وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی مانیان لە خواردن گرت

97
0
هاوبەشی :

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بانەمەڕ (١٤ی ئایار)، وریشە مورادی (جوانا سنە) ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە لە ١٠ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاویی بەرامبەر بە ١ ئابی ساڵی ٢٠٢٣ زاینی دەستبەسەرە، لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە گواسترایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعات. وریشە مورادی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە گواستنەوەی لە ڕۆژی چوارشەممەوە مانی لە خوواردن گرتووە.

هەروەها ژنە چالاکڤانی کورد پەخشان عەزیزی، هاوبەندی ئەو زیندانییە سیاسییە، لە دوێنێوە بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گواستنەوەی وریشە مورادی مانی لە خواردن گرتووە.

بە گوێرەی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، گواستنەوەی ئەم زیندانییە بۆ بەشی ٢٠٩ لە کاتێکدا ڕوودەدات کە هەفتەیەک لەمەوبەر بە فەرمانی “دادوەر” سەڵەواتی کە بە قازی مەرگ ناسراوە مافی پەیوەندیکردن و سەردانی خێزانەکەی لێسەندراوەتەوە.

وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) و پەخشان عەزیزی، ژنەچالاکی کورد کە لە ناوەڕاستی گەلاوێژی ١٤٠٢دا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارەکانی سنە و تاران دەستبەسەر کران، تا ئێستایش بە تۆمەتی “بەغی” و “ئەندامبوون لە دەستە یان کۆمەڵەکاندا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی” لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا لە زیندانی ئێڤینی تاران ڕاگیراون.

دۆسیەی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بە ڕیز نێردراونەتە بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی “دادوەر” سەڵەواتی و لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری. ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی «بەغی» بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست ئەگەری سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەم زیندانییە سیاسیانەدا.

هاوبەشی :