ئابووری وەك چەكێكی كاریگەر

573
0
هاوبەشی :

 

نوسینی:- ئیسماعیل سەلام ـ نەرویج ١٠ی ٨ی ٢٠٢١

((ڕۆژێک کە لە ڕیستۆرانت هاتمە دەر، “فـــەردیـنــانـد مــیـش” چاوەڕێی دەکردم. یەکترمان ماچ کرد و لە قاوەخانە دانیشتین. “فەردیناند میش، لاوێکی خەلکی لۆکسمبۆرگ بوو، زۆر عاشقە کورد و کوردی بوو. چەند جارێک لە شۆڕش دیبووم. کرمانجی وەها دەگووت، کەس نەیدەزانی کورد نیە. تەنانەت جارێک گوتی ئێوە کە پێشمەرگەم رەگەڵ دەخەن، هیچ خزمەتم ناکەن و جوابم نادەنەوە. چونکە لایان وایە ئەمنیش کوردێکم وەک ئەوان.
ئەو لاوە چووبووە کوردستانی تورکیە، جەندەرمە گرتبوویان، بردبوویان لە زیندانی “وان”دا حەبسیان کردبوو. کوردی زیندانیان لێ فێرکردبوو، کە ئەوە کافرە، لێێدەن خــێـرە. کوردەکان زۆریان لێدابوو، پشتیان شکاندبوو. بەختی ئەو، زیندانیەکانی کورد دوو دەستەی دژ بەیەکن. دەستەکەی تر لە ڕقی ئەوانە لەسەریان کردۆتەوە و پاراستوویانە. لەسەر چی گیراوە؟! چونکە چەند کتێبێکی کوردی لێ گیراوە.
لە پاشان کە زانیوویە کەس بەدەنگیەوە نایا، نامەیەکی بە ئینگلیسی لە ئاستانداری “وان” نوسیووە: ئێوە منتان گرتووە، نازانن من کێم، شەرت بێ وا بکەم دەوڵەتی گەورەی من بەزمی سەگتان پێ بکا!
دەیگووت، وا دیار بوو، ئەستاندار نەیدەزانی لۆکسمبۆرگ لە دەوڵەتە گەورەکان نیە و نفووسی بە حاڵ دەگاتە چوارسەت هەزار. ترسا و عوزری لێ خواستم و بەریاندام.

هاتمەوە لۆکسمبۆرگ. شکایەتم لای وەزیزری دەرەوە کرد. وەزیرەکەمان “بەڕازەکەمەزنە”، گوتی تۆ کێشەمان بۆ ساز دەکەی. ساڵی بای نیو ملیۆن دۆلار سەودا و مامەڵەمان لەگەڵ تورک هەیە!
کەنگێ ئەو کوردەی تۆ دەڵێی مەزڵومن توانیان ساڵێ بای شەشــسەت هەزار دۆلار مامەڵەمان لەگەڵ بکەن دەڵێم هەقتە و لەسەرت وەجەواب دێین!))

هەژار موکوریانی ـ چێشتی مجێور.
…………………………………………………………………………………………………….

ئەوی مەبەستی منە لەو گێڕانەوەیەدا، دوو خاڵە.
یەکەمیان، ئەوەیە کە هەر لە دێر زەمانەوە کورد بە ئاسانی و بەتایبەتی لەژێر کاریگەری “سۆز بۆ دین”، لەلایەن دوژمنی .. هاودینیەوە، فریوی خواردوە و دژ بە بەرژەوەندیەکانی خۆی وەستاوەتەوە!

ئەوەتا فەردیناند ناوێک، کە دۆستی کوردە و لەسەر کتێبی کوردی دەخرێتە بەندیخانەوە، زیندانیی کورد، بە قسەی دوژمنی سەرسەختی خۆی، لە دۆستی گەلەکەی خۆی دەدات. هۆکاری فریوخواردنیش ئەوەیە گوایە کابرا کافرە.

خاڵێکی دیکەی هەرە گرینگ لەو گێڕانەوە کورتەدا، ئەوەیە دەبینین کە “ئابوری” چەکێکی ئێجگار کاریگەرە و لە هەموو ململانێکاندا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی گێڕاوە. لەوێدا دیارە کە تورک کارتێکی بەهێزی هەیە ئەویش سەودا و مامەڵەیە لەگەڵ وڵاتی لۆکسمبۆرگدا، کە کورد کورد نەیبووە، ئەوەش وایکردووە کە دەوڵەتێکی ڕۆژئاوایی، کە هەمیشە بانگەشەی مافی مرۆڤ و دیموکراسیش لێدەدەن، چاوبـپـۆشێ لە “ســـتەمکـردن لە هاوڵاتی وڵاتەکەی خۆی، کە لەلایەن دەوڵەتە سەوداچیەکەوە لێیکراوە کە تورکیایە”.

هەر لەوێشدا وەزیری دەرەوە دەڵێت: ئەگەر کورد توانیان لە تورک زیاتر سەودا و مامەڵەمان لەگەڵدا بکەن، ئەوا لەسەرت وەجواب دێین!
……………………………………………………………………………………………………

بەڵێ، “ئابوری” هەمیشە چەکێکی بە کاریگەر بووە کە گەلی کوردی ئێمە، (چ لەسەر ئاستی دەسەڵات و چ لەسەر ئاستی خەڵک)، هیچ کاتێک دەستی بۆ نەبردووە. بۆنمونە، لەڕێگەی ســـەودا و مامـــەڵە نـــەکردن لەگەڵ ڕژێمە ستەمکارەکانیدا و فشار بخاتە سەر ئەو ڕژێمانە و پەلکێشی دەستبەرداربوون ستەمکاری و داگیرکاریان کات. “خۆ کورد لەدوای ڕاپەڕینەوە، تا ئاستێکی زۆر ئەو کارتەشی لەدەستدا بووە”.
بەدیوەکەی تریدا، کورد دەیتوانی سەودا و مامەڵەی ئابوری لەگەڵ یەکێک یان هەندێک ولاتی بەهێزی ڕۆژئاوا ڕێک بخات (دیارە ئەوەیان لەسەر ئاستی دەسەڵات دەکرێت)، تا هەر هیچ نەبێ بەرژەوەندی ئابووری وا لە وڵاتانی سەرمایەگوزار بکا، کە لەبەرخاتری پارێزگاری لە سەرمایەگوزاری و بەرژەوەندی خۆیان، پاریزگاری لە گەلی کوردیش بکەن!

لە ئەوڕۆدا، چەکی هەرە بەهێز “بایکۆتی کاڵای تورکیە”، کە بتوانێ وا لە ڕژێمێکی گەورەی وەک تورکیا بکات کە بە پلانەکانی خۆیدا بچێتەوە لەبەرامبەر گەلی کورددا!

تۆی تاکی دڵسۆزی خاک و وڵات، دەتوانی لە ماڵەکەی خۆتەوە، لە سەنگەری بەرگری لە خاک و وڵاتەکەتدا بی. دەتوانی بە نەکڕینی کاڵای دوژمنی بەخوێن تینووت، ملکێشی بکەی بۆ بەخۆداچوونەوە لە داگیرکاری، ستەم، بۆمباران و سوکایەتی بە شکۆ و کەرامەتت!

ئیسماعیل سەلام ـ نەرویج ١٠ی ٨ی ٢٠٢١

هاوبەشی :