لەناو زیندانەکانی پەدەکەدا چی دەگوزەرێت؟

146
0
هاوبەشی :

لە ڕۆژ نیوزەوە وەرگیراوە

یەکێک لە زیندانییانی ناو زیندانەکانی پەدەکە، کە پەیامێکی ڕەوانەی دەرەوەی زیندان کردووە، باس لە بارودۆخی زیندانەکان و ئەشکەنجە دەروونییەکان و زیندانە تاکە کەسییە تاریکەکان دەکات و دەڵێت، کاربەدەستانی کۆنسوڵخانەی دەوڵەتی تورک لە هەولێر سەردانی زیندانیانیان کردووە و دیداریان لەگەڵمان ئەنجامداوە.

یەکێک لە زیندانییانی زیندانەکانی پەدەکە، کە لەبەر باری ئەمنیی ناوی بڵاو ناکرێتەوە و ماوەی دوو ساڵ و پێنج مانگە لە زینداندایە، پەیامێکی ناردووەتە دەرەوەی زیندان و باس لە بارودۆخی ١٠ کەسی زیندانیی کراو دەکات.

ئەو زیندانییە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، لە بارودۆخێکی زۆر قورسدا زیندانی کراوین و چارەسەریی پزیشکیمان بۆ دابین ناکرێت، بۆیە بە دەربڕینی”بە تەواوی چاوەڕێی شەهیدبوونی ئەون” گوزارشت لەو بارودۆخە دەکات.

ئەوەشى خستووەتەڕوو، هەشت کەس لە زیندانی دهۆک لە ژێر مامەڵە و هەلومەرجێکی هێندە سەختدان، کە ئەوە بەرامبەر ئاژەڵانیش ناکرێت، یاخود ڕەوانەی ئەو زیندانانە دەکرێن، کە چەتەکانی داعشی تێدایە.

باسی لەوەش کردووە، یەکێک لەو زیندانییانە ماوەی پێنج ساڵە، لە زیندانییەکی تاکە کەسیی دوو مەتریدا گۆشەگییر کراوە، کە بە زستان سارد و بە هاوین گەرمە، یەکێکی دیکە دوای ئەوەی، کە بۆ ماوەی شەش مانگ سزا درابوو و سزاکەی تێپەڕاندبوو، کەچی دۆسێیەکی نوێی بۆ کراوەتەوە، سزای هەشت مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە و لە زیندان هێشتوویانەتەوە.

ئەو زیندانییە لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات، کە بارودۆخی تەندرووستی ئەو زیندانییە و دانەیەکی دیکەش زۆر خراپە.

هەروەها، لە پەیامەکەیدا تیشک دەخاتەسەر سەردانەکانی کاربەدەستانی کونسوڵخانەی دەوڵەتی تورک لە هەولێر و دەڵێت: لە دوای سەردانەکەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرانی بارزانییدا، لە زیندانەکاندا ڕێگە دراوە بە کاربەدەستانی کونسوڵخانەی تورک، کە دیداریان لەگەڵ ئەنجام بدەن و زیندانییان پێشنیارەکانی ئەوانیان ڕەتکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە زینداندا ئەشکەنجەی دەروونی دەدرێن و هەڕەشەی ڕادەستکردنیان بە دەوڵەتی تورکیان لێ دەکرێت.

هاوبەشی :