شار و ڕۆڵی لە ژیانی کورددا

90
0
هاوبەشی :

 

شار و ڕۆڵی لە ژیانی
کورددا

نوسینی: عادل عوسمان

شارچیە و چ کاریگەریەکی لە ژیانی کورداندا، هەیە؟ ئەو پرسیارەی پێویستە وەڵام بدرێتەوە، لە ڕوانگەی ژیانی سروشتی کورد و ئەو هەژمونگەراییەی کە دەسەپێنرێت بەسەر کورداندا لە ڕێگەی شارستانیەت و لەقاڵبدانی بەناوی شارگەراییەوە. کوردان بۆچی کێشەیان لەگەڵ شار هەیە و دروستبوونی شار بە چ واتایەکە؟ ئەوە بۆخۆی وەڵامی ئەو دۆخە ناکۆکە دەداتەوە، کە کوردان لەگەڵ ژیانی شاردا هەیانە و نامۆیی دروستکردووە. شار واتە لە “ناواخنی خۆیدا بەکۆیلەبوون هەڵدەگرێت” کوردانیش، کەبەسروشت کۆیلەبوون و هەژمونگەرایی ڕەت دەکەنەوە و وەک کۆمەڵگەیەکی سروشتی گوند ـ کشتوکاڵی ژیاون و تەنانەت پەیوەندیە بازرگانیەکانیشیان لەسەر ئاستی بەروبومە کشتوکاڵی و باخەوانیەکانە،کێشە و ناکۆکیەکی قوڵیان لەگەڵ شار و هەژمونگەراییدا هەیە. کاتێک کوردان شارستانیەت قبوڵ ناکەن و لەگەڵ چەمکی شاری هەژمونیەتدا لە ناکۆکیدان! تاوانبار دەکرێن بە نامۆ و چیانشینی.
لە ڕاستیدا چیانشینی بونێکی گرنگ، مێژوویی و کلتوری لە کۆنەستی کورداندا هەیە. بەو واتایەی ڕۆحیەت و بوونی کورد هێشتا لە ژیان و کلتوری سرووشی چیایی گوندی دانەبڕاوە و دورنەکەوتوەتەوە. بۆیە بەو سروشتەیەوە، هەتا ئێستاش لەگەڵ شار و شارستانیەتدا لە کێشە و ناکۆکیدایە. تێگەیشتن لەم ڕەگە مێژوییەی کورد و ئەو بەرانبەرکێیەی لەگەڵ شار و شارستانیەتدا دەیکات. بۆخۆی دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە دوو سیستەمی سەرمایەداری و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دینامیکی ناکۆکی و کێشەکانی ئەخلاقیی گشتی کۆمەڵگەی کوردیە. بۆیە تا لەبوونی سروشتی و ژیانە کلتوریەکەی کوردان تێنەگەین، لەوەش تێناگەین، سەرەڕای ئەو هەموو فشار و گوشار و زۆرداریە، کوردان هەر لەگەڵ شار و چەمکی شارگەراییدا لە ناکۆکی و شەڕدایە. ئەگەر ملیشیان پێدابێت، ئەوا هەزاران پرتەوبۆڵەیان لەدژی هەیە!
کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی خاوی سروشتی ژیانێکی کلتوری ژینگەیی سادە و ساکارە. کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکی خاوەن ژینگەیەکی پێکەوەیی و هەرەوەزیە. کە تەوەری ژیانەکەی ژن ـ سروشتە. بۆیە ناتوانێت کۆمەڵگەیەکی تاوانکاری، قۆرخکاری داگیرکاربێت. کوردان لە ژینگەکەیاندا لەگەڵ دەوروبەردا بە سروشت و هێزە مرۆییە جیاوازەکانیەوە لە دۆخێکی تەبایی و یەکتر تەواو کردندا ژیاون. بەهۆی دەوڵەمەندی، فراوانی پانتایی نیشتیمان و جوگرافیاکەیەوە، وەک سروشتەکەی بەخشەر بوە. بۆیە دڵ نەواو نەرم ڕەوت بوە لەگەڵ ژیانی دەوروبەرەکەیدا. بەهۆی دڵ نەواییەکەیەوە، دەکرێت کوردان زیانیشیان بەرکەوتبێت، بەڵام پەشیمان نەبوون. (چاکە بکە و بیدە بەدەم ئاوەوە) بەرهەمی ئەو کلتورە پەشیمان نەبوەوەیە.
