بڕیارە نوێیەکان چی لە باشووری کوردستان دەگۆڕێت؟

105
0
هاوبەشی :

لە باشووری کوردستان گۆڕانی مادەکانی یاسای

هەڵبژاردن و گواستنەوەی داهاتەکان بۆ بەغدا گەلێک گرنگە. چەندین بڕیاری کاریگەر لەسەر هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگاوە دراون.

لەبەرئەوەی ماوەیەکی زۆرە لەنێوان یەنەکە و پەدەکەدا دەربارەی پرسی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆتای کەمینەکان دانوستان پێک نەهات، پرسە برایە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی عێراق. بەم هۆیەوە، هەم ماوەی کاری پەرلەمان درێژکرایەوە هەم هەڵبژاردن دواخرا.

لە دانیشتنی ٢١ ی شوباتی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری چارەنووسساز لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە دران. بڕیارەکان دەربارەی پرسی هەڵبژاردن و ئابووری، پێ دەچێت گۆڕانکاری مەزن لە سیستەمی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان بخوڵقێنێت. بەڵام ئەم بڕیارانە لەنێو ڕای گشتییدا ڕا و بۆچوونی جیای لێ کەوتەوە.

ئێمە لە هەموو خاڵەکانی پرسی گۆڕانی مادەکانی یاسای هەڵبژاردن و گواستنەوەی داهاتەکانی هەرێم بۆ بەغدامان کۆڵییەوە.

کاریگەری بڕیارەکە لەسەر ڕای گشتی باشوری کوردستان و دادگاییکردنی بارزانییەکان لە ئەمریکا و چەندین پرسی تر ئێستە وتوێژیان لەسەر دەکرێت.

بڕیاردرا هەڵبژاردنی باشووری کوردستان، لەبری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی کوردستان کە لە ساڵی 1992 دامەزراوە، لە ١١١ کورسی پەرلەمانی پێکدەهات. لە پەرلەماندا ١١ کورسی بۆ کەمینە کۆتاکان تەرخانکرابوو، ٥ بۆ تورکمان، ٥ بۆ کلدان و سوریانی، ١ بۆ ئەرمەنەکان تەرخانکرابوو.

پێکهێنانی حکومەت دژوار دەبێت

هەرچەند ئەم کۆتایە لە ١١ کەس پێکدەهات، بەڵام هەموویان لەلایەن پەدەکەوە دەستنیشان دەکران. بەم شێوەیە پەدەکە پێش ئەوەی بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە ١١ پەرلەمانتاری بۆ خۆی مسۆگەر کرد. پەدەکە هەمیشە بەو سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانتارانەی کە خۆی پێناسەی دیاری کردبوو، دەیتوانی حکومەت بۆ خۆی پێکبهێنێت. بەم بڕیارە ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە هەڵدەبژێردرێن بۆ 100 پەرلەمانتار کەمبووەتەوە، ئێستاش ئەو لایەنانەی زیاتر لە 50%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن دەتوانن حکومەت پێکبهێنن. بەڵام لە باشووری کوردستان دیارە هیچ لایەنێک ناتوانێت بە تەنیا ئەو دەنگە بباتەوە و ئیتر پێویستە هاوپەیمانی نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت بکرێت.

ڕەوشی تورکمانەکان

هەروەها عێراق تورکمانەکان وەک کەمینەیەکی سەرەکی عێراق دەبینێت، بڕیاری داوە پێویستە کەمینەکانی عێراق لەبری پەرلەمانی هەرێم، بەشداری پەرلەمانی گشتی عێراق بکەن. بەم شێوەیە ڕێگا بۆ تورکمانەکان دەکرێتەوە بە لیستەکانی خۆیانەوە بچنە ناو هەڵبژاردنەکانەوە. ئەمەش پرسی بەهێزکردنی بەرەی تورکمانی عێراقیش کە لە شاری کەرکوکە و لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پاڵپشتی دەکرێت، دەکاتە ڕۆژەڤ. بەڵام بەو پێیەی هەڵبژاردن لە کەرکوک بەڕێوە دەچێت و ئەنجامەکانیش لە بری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی گشتی عێراق دەبێت، پێ ناچێت کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێت.

دابەشبوون بۆ ٤ بازنەی هەڵبژاردن، کام پارت بەهێزتر دەکات؟

هەروەها بڕیاری یەک بازنەی هەڵبژاردن گۆڕا و ئێستە بۆتە چوار بازنە هەڵبژاردن، لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە. ٣٨ کورسی بۆ سلێمانی و ٣٤ کورسی بۆ هەولێر و ٢٥ کورسی بۆ دهۆک و ٣ کورسی بۆ هەڵەبجە. لە باشووری کورستان پارتی بەهێز یەنەکە و پەدەکەن، دوای ئەوانیش نەوەی نوێ دێت.

بەگوێرەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو پێشبینی دەکرێت پەدەکە لە هەولێر ٢٠ لە دهۆک ١٠ لە سلێمانی ٤ لە هەڵەبجە ١ کورسی بەدەست بهێنێت، یەنەکە لە سلێمانی ٢٥، لە هەولێر ٥، لە دهۆک ٤، لە هەڵەبجە ٢ کورسی بەدەست بهێنێت. پێشبینی دەکرێت نەوەی نوێ بە گشتی ١٠ کورسی، یەکگرتوو ٤ و کۆمەڵی دادگەری ٤ کورسی بەدەست بهێنن. بەم نەخشەیە بێت، یەنەکە بەهێزتر دەبێت، ئەمەش دەریدەخات دەبێت پاش هەڵبژاردن دەبێت هاوپەیمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت بکرێت.

