کەژەکە شەهیدانی مانگی ئایاری بە بیرهێنایەوە

92
0
هاوبەشی :

کۆردیناسیۆنی کەژەکە بە راگەیەندراوێک ئەو تێکۆشەرانەی تێکۆشانی ئازادی کوردستانی بەبیرهێنایەوە کە لە مانگی ئایاردا شەهیدبوون.

کەژەکە لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، کە شەهیدانی مانگی ئایار وەک نمونەی قارەمانێتی چوونە ناو مێژووەوە و راشیگەیاند، ئەو ئەرکەی دەکەوێتە ئەسۆمان، بریتیە لەوەی کە ئێمە بە شێوازی تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ شەهیداندا بکەین و تێکۆشانی ئازادی بەهێز بکەین و پەرەی پێبدەین. رێبەر ئاپۆ بەو پەیمانەی بە شەهیدانی داوە دەستی بەو تێکۆشانەی خۆی کرد کە نزیکەی نیوسەدەیە بەردەوامە و هەموو کات لە سەر بنەمای ئەو بەڵێن و پەیمانە درێژەی بە هەنگاوەکانیدا. ئێمە داوا لە هەموو گەلەکەمان بەتایبەتی ژنان و گەنجان دەکەین، بۆ هێنانەدی ئاواتەکانی شەهیدان کە بریتیە لە ژیان لەگەڵ رێبەر ئاپۆ لە کوردستانی ئازاد، لە دژی فاشیزم و کۆلۆنیالیزمی قڕکەر لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێک پەرە بە تێکۆشان بدەن”.

راگەیەندراوەکەی کەژەکە بەمجۆرەیە: “بزوتنەوەی ئازادیمان کە هەموو مانگێک، هەموو رۆژێک و هەموو کاتژمێرێک بە قارەمانێتی گەورە مێژوو دەنوسێتەوە، مانگی ئایاری لە کەسایەتی حەقی قەراردا وەک مانگی شەهیدان و قارەمانان ناودێر کردووە. شەهیدان؛ ژیان، ئاوات، هیوا، ئیرادە و ئامانجەکانیان خستەڕوو، شەڕیان کرد و ژیان؛ بەڵام سەرباری هەموو ئەوانەش هەموو کات خۆیان بە قەرزاری گەلەکەیان زانی. هەر کامێکیان لە پێناو ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانەدا ئەو رێگەیان گرتەبەر و بە تێکۆشان و ژیانیان رێگەی تێکۆشانیان نەخشاند. ئێمە هێز و ئیرادەی تێکۆشانمان کە ماوەی ٥٠ ساڵ گەورە دەبێت، لەو هاوڕێ قارەمانانەمان وەرگرتووە. وەک رێبەر ئاپۆش وتویەتی ‘ تێکۆشانی ئێمە بە دەربڕینێکی دیکە تێکۆشانی شایستەبوونە بەرامبەر بە شەهیدان’. تێکۆشانی ئێمە پەرەدان بە تێکۆشانی ئەو هاوڕێ قارەمانانە کە بوونە ئەندامی راستەقینەی پارتەکەمان و تێکۆشانمان بۆئەوەی کە شایەن و شایستەی ئەوان بین.

٦ی ئایاری ١٩٧٢ لە زیندانی ماماک دەنیز گەزمیش، حسێن ئینان و یوسف ئاسلان لەبەردەم سێدارە وتیان ‘بژی یەکێتیی گەلانی کورد و تورک’. رێبەر ئاپۆ وەک وەڵامدانەوە بەو وتەیان و وەک پێویستی دڵسۆزی و وەفاداری بەو پێشەنگە شۆڕشگێڕانە، شێوازی تێکۆشانی راستەقینەی بەرەوپێش برد و سوێند و پەیمانی ‘بوون بەوەڵامدەری شەهیدان’ بۆ یەکەمجار لە کەسایەتی ئەو شۆڕشگێڕانەدا، راگەیاند. لەم رووەوە مانگی ئایار؛ مانگێکە کە گەلان پێکەوە لە دژی فاشیزم و دەسەڵاتدارانی پیاوسالار، پەرەیان بە تێکۆشاندا.

مانگی ئایار مانگی بەپارتیبوونە

لە ١٨ی ئایاری ١٩٧٧ تیرۆرکردنی هاوڕێمان حەقی قەرار کە رێبەر ئاپۆ وەک ‘رۆحی شاراوەی من’ پێناسەی کردبوو، بووە یەک لە ئاڵقەکانی دەستپێکردنی ئەم زنجیرەی کە مانگی ئایاری کردە مانگی شەهیدان. وەک پێویستی وەفاداری بە هاوڕێ حەقی کە یەکەم شەهیدمان بوو و بنەماکانی تێکۆشانی بزوتنەوەی ئازادیمانی هێنایە کایەوە، رێبەر ئاپۆ بڕیاری دامەزراندنی پارتەکەمانیدا و رایگەیاند کە وەک پەکەکە درێژەدان بە رێگە دەبێتە باشترین وەڵام بۆ شەهید. لەم واتایەدا مانگی ئایار لە هەمان کاتدا بەلای ئێمە بە واتای مانگی بەپارتیبوون و هێڵە.

