تەڤگەری ئازادیی لەبارەی سەرکەوتنەکانی دەم پارتی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

70
0
هاوبەشی :

سەرکەوتنی گەلی کورد لە باکور پیرۆزبێت

پیرۆزبێت سەرکەوتنی ئیرادەی ئاشتییخوازیی و دیموکراتی گەلەکەمان، لەباکوری کوردستان. بەگەرمیی پیرۆزبایی سەرکەوتنی دەم پارتی لەھەڵبژاردنی ٣١ ئادار، لە باکوری کوردستان و تورکیا لە تەواوی گەلی بەرخۆدێر و بەربژێرانی سەرکەوتوو ماندونەناسانی ئەو پرۆسە دیموکراتییە دەکەین.

هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، لە ٣١/٣/٢٠٢٤ بە سەركەوتنی بەرەی ئازادیی گەلی كورد و بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا، ئەنجامگیر بوو. ھەروەھا شكستی بەرەی فاشیزمی توركیا ئاکەپە و مەھەپە، گۆڕانكارییەكی مێژوویی بوو لە مێژوی دەوڵەتی توركیا دا کە بۆ ماوەی ٢٢ ساڵە پارتی داد و گەشەپێدان، كونترۆڵی زۆربەی زۆری شارەوانییەكانی توركیای كردووە. لە كوردستانیش بە فشار، هەڕەشە، تیرۆر و گرتن و فێڵبازیی و دانانی قەیووم لەجێی نوێنەرانی ھەڵبژێردراوی گەل، دەیویست كۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی شارە کوردییەکان بکات و ئیرادەی گەل بشکێنێت، بەڵام گەلی کورد، ئەو سیاسەتە نادیموکراتی و ستەمکارییەی لەو ھەڵبژاردنەدا بەتوندی رەتکردەوە و شکستی پێھێنا.

ئەم سەرکەوتنەی دەم پارتی، کە خۆی لەبەرەی ئازادیی و دیموکراتی گەلدا بەرجەستە کردبوو، وەڵامێک بوو بۆ دەسەڵاتی فایشست و رەشەکوژی ئاکەپە و مەھەپە کە دەساڵە بە ئاگر و ئاسن و گرتن و تیرۆر، ھەوڵیان ئەدا ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن. لە سیاسەت و بەڕێوەبردن دوری بخەنەوە. جارێکی دی گەلی کورد لە باکوری کوردستان و تورکیا، نیشانی دۆست و دوژمنی دا، ھیچ ھێزێک ناتوانێت لە ئازادیی و و رێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری ئاشتییانە دایببڕێت. ئەوەش سەرکەوتن و بەرھەمی ئەم هێز و ئیرادەیەی گەل و رێبەری گەلی کوردە لە ئیمراڵی.

ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە بۆ گەلی كورد و توركیا، تەنها دەسكەوتێكی خزمەتگوزاریی و بەڕێوەبەرایەتیی نییە، بەڵكو سەركەوتنێكی گەورەی سیاسییە كە بووە هۆی شكاندنی رۆحی نەتەپەرستیی و فاشیزم.

لەو ھەڵبژاردنەدا، کورد بۆ یەکەم جار شاری ستراتیژیی وەک دەرسیم و ئیخدیری بەدەستھێنا، ئەوە جگە لە ١١ پارێزگای باکوری کوردستان کە بۆ دەسەڵاتی ئێستای تورکیا شکستێکی کەمەرشکێنە! واتای گۆڕانێکی گەورەی نەخشەی سیاسییە لە تورکیا، بەو پێیەی ھاوپەیمانیی دەسەڵات(ئەکەپە مەھەپە) نیوەی شارەگەورەکانی لەدەستداوە بە ئەستەمبوڵ و ئەنقەرەو ئیزمیرەوە.

لە راستییدا ئەم سەرکەوتنەی گەلی کورد، تەواوکەری تێکۆشانی گەریلا و خەباتی ھاوبەشی گەل و ئازادییخوازانە بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ. دەپستپێک و ھەنگاوێکی گەورە دەبێت بۆ سەرکەوتنی بزوتنەوەی ئازادییخوازیی گەلی کورد، لەم قۆناغەدا.

دەبێت گەلەکەمان لە باشوری کوردستان، لەم سەرکەوتنە ئەزمون و ھێز وەربگرێت. باوەڕی بە ئیرادە و ھیزی خۆی ھەبێت بۆ سەرکەوتن بەسەر داگیرکاریی و دەسەڵاتدارانی وابەسەتە و بەرژەوەندییخواز، ئەگەر گەل یەک بێت و خۆی بەرێکخستن بکات، گومانی تێدا نابێت سەرکەوتن مسۆگەر دەبێت.

بە بۆنەی ئەم سەرکەوتن پڕجۆش وخرۆشەوە! بەناوی هەموو ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان، پیرۆزبایی لەبەربژێرە سەرکەوتووەکان و گەلە تێكۆشەر و كۆڵنەدەر و سەربەرزەكەمان لە باکوری کوردستان و تەواوی گەلانی تورکیا دەکەین.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ـ دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی

هاوبەشی :