پارێزەرانی رێبەری گەلی کورد جارێکی دیکە داواکارییان ئاراستەی سی پی تی کردەوە

64
0
هاوبەشی :

 

نوسینگەی یاسایی سەدە سەبارەت بە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سێ زیندانی دیکە لە ئیمراڵی کە ٣٨ مانگە هیچ هەواڵێکیان نازانرێت جارێکی دیکە داواکارییان ئاراستەی سی پی تی کردەوە.

نوسینگەی یاسایی سەدە لە بارەی موەکیلەکەیان رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە زیندانی جۆری ئێفی ئاسایشی بەرزی ئیمراڵی زیندانی کراوە و ٣٨ مانگە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بەردەست نییە، سەرلەنوێ داواکاریینامەیان ئاراستەی کۆمیتەی رێگری لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) کرد. لە داواکارینامەکەدا لە بارەی عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکە ئیمراڵی عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاش وردەکاری و پەرەسەندنەکانی نێوان ١ی شوبات و ٣٠ نیسانی ٢٠٢٤ خراونەتەڕوو.

لە داواکارینامەکەدا هاتووە، کە لە نێوان ١ی شوبات و ٣٠ نیساندا ٢٥ جار پارێزەران و ١٢ جاریش بنەماڵەکان، بە گشتی ٣٧ داواکاری بۆ ئەنجامدانی دیدار پێشکەشکراون بەڵام سەرجەمیان بێ وەڵام هێڵدراونەتەوە. لە درێژەدا هاتووە، کە لەم قۆناغەدا هیچ نامەیەک بە پارێزەران نەدراوە، چارەنوسی ٤ نامەش کە بۆ ئیمراڵی نێردراون نازانرێت و لە پرسی پەیوەندی تەلەفونیشدا هیچ بەرەوپێشچوونێک نەهاتووەتە ئاراوە.

لە درێژەدا هاتووە کە داواکارییەکانی بنەماڵە و پارێزەرانیش لە ١٤ی ئەیلولی ٢٠١٨ەوە تائێستا لانیکەم ٢٢ جار بە پاساوی ‘سزای دیسپلین’ رێگرییان لێکراوە. هێشتا ماوەی “سزای دیسپلین”ی ١٢ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ تەواو نەببوو، ئاشکرا بوو کە لە ٢٨ی ئاداردا “سزایەکی دیسپلینی”ی نوێی ٣ مانگە بڕاوەتەوە. پارێزەران ئەوەیان خستەڕوو کە پرۆسەی سەپاندنی ئەو سزایە لە پارێزەران شاردراوەتەوە و لە ١٢ی نیساندا بە شێوەیەکی نایاسایی یەکلاکراوەتەوە. لە داواکارییەکەدا باس لەوەشکراوە کە مافی بەرگریی داواکار لەمپەری بۆ سازکراوە.

باس لەوەشکراوە کە وەیسی ئاکتاش کە لە زیندانی ئیمراڵییە لە ٢٨ی نیساندا ماوەی سزا ٣٠ ساڵیەکەی تەواو بووە، بەڵام لیژنەی چاودێری و کارگێری زیندان ماوەی ساڵێک ئازادکردنەکەی دواخستووە. پارێزەران باسیان لەوەکرد کە لەبارەی ئەم بریاشەوە زانیارییان پێنەدراوە.

لە بەشی پەیوەست بە ئازادکردنی ئاکتاشدا مافی “ئازادکردنی مەرجدار لە ژێر چاودێری دادوەری” بەبیرهێنراوەتەوە و ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەو مافە کەسانێک “کە سێ جار سزای دیسپلینی ژووری تاکەکەسیان بۆ بڕاوەتەوە” لە خۆدەگرێت. لە بەشی ئاگادارکردنەوەشدا هاتووە، “جگە لەوە، بە گوێرەی یاساکان ئەستەمە کە سزایەکی توندکراو یاخود سزایەک لە دژی ئاکتاش بە سەر ئاکتاشدا بسەپێندرێت. لەبەر ئەوەی بەڕێز ئاکتاش تائێستا هیچ سزایەکی ژوری تاکەکەسی نەدراوە. دەبوایە لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤دا ئازاد بکرایە. لە دژی یاسایەک لە بەرژەوەندی ئەو، یاسایەک لە دژی ئەو کاری پێکراوە. بریاری لیژنەی کارگێڕی و چاودێری سەبارەت بە بەڕێز ئاکتاش نایاساییە. لەبەر ئەوەی ئەو بڕگەیەی کە بۆ ئازادکردنی مەرجدار دەسەڵات بە لیژنەی کارگێڕی و چاودێری دراوە لەماوەکانی رابردوودا بوونی نەبوو، لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٠ بە یاسای ژمارە ٧٢٤٢ دانرا و مادەیەکی نوێ و قورسە. لیژنەی پەیوەندیدار بە ئازادکردنی مەرجدار لە ٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠ بە ناوەندەکانی چاودێری و دابەشکردن و پەیڕەوی پەیوەست بە هەڵسەنگاندنی سزادراوان پێکهێنرا. هەربۆیەش دەبوایە هەڵسەنگاندنی دۆخی باش و ئازادکردنی مەرجدار، بە گوێرەی یاسای جێبەجێکردنی سزا کە لەو کاتەی تاوان ئەنجامدراوە کاری پێبکرایە. کاتێک دۆخێکی لەو جۆرە لەئارادابوو، لە ساڵی ٢٠٢٠ هەموارکرایەوە و بە شێوەیەکی نایاسایی بڕگەکانی لیژنەی کارگێری و چاودێری فراوانکران و لەو چوارچێوەدا کاتی ئازادکردنی بەڕێز ئاکتاش بۆ ساڵێک دواخرا. ئەو بڕیار و دۆخە نایاساییە”.