بەڵام گەشەکردنی ژمارەی دانیشتوان و ماڵی کردنی ئاژەڵ و دۆزینەوەی گەنم و فێربوونی چاندن وای لە کوردان کرد لە ژیانی ئەشکەوت و شاخەوە، هەنگاو بۆ گوند نشینی بنێن، بەوە ئاڵوگۆڕێکی جۆری بەهەزاران ساڵ لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕویدا، کە زهنیەتیش لەگەڵیدا کەوتە جووڵە و بەکارهێنانی سروشت و شتەکانی ژینگە و دەوروبەر. زاگرۆس لانکەی ئەم کۆمەڵگە سروشیە ژیاریەبوو. ژن ڕۆڵی گرنگی لە ماڵی کردن، نیشتەجێبوون و کشتوکاڵی بوون هەبوو. دەسکەوتەکانی ئەو قۆناغەی مرۆڤایەتی مۆری ژنی پێوەیە. بۆیە خواداوەندەکانی ئەو سەردەمەش، ژن بوون. لە گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی ئەو ژیانە و هێزی پیاو بۆدەسکەوت و قازانج، دەوڵەت شارەکان دروستبوون، کە مەیلی قازانج و پاراستن وای کرد شورا بەدەوری شارەکان بۆ پاراستنی قەڵەمڕەوەکان دروست بکەن. ڕێککەوتنی بازرگان، کاهین، سوپا، سەرچاوەی ئاواکردنی دەوڵەت شارەکانبوون. کە سیستەمێکی لەڕێ لادراوی شێرپەنجەی کۆمەڵایەتی بوو کە بەرهەمهێنەری دەسەڵاتدارەتی بوو.
گەشەکردنی دەوڵەت شارەکان بۆ ئیمپراتۆریەت و پاشایاتی و دەوڵەت نەتەوە، بوە هۆی کێشەیەکی گەورە بۆ کۆمەڵگەی سروشتی و خاک و زەویش. ناوەندی دەسەڵاتدارەتی کە لەسەر دزینی ڕەنج، داگیرکاری و دەستبەسەرداگرتن دامەزراوە، پێویستی بە سوپا و هێزهەبوو بۆ هێرشە داگیرکاریەکان. بۆیە سیستەمی هەژمونی کە بە “ئوروک، ئور، بابل، ئاشوور، پەرسەپۆلیس، ئەسینا و ڕۆما” دەستی پێکرد ئەو شارە مەترۆپۆڵ و هەژمونیانە بوون کە کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بەگوێرەی ئەو کۆمەڵگەیەش کوردان گەورەترین زیانیان لێکرد و تووشی بەریەککەوتن و ناکۆکی بوون لەگەڵیدا. بەهۆی ئەوەی سیستەمی هەژمونی لەسەر زۆرترین قازانج دامەزراوە، زۆرترین فشاری لەسەر خاکیش کرد بۆ بەرهەمهێنان، بەوە هەلومەرجی بە بیابان بوونی خاکی دروستکرد. ئەو هەموو وێرانەیەی بیابان بون هۆکارەکەی ئەو قازانج پەرستی و ئۆلیگارشیە قازانجپەرستەیە.
