لە ئامەد گەل و هاوسەرۆکانی شارەوانی چوونە نێو شارەوانییەوە

72
0
هاوبەشی :

Screenshot

هاوسەرۆکانی شارەوانی شاری مەزنی ئامەد مەرسومی خۆیان وەرگرت و لەگەڵ هەزاران کەس چوونە نێو شارەوانییەوە، هاوسەرۆکانی شارەوانی سڵاویان لە سەرکەوتنی گەل کرد.

هاوسەرۆکانی شارەوانی شاری مەزنی ئامەد دۆغان هاتون و سەرا بوجاک و هاوسەرۆکانی شارەوانی ناوچەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) نیوەڕۆ لەگەڵ پارتەکان چوونە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ئامەد و لەوێ مەرسومی خۆیان وەرگرت.

هاوسەرۆکانی شارەوانی شاری مەزنی ئامەد دۆغان هاتون و سەرا بوجاک هاوشان لەگەڵ بەشێک لە هاوسەرۆکانی شارەوانی ناوچەکان مەرسومەکانیان وەرگرت، دایکانی ئاشتی و چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازادی و وتەبێژی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو ئامادەبوون.

پاش وێنەگرتن لەبەردەم کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ئامەد، چوونە گۆڕەپانی شێخ سەعید، هەزاران کەس بە چەپڵەوە پێشوازیان لە هاوسەرۆکانی شارەوانی ئامەد کرد، بە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” ڕێپێوانیان کرد.

هاوسەرۆکان و گەل بە چەپڵەوە هاتنە بەردەم شارەوانی، لەبەردەم بینای شارەوانی پانکارتی “لێرەدا قەیومیەتی خەیاڵی شاراوەتەوە” هەڵواسرا.

لە بینای شارەوانی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی بەسترا، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئامەد، پنار ساکیک تەکین ڕایگەیاند لە هەلومەرجی نایەکسان و نادیموکراتیک سەرکەوتن، بەرامبەر ئەو کەسانە سەرکەوتن کە نکۆڵی لە هەبوونی کورد دەکەن، گوتی: “نەوەک هەر گەلی کورد، هەموو گەلان براوە بوون”.

ساکیک مەرسومەکەی کردە دیاری گەلی کورد و دایکان و گەلانی تورکیا و ئەو کەسانەی لە تێکۆشانی ئازادی شەهیدبوون، هیوای خواست مەرسومەکە ببێتە مایەی ئاشتی و دیموکراسی و ئازادی.

پاشان هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد، سەرا بوجاک بیری خستەوە چۆن ساڵی ٢٠١٦ گوڵتان کشاناک و فورات ئانلی دەستگیرکران، هەروەها ساڵی ٢٠١٩ سەلجوق میزراکلی و هولیا ئالۆکمەن پاش وەرگرتنی مەرسومەکەیان دەستگیرکران، قەیوم لە جێگەیان دانرا، گوتی: “تێکۆشانی ئەم گەلە کۆتایی نایەت”.

بوجاک ڕایگەیاند، هەرچەند دەزانرا مەرسومەکەمان وەردەگرین، بەڵام قەیوم ئەمڕۆ کۆبوونەوەی مەجلیسی مانگی نیسانی ئەنجامداوە، دووپاتی کردەوە بێگومان لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت، بەڵێنیدا شارەکە لەگەڵ گەلی ئامەد بەڕێوەدەبەن و گوتی: “لە ٥ ساڵی داهاتوو، ئەم شارەوانییە دەبێتە شارەوانی گەل، دەرگای شارەوانیەکەمان هەردەم بەکراوەیی دەمێنێتەوە”.

هەروەها هاوسەرۆک دۆغان هاتون ڕایگەیاند قەرزاری ڕەنجی گەلن و درێژە بە کاروخەباتی هاوسەرۆکانی پێشوو دەدەن، گوتی: “ئەمڕۆ دەست پێ دەکەین و ٥ ساڵ خزمەت دەکەین، نەوەک ئەوانەی دەنگیان بە ئێمە داوە، خزمەت بە ٢ ملیۆن هاوڵاتی شارەکە دەکەین. بەڵێن دەدەین، تەواوی ٢ ملیۆن هاوڵاتییەکە گەلی ئێمەن، لە گەلەکەمان پیرۆز بێت”.

هاوبەشی :