ئاڤێستا: پیلانگێری ئامانجەکانی نەپێکاوە، بەڵام هێشتا درێژە بە پیلانگێڕی دەدرێت

74
0
هاوبەشی :

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە سۆزدار ئاڤێستا رایگەیاند، “ماوەی ٢٥ ساڵە هیچ شتێک نەماوە کە هێزە پیلانگێڕەکان نەیانکردبێت، بەڵام ئەنجامی دڵخوازیان بە دەستنەهێناوە. پیلانگێڕیەکە ئامانجەکانی نەپێکاوە، بەڵام هێشتاش درێژە بە پیلانگێڕی دەدرێت”.

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە سۆزدار ئاڤێستا لە یادی ٢٥ی ساڵەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

ئاڤێستا هێزەکانی بەشدار لە پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ی بەتوندی شەرمەزار کرد و ئەوەی خستەڕوو کە لە کەسایەتی شەهیدانی “کەس ناتوانێت رۆژی ئێمە تاریک بکات” هاوڕێیان شارستان، بنەڤش، فەلات، رۆژبین و بەرەوانەکاندا سەرجەم شەهیدانی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان بە رێز و پێزانینەوە بە بیر دەهێنێتەوە.

ئاڤێستا باسی لەوەکرد کە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ ساڵە لە ئیمراڵی بەرخودانێکی بێهاوتا دەکات و بەم جۆر دووا: “بەم بۆنەوە سڵاو لە بەرخودانی بێهاوتای رێبەر ئاپۆ دەکەم. سڵاو لە هەموو ئەوانە دەکەم کە بۆ شەرمەزارکردنی ئەم پیلانگێڕییە چەندین رۆژە لە چالاکیدان و هەم لە باکووری کوردستان و هەم لە دەرەوەی وڵات دەستیان بە رێپێوانی درێژمەودا کردووە. هەروەها سڵاو لە بەرخودانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دەکەم کە ٢٥ ساڵە بێ پسانەوە هاوڕێیەتی واتادار لەگەڵ رێبەر ئاپۆ جێبەجێ دەکەن و هەربەوبۆنەوە پیرۆزباییان لێدەکەم.

رێبەر ئاپۆ هەموو لایەن و رەهەندەکانی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی شرۆڤەکردووە. شەڕی جیهانی سێهەم بە پیلانگێڕیی لە دژی رێبەر ئاپۆ دەستیپێکرد. ئەگەر رێبەر ئاپۆ پیلانگێریی نێونەتەوەیی شرۆڤە نەکردایە، واتە بە بەرپرسیارێتیەکی بەو جۆرە مامەڵەی نەکردایە، لە ساڵی ١٩٩٩دا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێووان گەلی کورد و تورکدا شەڕی جیهانی سێهەم دەستیپێدەکرد، رەنگە ماوەی ١٠٠ ساڵیش بەردەوام بووایە. هێزە نێونەتەوەییەکان کە ناوچەکەیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردووە، ئەم پیلانگێڕییەیان ئەنجامداوە. لەبەر ئەوەی رێبەر ئاپۆ و بزوتنەوەی ئازادییان وەک بەربەستێکی گەورە لەبەردەم خۆیان دادەنا، هەروەها لەبەر ئەوەی رێبەر ئاپۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببووە کاراکتەرێکی گرنگ. لە رووی تێکۆشانی بزوتنەوەی ئازادی و تێکۆشانی ژنەوە بەرەوپێشچوونی گرنگ دەهاتنە ئاراوە. لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆ و بزوتنەوەی ئازادیدا، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیتر ببونە خاوەن پێشەنگ و رێگەی تێکۆشانی خۆیان هەڵبژاردبوو. هەربۆیە هێزە پیلانگێڕەکان یەکیان گرت و ویستیان ئەو لەمپەرە لە بەردەمیان لاببەن.