فەرهاد کورتای، ئەشرەف ئانیک، مەحمود زەنگین و نەجمی ئۆنەر کە ١٧ی ئایاری ١٩٨٢ لە دژی دەوڵەتی فاشیست کە لە زیندانی ئامەد بەهاکانی مرۆڤایەتی ئەشکەنجە دەکرد، ئاگریان لە جەستەیان بەردا، لە بەرامبەر ئەو کەسانە هەوڵیاندا ئاگرەکە بکوژێننەوە بە ئیرادەیەکی بەرزەوە وتیان ‘ئەوەی ئاو بە ئاگرەکەدا بکات ناپاک و خائینە، ئەم ئاگرە گەشتر بکەن”. هەر چوار قارەمانەکە، مانگی ئایاریان وەک مانگی ئیرادە لە مێژوودا نوسیەوە.

١٦ی ئایار دەوڵەتی تورک و پەدەکەی هاوکار و داردەستی بە هەڵکوتانە سەر لە هەولێر ٨٣ هاوڕێمان کە ٥٠ کەسیان کەم ئەندامبوون، لە ئۆپراسیۆنێکی ناپاکانەدا تیرۆریان کردن. هاوڕێیان هێڤیدار، هێلین، ئادار، ئاڤیان، شەڤین، پەیام، رۆزا، روکەن قەرەداغی، رەوشەن، خانزاد هەولێری، بەرخودان سلێمانی و بە دەیان هاوڕێمان لەو هێرشە خائینانەدا شەهیدبوون. ئەمرۆش وەک ٢٧ ساڵی رابردوو پەدەکە لە بەرامبەر گەنجانی کورد کە لە زاپ، مەتینا و خواکورک لە دژی داگیرکەری بە قارەمانی شەڕ دەکەن، دیسان لە ریزی خائیناندایە و وەک پەڵەیەکی رەش خۆی لە مێژوودا تۆما دەکات.

لەیلا قاسم قوتابی زانکۆی بەغدا بوو. دوای ئەوەی ڕژێمی بەعسی عێراق شارەکانی کوردستانی بۆردومان کرد و کوردێکی زۆری کوشت، لەیلا قاسم و کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو کۆمەڵکوژیانە خۆیان ئامادە دەکرد. بەڵام لە کاتی ئامادەکارییەکاندا بە دیلی دەکەوێتە دەستی دوژمن. وەک ژنێکی کورد باوەڕی وا بوو کە وڵاتی ئازاد لە هەموو شتێک شکۆمەندانەترە و بە هەستی وڵاتپارێزییەوە دڵی بۆ کوردستانێکی ئازاد لێدەدا. لە ١٣ی ئایاری ١٩٧٤ لەگەڵ ٤ هاوڕییەکەی، سەرەڕای ئەشکەنجەدانێکی قورس لەسێدارەدرا، بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری بەرخۆدانەکەی نەبوو و ناوی خۆی لە مێژوودا کوردستاندا تۆمار کرد و نەریتێکی گەورەی بەرخۆدانی ژنانی کوردی لەدوای خۆی بەجێهێشت.

هەروەها هۆزان مزگین لە ئەوروپاوە بۆ شاخەکانی کوردستان نیشانی دا، کە هونەر و شۆڕش گرێدراوی یەکن و بە دەنگی خۆی کوردستانی سەلماندی کە شۆڕش بەبێ هونەر و هونەر بەبێ شۆڕش سەرناکەوێت. ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی به باشی هەست پێکردبوو، هەندێک جار گۆرانی شۆڕشگێڕانەی دەگوت و له کاتی پێویستدا بە چەکەکەی، قارەمانێتیی بێوێنەی له مەیدانی تێکۆشاندا نیشان دەدا. وەک یەکەم ژنە فەرماندەی هەرێم لە تێکۆشانی ئێمەدا بۆ ئازادی ژنان ناوی خۆی بە پیتی زێڕین لە مێژووی تێکۆشاندا نووسی و لە ١١ی ئایاری ١٩٩٢دا تا کۆتایی دژی سیاسەتی دوژمنکارانە بەرخۆدانی کرد و تەسلیمیەتی قبووڵ نەکرد و بە تەقاندنەوەی بۆمبێک بەخۆیدا شەهید دەبێت و مانگی ئایاری وەک مانگی فیدایەتی ڕاگەیاند.