شار کە بۆخۆی سیستەمی هەژمونی دەسەڵاتە و مەترۆپۆڵی کۆکردنەوەی بە مێگەلبوون و کۆیلە کردنە. لەگەڵ ژیانی سروشتیدا لە ناکۆکیدایە. لاسایی کردنەوەی شارستانیەت و شارچیەتی بۆ کوردان بەڵایەکی قورس و نەخوازراو بوە. هەمیشە ویستویانە لە ڕێگەی فشار، هێز و داگیرکاریەوە بەشێوەی لاسایی کردنەوە، ژیانی شارچێتی بەسەر کورداندا بسەپێنن. تەنانەت (منەوەرە ڕۆشنبیرە)کانیش لەسەردەمەکانی سەد ساڵی ڕابردوودا، بە بینینی شارەکانی ئەستەمبوڵ، پاریس و لەندەن، پشکیان هەبووە لە هێنانی ئەو لاسایی کردنەوەیە لە هێنانی ژیانی شارچیەتیدا. بۆیە هەمیشە وەک تەنێکی نامۆ لە کۆمەڵگەی کوردیدا ژیاون. ئێستەشی لەگەڵ بێت ئەو سیاسی و ڕۆشنبیرانەی خۆیان بە ناوەندەکانی هەژمونیەتی خۆرئاواییەوە گرێداوە تەنێکی مامۆبوون و قبوڵکراونەبوون. لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی خاوەنی کلتورێکی سروشتی ژیاریە، قبوڵی کلتوری بێگانەی سەپێنراو، داگیرکار و لاساییکاری نەکردووەتەوە.
بۆیە کۆمەڵگەی کوردی وەک هەندێک دەڵێن “دواکەوتوو بەربەری” نیە، بەڵکو کۆمەڵگەیەکی سرووشتی مێژوویە. کە بە ئاستی لەدەستدانی خود نەگەیشتوەو ناشگات. بۆیە تاوانبار کردنی کورد و بەڕێوەبردنی چەمکی گشتاندن، ڕۆشنبیریەکی هەژمونگەرایی، داگیرکەری، خۆرئاواییە کە دەیەوێت، کۆمەڵگەی کوردی لە ناوەرۆکەکەی بەتاڵ بکاتەوە و ئەو ڕۆشنبیرەیشی ئەگەر لەسەر هەمان چەمک و ڕیتم بڕوات، جگە لە “حەماڵ و بەکرێگیراوەکانی سیستەمی داگیرکاری و هەژموونیەت” هیچی تر نین! بەتایبەت لە دۆخی کوردانداو و لە دۆخی باشوری کوردستاندا، پێویستە بە قوڵی تێگەیشتن لەسەر داگیرکاری و بەریەککەوتنەکانی گۆڕەپانە گەرم و جیاوازەکانی ئەو بەریەککەوتنە بکەین.
لە ئێستەدا کوردان بە ئاستی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکی تیئۆریزەکراو گەیشتوون، کە بە مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک بەناوێ دەکرێت. بۆیە شەڕەکانی ڕزگاری و ئازادی بە ئاستی بە سیستەم و دەزگابوون گەیشتوون و گۆڕەپان و مەیدانەکانی شەڕیش گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا هاتووە. لێرەوە پێویست بە هەستیاری دەربڕین، زمان و بەکارهێنانی دەستەواژە و چەمکەکان دەکات. بۆئەوەی نەبینە بەشێک لە سیستەمی شار ـ دەوڵەت نەتەوە و داگیرکاری پێویستە هەستیاری هزریمان بگەیەنینە ئاستی هوشیاری مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک. گرنگە کاتێک مرۆڤ قسەی هەبوو، بزانێت سەربەچ باگگراوند و دونیابینیەکە و خزمەت بە چ سیستەمێکی سیاسی کۆمەڵایەتی دەکات و بۆ کوێ ئاراستە و بۆ کێ ئەنجام دەگرێت. بۆیە تێگەیشتن لە شەڕی کورد لەدژی شار بەواتای سروشتی بوونی دێت. بۆیە گرنگە شار کە کوژەری گوند ـ کشتوکال ـ ژنە و هۆکاری شێرپەنجەو نەخۆشیە جەستەیی و کۆمەڵایەتیەکانە، ڕەخنە بکەین و چارەسەری بکەین. لەبری شاری شێرپەنجەیی، کە بەدەوری پیشەسازی، قازانج و بە کۆیلەکردندا دامەزراوە. پەرە بە شارە دیموکراتیک، هەرەوەزی و کۆمەڵایەتی و ڕەگەزیەکان بدەین کە لەگەڵ ژن، ژینگە و ژیاندا تەباو هاو ڕیتمی ژیانی گەردونی بێت.
