ڕۆشنبیری و ڕۆڵی لە نەتەوەی دیموکراتدا

95
0
هاوبەشی :

 

نوسینی: عادل عوسمان

کایەی ڕۆشنبیری گۆڕەپانێکی گرنگە و هەمیشە هێزەکانی دەسەڵات و دەوڵەت نەتەوە، هەوڵی ئەوەیانداوە کە لە کۆمەڵگە و هوشیاری گشتی و کلتوری کۆمەڵایەتی دایبڕن و بیکەنە پیشە و لەناویشیدا، توێژێک. لە کاتێکدا ڕۆشنبیری بەرهەمی ئەزمونی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگە و هوشیاریەتی بە ژیانی پێکەوەیی و هەرەوزی و هاوبەشی لەبە ئەزموونکردنی وەک هوشیاری کۆمەڵایەتی. بەڵام سیستەمی دەوڵەت نەتەوە دایدەبڕێت لە کۆمەڵگە و ڕەنجە کەڵەکەبووە زهنیەکانی کۆمەڵگە، کە بە ئاستی هوشیاریەکی بە کۆمەڵ گەیشتوە. دەوڵەت نەتەوە و هێزەکانی گرێدراوی هوشیاری پارچە دەکەن و هەربەشێکی لە ژێر ناوی زانست، فەلسەفە، ڕۆشنبیر، نوسەر، ڕاگەیاندن، هونەر، سینەما و کەسێتیە تایبەتەکانی بوارەکاندا پارچە دەکات. ئەوانە دەکاتە کەسێتی پڕۆفیشناڵی بوارەکانی و ڕۆشنبیری لە بوارەکانی نوسین و ڕاگەیاندندا قەتیس دەکات. باقی بوارەکانی تری ڕۆشنبیری لەژێرناویتردا بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی ئاراستە دەکات. لەکاتێکدا ئەگەر نمونەی پزیشکی وەربگرین، ئەزموونی هەزاران ساڵەی بەکارهێنانی گژوگیایە لەلایەن ژنەوە و بە ئاستی ناسین و هوشیاری چۆنیەتی چارەسەری نەخۆشیە جەستەیی و دەرونیەکان گەیشتوە. سەرەڕای ئەوەی پزیشکی دەکاتە زانستێکی دابڕا و لەژێردەستی ژنیش دەریدێنێت و دەیکاتە بواری زانستی پیاو و بە پیشەسازی دەکات و دەیکاتە بوارێکی هەرەگرنگی قازانج. بۆیە ڕۆشنبیری بواری پەروەردەی ئەزمونی کۆمەڵگەیە نەک تەنیا بوارێکی دابڕاو لە کۆمەڵگە و ژیانی گشتی و ژینگە.
ڕۆشنبیریەکی دابڕاو لە کێشە کۆمەڵایەتیەکان، بەتایبەت لەسەردەمێکدا کە ژیان هەمووی بوە بەکێشە لەلایەن سیستەمی دەسەڵاتەوە، ناتوانێت وەڵامی کێشەکان بداتەوە. بۆیە لەسەر ئاستی کەسایەتیش پەرە بە کەسایەتیەکی نامۆو دابڕاو و دەستبەسەرداگیراو دەدات. کەسێتیەک، لەبری ئەوەی کێشەکۆمەڵایەتیەکان ووروژێنەری بێت، بەرژەوەندیە کەسیەکان دەیجوڵێنێت. لەبەرئەوە هوشیاریەکەشی دەبێتە، هوشیاری بەرژەوەندیەکانی خۆی و ئەو ناوەندانەی ئاراستەی دەکەن. چۆن؟ ئەمڕۆ هەرێم، باشترین نمونەی تێگەیشتنە لەو ڕۆشنبیریە دەسکردە، کە بوارەکانی ڕۆشنبیری هەم قۆرخکراوە، هەم لەلایەن هێزەکانی دەسەڵاتەوە ئاراستە دەکرێت و دەبێت بەگوێرەی ئەوان بنوسرێت. دەزگاکانی ڕاگەیاندن، لە بیسراوو بینراو، بەگوێرەی ڕۆژەڤی دەسەڵات ـ هێزـ بنەماڵە ڕێکخراون. هەر نوسەر و ڕۆشنبیرێک بە گوێرەی هەر دەسەڵاتێک و پێویستی بە ڕۆژەڤ بونەکانی دەنوسێت. وەک دەغیلەی پارەیان لێهاتوە. پارەیان تێدەکەن، دەیانکەنە بەڕێوەبەر، سەرنووسەر، خانوو ڤێلایان دەدەنێ، گەشتی ڕابواردن و مەترۆپۆڵەکانیان بۆ ڕێکدەخەن و پێ دەکەن و مووچەی باشیان دەدەنێ و پێشیان دەڵێن؛ دەبنوسین. بەڵام چی دەنوسن، گوایە ڕۆشنبیرن! ئەو کێشە دروستکراوانەی کە دەکرێنە ڕۆژەڤ. دەبێت لەو چوارچێوەیەدا بنوسن کە ئەمڕۆ کراوەتە کێشە.
کێشە دروستکراوەکان، ملکەچی بۆ دەسەڵات، کێشەی هەرێم و ناوەندی فیدراڵ واتە بەغداد، مووچە، ئابوری سەربەخۆ، ڕەشکردنی هەموان بۆ بەرژەوەندی بەشێک، بێ دەربەستی بەرامبەر هەژاری و برسێتی، زۆری باج و سەرانە، چاوپۆشی لەداگیرکاری و کەوتنە خزمەتی فرۆشتنی خاک و نیشتیمان و لێدان لە ووڵاتپارێزی. ئەوانە هەمووی لە چوارچێوەی سیستەمی داگیرکاری دەسەڵات و خۆ گرێدان بە هێزە دەرەکیەکانەوە پەرەی پێدەدرێت. نوسەری ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە خۆئ بەو ڕۆژەڤە دەسکردانەوە دەوڵەمەند دەکات و وەک خۆیان دەڵێن؛ لەو سفرەیە نان دەخۆن! ئەوەش بە گوێرەی خۆی کەسێتی ئۆپۆرتۆنیست، خۆفرۆش، بەکرێگیراو و کۆیلە بەرهەمدێنێت. ئەوانەی کە بە مووچە کاردەکەن و موچەکانیان چەندهەزار دۆلاریە لە خزمەتی ئەو دەسەڵاتداریە کۆیلەییەدا کاردەکەن، نەک کێشە حەقیقیەکانی کۆمەڵگە. ئەگینا کێشە حەقیقیەکانی کۆمەڵگە پێویستی بە خۆفرۆشی ڕۆشنبیری بەگوێرەی ئەوان نیە.
بۆیە دەکرێت پرسیارێک لە هۆکاری نیگەرانیەکانی بەناو ڕۆشنبیرەکانی باشور بکەین، کاتێک دەڵێن؛ ئێمە هەرچی دەڵێین خەڵک لێمان وەرناگرن و هەندێکیان هەر بەرەوشێتی دەچن، ئایا هۆکاری ئەو نامۆیی و قبوڵ نەکردنە لەلایەن کۆمەڵگەوە چیە؟ وەڵامی پرسیارێکی لەم شێوەیە پێویستی بە شرۆڤەی کایەی ڕۆشنبیری و کەسایەتیەکانی هەیە.
ئەو ڕۆشنبیرانەی ئەمڕۆ دوو هۆکار هەیە، کە قبوڵ ناکرێن:
یەکەم؛ ئەوانە ڕۆشنبیری کایەکانی ئۆریانتاڵگزمن.
دووەمیان؛ ئەوانە خۆیان بە پوڵ ـ خۆشگوزەرانی فرۆشتوە و گۆڕیوەتەوە و لەگەڵ دەسەڵات ـ داگیرکاری بونەتە یەک و لە خەمەکانی کۆمەڵگە دابڕاون.
بێگومان لێرەوە دەکرێت بزانین بۆچی هێندە نامۆن بە کۆمەڵگەکانیان، لەبەرئەوەی لە قوتابخانە فەرمیەکانی فەلسەفە و خوێندن و زانکۆکانی خۆرئاواوە فێری نوسین و خوێندەواری بوون. بۆیە ئەوەی دەیڵێن، کێشەکانی هەژمونیەتی سیستەمی سەرمایەی گڵۆباڵە و پەیوەندی بە کێشە زهنی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریەکانی کۆمەڵگەی کوردی و کوردستانی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە نیە.

هاوبەشی :