بەوانیشیان گوت: کێشەی ئێمە پەیوەندی بە شیعە مەزهەب و سوننە مەزهەبەوە نییە، خۆتان دەتوانن کێشەی خۆتان بەجودا حل بکەن.
ڕامین جهان بگلوو، لە شتێکدا تۆزێک ڕاستی پێکاوە و لە شتێکیشدا زۆر هەڵە بیری کردۆتەوە، دەڵێت کە ڕەئیسی وزەی تەواوی نەبووە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، بۆیە مردنەکەی جێگای گومانە و کوژراوە، بێگومان ئەوە شتێکی چاکە کە ڕامین تێگەیشتووە لەوەی مەسەلەکە بە کوردەوە پەیوەندی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا هەڵیسەنگاندووە، بەڵام واوەتر لەوەش ئەوەیە کە ڕەئیسی چەندین جار پێدەچێت هاوپەیمانێتێ نێودەوڵەتی و ناوخۆیی دژ بە شەڕی پەکەکەی ڕەت کردبێتەوە، سەرجەم بانگهێشت و چوونەکانی ئاردۆگان بۆ ئێران، لەو چوارچێوەیەدا بووە، بەڵام ڕەئیسی مەیلی ئەوەی پێشان نەداوە ئێران بکەوێتە شەڕ دژی پەکەکە و پژاک، پێی وابووە ئەو شەڕەی لە دژیان لە سووریا دەکرێت، بۆ ئێران بەسییەتی و هەر ئەوەندە دەتوانێت، ئەوە لەلایەک، لەلایەکی دی ڕامین دەڵێت، پێدەچێ دەسەڵاتێکی میلیشیایی سیکۆلار ببێتە بەدیلی ڕەئیسی.
بەڵان، نەخێر، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئەو کەسە دێتە سەر دەسەڵات، کە بڕیار دەدات شەڕی پەکەکە بکات لەگەڵ تورکیا و چەند هێزێکی ناوخۆیی کوردیی، بۆیە مردنی ڕەئیسی لەم دۆخەی باکوور و ڕۆژئاوادا، هاوخەمی دەوێت نەک شایی و لۆغان، ئەگەر نا کەس نەیگوتووە ڕەئیسی بکوژێکی مەترسیداری گەلی کورد نەبووە.

هاوبەشی :