کۆمەڵگەی کوردی بەئاستی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک ڕێکخستنی گەیشتوە، کە بەرگەکانی سیستەمی هەژمونی دەسەڵات ـ قازانج ـ داگیرکەر بە بەری ناکات و بۆخۆی خاوەنی سیستەمی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی دیموکراتیکە، کە شار لە ناویدا بەگوێرەی سیستەمە دەوڵەتیەکە ڕەت دەکاتەوە.. وەک چۆن ئۆجەلان دەڵێت “شۆڕشی پیشەسازی چارەسەری نییە، بەڵکو بووە بە کۆتایی شار و سەرەتای مردنی. لەگەڵ گەیشتن بە سەدەی نۆزدەهەم پیشەسازیگەرایی و بیرۆکراسی شارەکانی هەرەس ئاسا گەورە کرد، ئەو گەورەبوەنە بێ مانایەی لە شێوەی شێرپەنجە بەردەوام بوو تەواو بە کارەساتێک بۆ ژینگە ئەنجامگیربوو. بەمجۆرە شار تەنیا خۆی ناکوژێت، بەڵکو دەوروبەر و کۆمەڵگەی لادێ (واقیعی پانزدەهەزار ساڵەی مێژوو، هێزی بەرهەمهێنەر، سەرچاوەی کولتوری ماددی و مەعنەوی)ش لە ناودەبات و دەیکوژێت. ئەنجامیش پەلەقاژەو بێزاربوونی کۆمەڵگەیە لەناو کێشەکاند؛ شار دەبێتە ناوەندی بەرهەمهێنانی هەژاری و بێکاری گشتی. ڕۆژهەڵاتی ناوین یش کە پێشەنگایەتی شارستانیەتی لەدەستداوە شارەکانی بووە بە ناوەندی ناشار،؛ بووە بە ناوەندی مردنی شار، لەم سۆنگەیەوە؛ بووە بە ناوەندی مردنی سەرەکیترین ئامرازەکانی کۆمەڵایەتیبوون کە کۆمەڵگەیە.”
لێرەوەیە گۆڕەپانی باشوری کوردستان، پێویست دەکات لەشەڕی نێوان دوو دنیابینی سەرمایەداری و مۆدێڕنیتەی دیموکراتیکدا، خۆی بناسێت و پێناسە بکات، تا بتوانێت ببێتە خاوەن هوشیاری خۆجێی و جەنگاوەر بۆ شەڕە مەزنە وێرانگەریەکەی سەرمایەداری لە دژی کۆمەڵگەی سروشتی دیموکراتیک بەڕێوەی دەبات. بێگومان شار ڕۆڵێکی زۆر نەرێنی بینوە لە ژیانی کورددا، کە لەگەڵ خۆی نەک هەژاری بەڵکو زیندان و ئاوارەییشی لەگەڵ خۆی هێناوە. ئێستەش مەترۆپۆڵ و شارەگەورەکانی داگیرکەران و دنیا پڕن لە کوردانی ئاوارە و سەرهەڵگرتوو ڕاگوێزراو و دەربەدەر. ژیانی کورد لە ئاستی ژیانی گوند ـ کشتوکاڵ و مانیفاکتۆرەدا بووە، بۆیە بەرهەمهێنانیشی خۆژێن و گونجاوبووە لە گەڵ ژینگە و دەوروبەر و وەرزەکاندا. شۆڕشی پیشەسازی خۆرئاوایی بەگوێرەی قازانج و زۆرەتین دەسکەوت بوە بۆیە کوژەر و تێکدەری ژینگە و کۆمەڵگەبوون بوە. ئێ کوردانیش ئەو دۆخە خراپکاریەی شارستانیەتیان قبوڵ نەکردوە و لەدژی وەستاونەتەوە و پارێزگارییان لە بنەما ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی، کلتوری و ژینگەییەکانی خۆیان کردوە و بە ئاستی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکیان گەیاندوە کە بۆ سیستەمی ئاواکردنی پێکەوەژیانی گەلان و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک کراوەیە.
