نوسینەوەی مێژووی مێژوو

148
0
هاوبەشی :

نوسینی : عادل عوسمان ، ١٣ \ ٥ \ ٢٠٢٤

(لینكی بابەت لە كۆمێنتیش هەیە)

بۆچی نوسینەوەی مێژووی مێژوو؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە، کە بۆ ئەم سەردەمە باشترین وەڵام هەڵدەگرێت. کەم نین ئەوانەی لە بواری مێژوودا نوسیویانە و دەنوسن. ئەوەی بەلای منەوە گرنگە حەقیقەتی مێژوە. بۆیە دەڵێم مێژوو چیە؟ لەوانەیە ڕوانگەکان جیاوازبن بۆ پێناسەی مێژوو. بۆیە هەندێک بەگێڕانەوەی ڕووداو و دیاردە و بینین و شەڕەکان و ئاوەدانی و گەشەکردن و بەرهەمهێنانی دەزانن. هەندێکیش نوسینەوەی مێژوو دەدەنە پاڵ پاڵەوانەکان، یان دەسەڵات و بنەماڵە و هێزەکان. کەمێکیش دەیدەنە پاڵ هێزە هزری و پەیامبەریەکان. بەشێکی بچوکیش دەیدەنە پاڵ کۆمەڵگە.
بەڵام مێژوو هەموو ئەوانەیە و بەزیاتریشەوە. واتە مێژوو ڕەوتی ژیانی گەردونیە، کە هەبوونەکانی ناوی بە هەمەجۆریەوە لەو لێشاوەی ژیاندا دەجوڵێنێ. ووزە کە شێوازی پێناسەی ژیانی ئازادە لە گەردوندا، بوونە. کەواتە مادام ووزە بوونە و بونیش جوڵەیە کەواتە بونیش خاوەنی کات و شوێنە. بەو پێیە هەربونێک واتای ئەوەیە مێژووی هەیە. بۆیە مێژوو پەیوەندی بە سوڕی ژیانی هەبوونەکانی ناو گەردوونەوەیە. کەواتە ئەم مێژووەی ئێستە لەکوێی ئەم بوونە گەردونیەدا جێگە دەگرێت.
ئەگەر کۆمەڵگە وەک بەشێک لە بوونی گەردونی و پێشکەوتن و پاشکەوتنەکانی نەناسین، ناتوانین مێژوویی حەقیقەتیش بناسین کە هەر دیاردەیەک تیایدا بەشێکە لە مێژووی گەردونی و تێکهەڵکێشە لە گەڵیدا و بەرزو نزمیەکانی کاریگەری لە سوڕ و لێشاوی جوڵەی گەردونی دەکات و بەوە پراکتیکی کۆمەڵگە ـ مرۆڤ پەیوەند دەکاتەوە بە کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ژینگە و سوڕە بەردەوامەکانی ژیان چ وەک کۆمەڵگە، چ وەک ژینگە و گەردون. پێمان وا نەبێت، کە پراکتیکی مرۆڤ یان هەر بونەوەر، زیندەوەر و گژوگیایەک کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ئەو سوڕەی ژیانی گەردونی نەبێت. ڕاستینەی مێژوو ئەوەیە ئەو سوڕە گەردونیە بناسین و ڕۆڵی مرۆڤیش لەو خرۆشانە پڕ جوڵە و وزەیەدا بناسین. ئەو کات دەتوانین مێژوویەکی جوان بەگوێرەی ڕاستی و حەقیقەتی کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و گەردونی بناسین و بنوسین. بۆیە دەبێت ببینە ئەو مرۆڤە ژیر و هۆشمەندەی کە بە ڕۆڵە حەقیقیە گەردونیەکەی لە لێشاوی ژیانی ئازاددا هەستێت. لە دەروەی ئەوە دەبینە ئەو دڕندەیەی نەک بۆ گیانی یەکتری زەرەرمەند بین، بەڵکو بۆ ژینگە و سوڕە گەردونیەکەی جوڵەی تەنەکانیش زیانمەند بین.
لێرەوەیە کە کۆمەڵگە چینایەتیەکانی کە لەسەر قازانج ـ دەستبەسەردا گرتن دروستبوون، زیانیان لەو سوڕەی ژیانی کۆمەڵایەتی داوە و بوونەتە هێزی خراپکاری. بۆیە مێژوویش بەگوێرەی ئەو خراپکاریە نوسراوەتەوە و حەقیقەت ڕاستینەی مێژوو شاراوەیە، تابە ڕۆژی ئەمڕۆمان خراپترین شێوەی نوسینەوەی مێژوویی دەنوسرێتەوە. مێژووی ئەمڕۆ بەگوێرەی حەقیقەتی فرەیی ڕەنگە کۆمەڵایەتی ژینگەییەکان نانوسرێتەوە. کۆمەڵگەی چینایەتی بەگوێرەی سیستەمی باڵادەست ـ دەسەڵات ـ هێز مێژوو دەنوسێتەوە، بۆیە لە حەقیقەتی خۆی لای داوە. مێژوویەک بەگوێرەی نکوڵی کردن، بەرژەوەندی تایبەت و قازانج ـ هێز بنوسرێتەوە لە زهندا کەوتویی، لە کۆمەڵگەدا فاشیزم، لە ژینگەدا وێرانگەری بەرهەم دێنێت.