لە داوکارییەکەدا هاتووە لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرەزەکەی شوباتی ٢٠٢٣دا کە ناوەندەکەی لە مەرەش بوو، وە لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرەزەکەی ساڵی دواتردا پارێزەر و بنەماڵەکان بە بەردەوامی داواکاری چاوپێکەوتنیان کردووە. پارێزەران وتییان لە هەواڵدان بێ وەڵام ماوەتەوە و ئەمەش لە نێو پارێزەران و بنەماڵەکاندا پەیوەست بە ئیمراڵی، ڕێگەیی بۆ نیگەرانیبوون کردووەتەوە.

لە بەردەوامیدا ئەوەش وترا مانگرتن لە خواردنی نۆرەی لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا لە زیندانەکاندا دەستپێکرا، لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٤ەوە بە چالاکی “بایکۆتکردنی چاوپێکەوتن لەسەر تەلەفوون، چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو و ڕۆشتنە دادگاکان” بەردەوامە. ئەوە دەستنیشانکرا ڕەنگە لە دۆخێکی وادا دەرنجامی نەرێنی بەدوای خۆیدا بهێنیت. پارێزەران ئاماژەیان بەوەدا بۆ ئەوەی لە دەرنجامی جدییەکانی لەو شێوەیە دورکەوینەوە، زۆرگرنگە پێشوەختە هەموو بەرپرسیارێتییەکانی ئێستامان جێبەجێکرێن.

پارێزەران، ڕایانگەیاند کە ١٤ ڕێکخراوی ماف و یاسایی لە تورکیا سەبارەت بە عەبدوڵا ئۆجالان و سێ زیندانی تری ئیمراڵی سەریان لە سی پی دی داوە. ئەوەش باسکراوە کە ٢٨ی ئادارد بە هەمان مەبەست داواکاری پێشکەشکراوە.

هەرەوها ئاماژەش بەوەکراوە شاندی سی پی تی کە لەمانگی شوباتدا هاتبووە تورکیا، نەچووەتە ئیمراڵی. لە داواکارییەکەدا بەم شێوەیە دەڵێت: ” لە سەرەتاوە هەتا ئێستا بارودۆخی زیندانی ئیمراڵی بە هیچ شێوەیەک باشبوونێک نەهاتۆتە ئاراوە، پەیوەندی داواکارییەکان بە تەواوی بە جیهانی دەرەوە دابڕێنراوە.”

لە داواکارییەکان دەسنیشانکراوە کە پێویستە سی پی تی لە دژی بارودۆخی ئاوارتەی ئیمراڵی دەست لە هەڵوێستی ڕێکارە ئاساییەکان بەردا و بۆ بۆ کۆتایهێنان بە مامەڵەی خراپ و “ناپەیوەندیدار” ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر.

داواکاری

پارێزەران ئەم داواکارییانەیان هەبوو:

“*بۆئەوەی بەڕێز وەیسی ئاکتاش دەستبەجێ بەربدرێت، پێویستە لە هەوڵداندابین.

*با دەرنجام و تێبیینیە گشتییەکانی دواین سەردانی ی ئەیلولی ٢٠٢٢بۆ ئیمراڵی بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێتەوە.

* بارودۆخی ئیمراڵی لە کۆتا سەردانی ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢دا تاکو ئیستا ڕوون نیە و هەتابێت قورستردەبێتەوە. پێویستە سەردانی ئیمراڵی بکرێت.

*با شەرت و مەرجەکانی ڕاگرتنی داواکارییەکان بە گوێرەی ڕوومەتی مرۆڤایەتی ئامادەبکرێن. پێویستە تەواوی مافەکانیان بە پەیوەندییەکانیان بەدەرەوە جێبەجێبکرێن.

*بۆ ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە، مامەڵەی نامرۆڤانە و خراپ و نەهێشتنی دۆخی بێ پەوەندیگرتن، ڕێ و شوێنی پێویست بگیرێتەبەر و داخوازین ڕێکارەکان لە خاڵی ١٠/٢هەمینی پەیمانەکەدا دەسنیشانکراوە، بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.”

هاوبەشی :