ئەو هێزە پیلانگێڕانە باش دەیانزانی کە ئەگەر دژی رێبەر ئاپۆ نەجوڵێنەوە، ناتوانن کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرژەوەندییەکانیان بەدەستبهێنن. بەتایبەتیش هێزەکانی وەک ئەمریکا، ئیسرائیل، بەریتانیا لە هەرێمەکە سیاسەتی قڕکردنیان بەڕێوەبرد. لە بنەڕەتدا ئەو هێزانە پیلانگێڕییان بەرەوپێشبرد. هێزەکانی دیکەی وەک یۆنان، روسیا و قاچەکانیان لە ناوچەکە، بە تایبەتی پەدەکەی هاوکارییان رۆڵیان گێڕان ئەوانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بۆ ئەوەی بەسەر کوردستانەوە زاڵ ببن، بەشدارییان لەو پیلانگێڕییەدا کرد. لە رێگەی ئەو پیلانگێڕییەوە ویستیان لە نێوان گەلی کورد و تورکدا شەڕ هەڵبگیرسێنن. رێبەر ئاپۆ کاتێک ئەو قۆناغە شرۆڤە دەکات، بەم جۆرە لەبارەیەوە دەدوێت،. دەڵێت، تورکیا وەک دارستانێکە و ئێمەش وەک تۆپەڵێکی ئاگرین هەڵدراینە ناو تورکیاوە، واتە بەم جۆرە هەردوولایەنەکە بسوتێن. رێبەر ئاپۆ بەو گەمەیەی ئەوانی زانی. رێبەر ئاپۆ بە هۆشمەندی ژیان کردن و لە ژیاندا هێشتنەوە، مامەڵەی لەگەڵ ئەوەدا کرد. ماوەی ٢٥ ساڵە رێبەر ئاپۆ لە دوورگەی ئیمراڵی راگیراوە. لەوێ رۆڵی دەوڵەتی تورک تەنیا پاسەوانی کردنە.

لە سەرەتادا رۆڵی دەوڵەتی تورک لە پیلانگێڕیدا زۆر یەکلاکەرەوە نەبوو. سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی دەوڵەتی تورک بوڵەنت ئەجەڤیت دانی بەوەدا نابوو، وتبوو ئێمە تائێستاش نازانین کە بۆچی ئاپۆیان رادەستی ئێمە کردەوە. ئەوانیش چاوەڕوانی شتێکی لەو جۆرە نەبوون. ئەو هێزان لە پای پاکتاوکردنی گەلی کورددا و بۆ ئەوەی هەرێمەکە بە گوێرەی خۆیان دیزاین بکەنەوە، ئەو پیلانگێڕییەیان ئەنجامدا. واتە رێبەر ئاپۆیان رادەستکردەوە، ویستیان بەم جۆرە گەلی کورد، بزوتنەوەی ئازادی، یەکێتی گەلان و شۆڕشی ژنان پاکتاو بکەن. بۆ ئەوەی ئەو نوێبوونەوانەی لە رێگەی رێبەر ئاپۆوە هاتبوونە ئارا پاکتاو بکەن، ئەو پیلانگێڕیەیان ئەنجامدا. تا ئەمڕۆش ئەو پیلانگێڕیە بە شێوەی جیاجیا بەردەوامە. ئەگەر تائێستا پیلانگێڕییەکە ئامانجەکانی نەپێکابێت ئەوە لە سایەی هەڵوێستی رێبەر ئاپۆیە. لە سایەی پاڕادایمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکە. رێبەر ئاپۆ بۆ بەرەوپێشبردنی هێڵی ئازادی ژنان نوێبوونەوەیەکی سازکرد و دوورگەی ئیمڕاڵی گۆڕیوە بە شوێنی چارەسەری کێشەکانی سەرجەم مرۆڤایەتی. رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی لە دژی هێزە هەژموونگەراکان، پاڕادیگمایەکی نوێی بۆ مرۆڤایەتی خوڵقاند. رێبەر ئاپۆ بە نەتەوەی دیموکراتیک وەڵامی هەموو هێزە هەژمونگەرا گەردونی و سەرمایەدارییەکانی دایەوە. رێبەر ئاپۆ لە دژی پیلانگێڕی، پاڕادایمی نوێی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک، نەتەوەی دیموکراتیک، مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی لە سەر بنەمای هێڵی ئازادی ژن، ئیکۆلۆژیک و دیموکراتیک بەرەوپێشبرد. رێبەر ئاپۆ بەم جۆرە بە بەرخودانێکی بێهاوتا وەڵامی قۆناغەکەی دایەوە”.