بۆیە ئەگەر نوسینەوەی مێژوو، باسی کۆمەڵگەی سروشتی نەکات، ژن تیایدا بەڕێوەبەر، دابەشکار و خاوەن ڕۆڵی بنیاتنەر نەبێت، مرۆڤ وەک هەربوونێکی تر بەراوردە و سەیرنەکرێت، ڕۆڵی هوشیارانەی لە لێشاوی جوڵەی گەردونیدا خزمەت نەکات. ئەوا ئەو مێژووە لاسەنگ و تەریک دەبێت. مێژووی ئەمڕۆ، مێژووی گێڕانەوەی دەسەڵاتی پیاو و ئەو لێدانە کۆمەڵایەتیەیە کە سیستەمی قازانج ـ دەسەڵات، بەناوی پیاو، ئایین، نەتەوەوە کردویەتیە زانستی نیشاندانی باڵادەستی ئەو پیاو سالاریە. بزانە لە مێژووی ئەمڕۆدا باسی ژن و ڕۆڵەکەی دەکرێت! ئەگەریش بکرێت، دەکرێتە ژنە ئاسنینەکە! واتە دڵ ڕەق و پیاو ڕەنگ. یان مێژوویەک بە گوێرەی نەتەوە و هێزی پیشەسازی و دەسەڵات و دەوڵەتەکەی دەنوسرێتەوە و بەناوی شارستانیەتەوە دەکەوێتە قەلاچۆی مرۆڤەکانی ڕەنگەکانی تر و نەتەوە و ئایینزاکانی تر و شارستانیەتە قازانجپەرستەکەشی دەکەوێتە داگیرکاری و هەڵکۆڵینی خاکی نیشتیمانەکان و دڕینی وورگی زەوی و تێکدانی ژینگەکەی بۆ کەرەستەی خاوی بەرهەمهێنانی ئابوریە قازانجپەرستەکەی. بۆیە مێژوویەکی لەم شێوەیە کە دەنوسرێتەوە، مێژووەیەکی خاڵیە لە حەقیقەتی ڕاستیە بوونە کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و گەردونیەکان. بەوە ئیکۆسیستەمی ژیانی گەردونی لاسەنگ و یەک بینانە دەبێت.
لێرەوەیە کە “مێژوەی مێژوو پێویستە بنوسرێتەوە”. بۆ ئەوەی مێژوویەکی ڕاست و حەقیقی بێت و لەدەرەوەی ئەخلاق نەبێت و بەگوێرەی بەرژەوەندی پیاوسالاری و لە ئێستەشدا بەگوێرەی پیرسالاری و کارتێلە ئابوریەکان نەنوسرێتەوە. دەبێت گەڕانەوە بۆ ناسینی حەقیقەتی ژیانی فرە ڕەنگ و فرە پێکهاتەیی بکەین کە مرۆڤیش لە ناو ژینگە و گیانەوەر و زیندەوەرانی تردا، بەگوێرەی مافی هاوسەنگی سوڕە ژیانە ئازادەکە دەوری هەبێت و ڕۆڵی ژن لە ئاواکردنی ژیانی ئازاددا ببینرێت و پیاویش بکرێتە ژنی ئازاد. واتە پیاویش لە زهنیەتی باڵادەستی ـ قازانج داماڵرێت و بەڕۆڵی خۆی وەک مرۆڤ و یەکێک لە بونەوەرەکانی کە بەشێکە لە بەردەوامی سوڕی ژیان بناسرێت و پاکبکرێتەوە لە زهنیەتی خۆ بەگەورە زانین و ڕاگری باڵانسی ژیان. لە ئێستەدا، پیاوان خاوەنی زهنیەتێکن کەوا نیشان دەدەن تەواوی کۆڵی ژیان و بەڕێوەبەریەکەی لەسەر شانی ئەوانە! ئەوە لە کاتێکدا ئەگەر قازانج ـ سود لە کارەکانیان دەربێنیت نەک شان نادەنە بەری، بەڵکو ژیان و سروشت بە چەکە کۆمەڵکوژ و ئەتۆمیەکانیان وێران دەکەن. بۆیە زانستیش کە خاوەنی مێژووی خۆیەتی، مێژوویەکی درۆینەی خوێناوی ساختەی بۆ نوسراوەتەوە بە ناوی ئەو شارستانیەتە بەربەری و خوێنڕێژەوە. کە هەموو شتێکی وێرانکەری و قازانجپەرستە، تەنیا زانست نەبێت. هەر زانستی پزیشکی بێننە بەرچاوتان سەیری نەخۆشکەوتنێکی خۆی بچوک بکە، نەخۆشیە گەورەکان ناڵێم، بزانە چارەسەریەکەی چەندە بە بازرگانی و سود کراوە.
بۆیە مێژوویەک ئەگەر لە ئاستی ناسینی مێژووی ژن و ڕۆڵی لە ئاواکردنی کۆمەڵگەبووندا نەبێت، ئەگەر بونە کۆمەڵایەتیەکان پێکەوە لەگەڵ ژینگەکەیدا وەک ووزەی ژیان نەبینێت و تەواوکەری یەکتر نەبن، ئەگەر مێژوویەک خراپکاریەکانی پیاو بە چاکە بناسێت و نکوڵی لە هەموان بکات، ئەوا ئەو مێژووە، مێژووی دەسەڵات، دەوڵەت، بازرگان، پیاو، قازانج، تێکدانی ژینگەیە و دورە لە دەسکەوتەکانی ژیانی مرۆڤی ئازاد. بۆیە مێژوو دەبێت لە ڕوانگەی ژنی ئازاد و حەقیقەتی گەردونیەوە بنوسرێتەوە، ئەوکاتە دەبێتە مێژووی ئەخلاقی ویژدانی کۆمەڵایەتی و دەبێتە ڕێ نیشاندەری ناسینی حەقیەت و ڕاستیەکان.

هاوبەشی :