لە ڕۆژهەڵات، هەڤاڵ شیرین عەلەمهۆلی دژی ڕژیمی کۆنەپەرەستی ئێران، کە دوژمنی ژنان و گەلی کوردە، لە تێکۆشان بۆ ئازادیی ژنان تەسلیمیەت ڕەتدەکاتەوە و سەرەڕای ئەشکەنجەدانێکی قورس، دەستبەرداری دۆزی ڕەوای گەلەکەی نەبوو و لە پێناو ئازادی ژنان، تا کۆتایی بەرخۆدانی کرد، نووسینی؛ ژن، ژیان، ئازادی کە شیرین عەلەمهۆلی لەسەر دیوارەکانی زیندان نووسیویەتی، بووەتە دروشمی سەرەکی بۆ هەموو ژنانی ئازادیخواز و توانی ئەم دروشمە پیرۆزە لە هەموو جیهاندا بڵاو بکاتەوە. شیرین عەلەمهۆلی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکێڵی لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ بە تۆمەتی ئەندامیەتی پەژاک و ئەنجامدانی چالاکیی چەکداری لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دران. هەڤاڵ شیرین عەلەمهۆلی دژ بە سیستەمی کۆنەپەرەستی ئێران تێکۆشانێکی گەورەی نیشان دا و لە مێژووی ئازادیی ئێمەی ژنان کە بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆوە دەستی پێکردووە، وەک یەکەم ژنی لە سێدارە دراو دەناسرێت.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە قاسم ئەنگین کە بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بە تەواوی خۆی ڕاهێناو و لە هەموو تێکۆشانەکانیدا بە دڵ و گیان ئەرکی نواندووە، لە فەرماندەیی گەریلاوە تا دەگاتە خەباتی کولتووری و هونەر و میدیایی، لە ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٠، لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، چووە ناو کاروانی شەهیدانەوە، بوو بە یەکێک لەو هەڤاڵانەی کە مانگی ئایاریان کردە مانگی شەهیدان. مانگی ئایار مانگێکە لە ئیبراهیم کایپاکایایەوە تا خەلیل چاڤگون، لە ئایتەن باگۆکەوە تا محەمەد قەرەسونگور، کە لە بڵاوکردنەوەی تێکۆشانی گەریلا بەسەرانسەری کوردستاندا گەڕاوە، و تا عایشە دەنیز، کە لە بەرخۆدانی گەزی لە ڕەققە لە شەڕی دژی داعش شەهید دەبێت و سەدان هەڤاڵی بەنرخی تر کە ناویانمان نەهێناوە، بۆتە مانگی شەهیدان.

ئەمڕۆ هەڤاڵانمان کە لە زاپ و ئاڤاشین، مەتینا و خاکورک، بەرامبەر داگیرکەران و شەریکەکانیان پاشەکشە ناکەن و ئاگر لە پێگەکانی دوژمن و دڵی ئەنقەرە بەردەدەن، شەڕ دەکەن و داستان دەنووسنەوە شوێنکەوتووی ڕێبازی شەهیدانی مانگی ئایارن.

لەبەرامبەر شەهیدبوونی ئەو هەڤاڵانە کە مانگی ئایاریان بە مانگی شەهیدان و قارەمانان لە مێژووی گەلەکەماندا بە فەداکارییەوە ناساند، سەری ڕێز و حورمەتمان دادەنێین و بەڵێنی نیشتمانێکی ئازاد و ژیانێکی پڕ لە شکۆمەندی کە بەم هەڤاڵانەمان بەخشیوە دووبارە دەکەینەوە. شەهیدانی مانگی ئایار(گوڵان) وەک نموونەی قارەمانێتی لە مێژووی تێکۆشانماندا بە شێوازی تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ بەبنەما دەگرین و بۆ مەزنترکردنی تێکۆشانی ئازادی پەرەی پێدەدەین. ڕێبەر ئاپۆ زیاتر لە ٥٠ ساڵە تێکۆشانی خۆی بەو بەڵێنەی کە بە شەهیدانی دابوو دەستی پێکرد و بەردەوام بەو بەڵێنەوە درێژەی بە تێکۆشان داوە. لە پێناو بەدیهێنانی ئارمانجی شەهیدان بۆ پێکەوەژیان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە کوردستانێکی ئازاددا، داوا لە هەموو گەلەکەمان بەتایبەتی ژنان و گەنجان دەکەین، لەدژی فاشیزم و داگیرکاری، چالاکییەکان لە هەموو شوێنێک مەزنتر بکەنەوە.

هاوبەشی :