ئایا هەموو داهاتەکان دەدرێتە بەغدا؟

بڕیارێکی دیکەی گرنگی دیکەی دادگای فیدراڵی پەیوەستە بە ئابووری هەرێمی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا دادگا بڕیاریدا سەرجەم داهاتەکانی هەرێمی کوردستان وەک نەوت و گاز و سنوور و باج بگوازرێنەوە بۆ بەغدا و دادگاش بڕیاریدا کە مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بدرێت.

حکومەتی عێراق ئامادەیە مووچەی هەموو فەرمانبەران بدات

هەروەها بڕیار وایە مووچەی فەرمانبەران، کە ساڵانێکە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە خەرج نەکراوە، لەلایەن حکومەتی بەغداوە خەرج بکرێت. هاوکات چاوەڕێ دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا حکومەتی عێراق داوای لیستی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان بکات. هەروەها ئامادەکارییەکان بۆ دامەزراندنی لیژنەیەکی چاودێری بۆ پێدانی مووچە دەستیپێکرد و دیاریکرا کە مووچەکە لەلایەن بانکێکی ناوەندی عێراقەوە دەدرێت و ئەگەر ئەم بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کارتی ئەلیکترۆنی سەر بەم بانکە دەدرێتە فەرمانبەران.

پێدانی نەوت بە بەغدا چی ئەنجامێکی دەبێت؟

بڕیارێکی تر ئەوەیە، لەبری حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بفرۆشرێت.ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەم ڕەوشە کاریگەری لەسەر هاوسەنگییە ئابوورییەکان دەبێت کە ٢٠ ساڵە بەردەوامە. بە تایبەتی باس لەوە دەکرێت کە ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا، ئیسرائیل و پەدەکە دەبێت. لە دەستووری عێراقدا هەر جۆرە بازرگانییەک لەگەڵ ئیسرائیل وەک تاوان دانراوە و ڕەوشی ڕێککەوتنە نهێنییەکانی کە پەدەکە لەگەڵ ئیسرائیل کردوویەتی نازانرێت. بەپێی ئەو بڕیارانەی کە دراون، ئەگەر داهاتەکان نەگوازرێنەوە بۆ بەغدا، سوپای عێراق دەتوانێت هێزەکانی خۆی ڕەوانەی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکات. ئەمەش بەو مانایەیە کە لیژنەیەک لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە پێکدەهێنرێت بۆ چاودێریکردنی سەرچاوەکانی داهات.

ئەو گفتوگۆیانەی لە باشووری کوردستان دەکرێت

نازانرێت ئەو بڕیارانە جێبەجێ دەکرێن یان نا، بەڵام زانراوە کە ئەو بڕیارانە بەرئەنجامی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی پەدەکەیە کە ٢٠ ساڵە بەردەوامە. بابەتی سەرەکی کە گفتوگۆی لێ دەکرێت، دانوستانەکانی پەدەکەیە لەگەڵ دەوڵەتی تورک کە لە لایەن گەلی کوردەوە وەک ‘هێڵی خیانەت’ ناودەبرێت. ناڕازیبوون دژی ئەم سیاسەتانەی پەدەکە لە زیادبووندایە. هەرچەند گەلی هەرێمەکە دوودڵن لەو بڕیارانە، بەڵام پەدەکە هێشتا بێدەنگە بەرامبەر ئەو بڕیارانە. ئەم بێدەنگییەی پەدەکە، ڕێگا بۆ سەرنج و تێبینییەکانی وەک ئەوە دەکاتەوە کە پەدەکە بە پلان و گەندەڵییە جیاوازەکانی داهاتووی گەلی باشووری کوردستان دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها ئەوە دەبێتە جێگەی باسوخواس، کە ئایا پەدەکە ڕێککەوتنی قێزەونی کردووە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی یان نا.

دۆزی بارزانی لە دادگای ئەمریکا و ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی

پاش بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دەربارەی هەرێمی کوردستان، ئەمریکا پەیوەست بەو دۆزەی دژی مەسرور بارزانی کراوەتەوە، بارزانی بانگ کرد بۆ ئەمریکا. ئەم ڕەوشە هەرچەن لەلایەن میدیای پەدەکەوە وەک پەیوەندی ئەرێنی پیشان دەدرێت، بەڵام ڕەوشی ئێستە ڕاستییەکی دیکە دەردەخات. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دانیشتنی ئەو دۆزە بەڕێوەبچێت کە مەسرور بارزانی وەک تاوانبار دەناسێنێت. بارزانی لە ئەمریکا بە تاوانی وەک “کوشتن و گەندەڵی و قڕکردن و ڕفاندن و ئەشکەنجە و بارمتەگرتن و هاوکاری داعش” دادگایی دەکرێت.

پێش دانیشتنەکە، باس لەوە دەکرێت کە ئەمریکا پەدەکە ئامادە دەکات بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی لە هەرێمەکە. دەزانرێت کە ئەمریکا بەهۆی فشارەکانی ئێرانەوە لە چەندین ناوچەی عێراق هێزەکانی خۆی کشاندۆتەوە، ئێستە لە ناوچەکە تەنها لە هەرێمی کورستان هێزەکانیان ماوەتەوە.

خاڵێکی تری جێی سەرنج ئەوەیە، ئێران کاریگەرییەکی مەزنی هەبووە لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان.

هاوبەشی :