تەڤگەری ئازادیی راگەیاندراوێکی لەبارەی یەکی ئایارەوە بڵاوکردەوە

96
0
هاوبەشی :

یەکی ١ی ئایار رۆژی جیھانیی کرێکاران و چەوساوەکانی جیھان پیرۆز بێت

رۆژی یەکی گوڵان، بەرھەمی رەنج و خەباتی ھاوبەشی کرێکاران و تێکۆشەرانی رێی ئازادیی و یەکسانییە لەسەرتاسەری جیھان، لە دژی سیستمی چەوسێنەری سەرمایەداریی. ئەم رۆژە جیھانییە بۆ گەلی کورد و شۆڕشە ئازادییخوازەکەی خاوەن واتایەکی مێژووییە، گەلی کورد قوربانییەکی ئەو سیستمە چەوسێنەر و دەسەڵاتدارییەی جیھانە، لە رۆژی ئەمڕۆشدا ئەو سیستمە کە ھەموو شتێکی سەر زەوی و ژێر زەوی خستووەتە خزمەت بەرژەوەندییە قازانج پەرستییەکەی، سڵ لە ھیچ کردەیەک ناکاتەوە. هەر بۆ ئەوەش داگیرکاریی و شەڕ و کاولکاریی و ناکۆکیی نێوان گەلان قوڵتردەکاتەوە، ئەمەیش بۆ ئەوەی سەروەت و سامانی گەلان تاڵان بکات.

سەرمایەداریی، پایەکانی خۆی لەسەر زھنیەتی دەسەڵاتخوازیی، پیاوسالاریی، قازانج پەرستیی و زەوتکردنی رەنجی گەل و سەرکوتکردنی ژنان بنیات ناوە.

دەوڵەت – نەتەوە داگیرکەر و چەوسێنەرەکانی رۆژ ھەڵاتی ناوەڕاست، پایەی سیستەمی سەرمایەداریین. ئیلھام لەو زھنیەتە پاوانخواز و ھۆمۆژەنە وەردەگرن کە بەئاگر و ئاسن، بەچەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغە کراو، ھێرشدەکەنە سەرگەلی کورد و بزوتنەوە ئازادییخوازەکەی.

نەھامەتییە کانی شەڕ و کۆچبەریی، ھەژاریی و بێکاریی، لە کوردستان و گشتیی ناوچەکە دیاریی ئەو زھنیەتە داگیرکەر ئەو سیستەمە پاوانخوازەیە.

لە کاتێکدا پێشوازیی لەو رۆژە واتادارەی کرێکاران و رەنجدەرانی ئازادییخواز دەکەین، گەلی کورد و بزوتنەوە ئازادیی بەخشەکەی، لەبەرامبەر ئەو سیستەم و زھنیەتە پێشەنگایەتیی تێکۆشانێکی ھەمەلایەنە دەکات، لەئاستی فیکریی و سیستەم و بەرگریی رەوادا، لەبەر خۆدانییەکی مەزن و مێژووییدا، جێگەی گرتووە بۆ پارێزگاریی لە ماف و ئازادییەکان و بەھاکانی کۆمەڵگە و جیھانێکی باشتر و ژیاننێکی ئازاد، ئەمەیش بۆ گەلی کورد و تەواوی گەلانی بندەست. هەر بۆیە یەکی ئایار بۆ ئێمەی کورد واتای تێکۆشان و باوەڕبوونە بەسەرکەوتن.

با لەیەکی ئایاردا، گۆڕەپانی تێکۆشان گەورەتر و بەجۆشتر بکەین، لە دژی نادادیی و پیاوسالاریی و ھەڵاواردنی رەگەزیی وھەژاری و بێکاریی کە سیما و تایبەتمەندیی دەوڵەتانی داگیرکەر و فاشیزمن.

بژی یەکی ئایار رۆژی خەبات و تێکۆشانی ھاو بەشی کرێکاران و چەوساوەکانی جیھان.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان – دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی

١ی ئایار ٢٠٢٤

هاوبەشی :