بۆیە سیستەمی شار، ئەو سیستەمەیە کە وەک یەکێک لە نوسەرەکان دەیڵێت؛ سیستەمی «قبوڵکردنی ستەم و بێشکۆیی ببێتە کلتور» کوردان لەبەرامبەر ئەو کلتورەدا بە جەنگاوەری و هوشیاریەوە دەجەنگن و کلتوری کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێش دەخەن کە جیایە لە شار و دەوڵەت و دەسەڵات. بۆیە شار وەک نمونەی بە سیستەمبوونی دەسەڵات دەوڵەت، یاخود دەتوانین بڵێین ناوکی هەژمونیەتی دەسەڵات دەوڵەتە. کە، خاوەنی “ناوەرۆک و خودی کێشەی ئکۆلۆژی لەو واقیعەدا شاراوەیە. لەم سۆنگەیەوە؛ بەهەموو سامناکیەکیەوە دەرکی پێدەکەین کە تەواو کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە. کۆمەڵگەیەک کە بەمجۆرە ناچاری نکوڵی کردن لە ناوەرۆک و خودی خۆی کراوە ناشێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوامی بە ژیان بدات. لۆژیکی قازانجخوازی و پاوانەکانی دەسەڵات و چەوسانەوە، هەروەها ئەو شەڕە سەربازی و ئایدۆلۆژیانەی لەم پێناوەدا بەرپایان کردووە ئانتی ـ ئیکۆلۆژی، ئانتی ـ بایۆلۆژیک و ئانتی ـ کۆمەڵایەتیین. ئەو تەنگژەی لە سەردەمی فینانسی هەژموونگەرایی سەرمایەداری ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لە ئارادایە وەک بڵێی تەواوی ئەو واقیعەی لە دیدگاو زهنی تەواوی مرۆڤایەتیدا نەخشاندووە، پیشانی هەموو کەسێک دەددات کە ئەو دونیا ساختەو دروستکراوەی هەژموونگەرایی خوڵقاندوویەتی بە دۆخێک گەیشتووە کە تەنیا بریتیە لە تۆمارەکانی کاخەز. لە هیچ قۆناخێکی مێژووی خۆیدا مرۆڤایەتی تا ئەم ڕادەیە لە سروشت، ژیان و کۆمەڵگە نامۆ نەبووە. بەهۆی ژیانی درێژخایەنی بێت لەگەڵ بارە تاڵانکار و بە پەژارەکەی شارستانیەتی ناوەندی یان لەبەر ئەوەی بە هۆکارە ساختەو سروشتیەکانەوە لە سەرووی ئەو ناوچانەوە دێت کە نزیک بە بیابانبوونە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوین تەنیا بەدەست کێشەکانەوە ناناڵێنێت؛ بەڵکو تا ڕادەیەک دەستبەرداری ژیان دەبێت کە چارەسەری لە خۆکوژیدا ببینێت. ڕاستتر بڵێین ناچاری دەست لێبەردانی ژیان دەکرێت.”
بێگومان کورد نامۆیە بەم شێوازە لە ژیان و شێوازەی شاردا، بەڵام بە ئاستی شاری دڵخوازی خۆیشی نەگەیشتووە، بۆیە نامۆییەکانی بەئاستی خودکوژی دەگەیەنێت. بۆ چارەسەری کیشەکانی پێویستی بە کۆمەڵگەی دیموکراتیک ھەیە، کە شاریشی لەناودا، شوێنی ژیانێکی بە کەرامەت، ئازاد و خۆبەڕێوەبەرە.

هاوبەشی :