رێبەر ئاپۆ لە رێگەی ئەو پاڕادیمەی بەرەپێشی برد پیلانگێرییەکەی پوچەڵ کردەوە

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە سۆزدار ئاڤێستا بە بیری هێنایەوە کە لەو ٢٥ ساڵەی بە سەر پیلانگێریی نێونەتەوەییدا تێپەڕبووە گەلی کورد و دۆستانی بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بەرخودانێکی گەورەیان نیشانداوە و بەم جۆرە بەردەوام بوو: “لەو ٢٥ ساڵەدا گەلی کورد و سەرجەم دۆستانی کورد بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان لە دژی پیلانگێڕی بەشدارییان لە بەرخودانێکی بێهاوتادا کرد. کاتێک پیلانگێڕییەکە ئەنجامدرا لە سەرتاسەری جیهان چالاکی شەرمەزارکردن بە شێوەی جەماوەری ئەنجامدران. لەو چالاکیانەی شەرمەزارکردندا شەهید بەخشران. بەتایبەتی لە زیندانەکان، لە سەرتاسەری کوردستان، بە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان کچێک بە ناوی زین تەمەن ١٢ ساڵ، واتە بە بەشداری کەسانی ١٢ بۆ ٧٠ ساڵ چالاکی ئەنجامدران. ژن، پیاو و گەنجان جەستەی خۆیان کردە مەشخەڵی ئاگر. لە چالاکیەکان لە بەرلین لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل چەند کەس شەهیدبوون. بە هەزاران کەس دەستگیرکران. بۆ چەندین هەفتە ژیان راگیرا. لە رۆژئاوا، باکور، رۆژهەڵات و باشووری کوردستان گەلەکەمان بە شێوەی جەماوەری لەناو بەرخودانێکی گەورەدابوون. رێبەر ئاپۆ لەو قۆناغەدا بۆ ئەوەی ئەمە نەگاتە ئاستێکی مەترسیدارتر، بانگەوازی ئاراستەی گەل کرد، واتە بۆ ئەوەی دۆخەکە بە ئاقارێکی دیکەدا نەڕوات، رێبەر ئاپۆ دەستوەردانی لە قۆناغەکە کرد. گەلەکەمان و دۆستانمان لە ماوەی ٢٥ ساڵدا لە گۆڕەپانەکاندا درێژەیان بە بەرخوداندا. لە ساڵی ٢٠٠٧ بەملاوە بە دروشمی ‘ئازادی رێبەر ئاپۆ ئازادی ژنانە’، ‘ئازادی ژن ئازادی کۆمەڵگایە’ چەندین هەڵمەت ئەنجامدران.

خۆی لە خۆیدا پاڕادایمی رێبەر ئاپۆ ئەو پیلانگێڕییەی پوچەڵکردەوە. لەم ٢٥ ساڵەدا بە دەیان جار ئەو پیلانگێڕییە پوچەڵکراوەتەوە. بەڵام هەم هێزە پیلانگێڕەکان و هەم ئەو هێزانەسی کە بەرژەوەندییان لە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، رێگە نادەن چارەسەری بەرەوپێش ببرێت. ناتۆ ئەو قۆناغە بەڕێوەدەبات. گلادیۆ لەناو ناتۆدا ئەوە بەڕێوەدەبات. ئەو هێزانە وەک چۆن نەیانهێشت لەو قۆناغەدا رێبەر ئاپۆ لە دەرەوەی وڵات، لە ئەوروپا نیشتەجێ بێت، ئێستاش شەڕێکی دژوار لە دژی بزوتنەوەی ئازادی بەڕێوەدەبەن. بەم بەدیلگیرانەی رێبەر ئاپۆ، دەیانەوێت بزوتنەوەی ئازادی خۆی بەدەستەوە بدات. حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دەیەوێت پیلانگێڕی نۆژەن بکاتەوە. رێبەر ئاپۆ لە ساڵی ٢٠٠٩دا وتبووی، مزگێنی بە گەلەکەمان دەدەین، ئێمە پیلانگێریمان شکستدا. ئەوە راستیەک بوو. پیلانگێڕی ئامانجەکانی نەپێکا. بەڵام دەستبەرداری پیلانگێڕییش نەبوون. لە رێگەی گۆشەگیری دژوارکراوەوە کە ماوەی سێ ساڵە بەسەر رێبەر ئاپۆدا پەیڕەو دەکرێت، هەوڵ دەدرێت پیلانگێڕی بەردەوام بێت. لە قۆناغی ٢٥ ساڵەدا گەلەکەمان بە هەزارا شەهید و برینداری بەخشی. هەم لە کوردستان و هەمیش لە هەموو کیشوەرەکان بەرخوانی بێهاوتای بەڕێوەبرد.

بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ هەموو کاتێک هەڵمەتی ئازادیی بەڕێوەچوون. ماوەی ١٢ ساڵە لە ستراسبورگ لەپێناو رێبەر ئاپۆدا ئێشکگریی ئازادی بەڕێوەدەچێت. لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە دروشمی ‘کات کاتی ئازادییە’، ‘ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ و چارەسەری بۆ پرسی کورد’ هەڵمەت بەڕێوەدەچن. دەبێت لە رێگەی ئەو هەڵمەتانەوە ئەندێشە و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ بگەیەندرێتە هەموان، رۆشنبیران و گەلان بۆ ئەوەی بتوانن سەرلەنەوێ لە رێگەی ئەو فەلسەفەیەوە خۆیان نوێ بکەنەوە. بینیمان هەڵمەتی ‘رۆژی خوێندنەوەی کتێبەکانی رێبەر ئاپۆ’ چ کاریگەرییەکی سازکرد. لە هەموو گۆڕەپانەکان گەلەکەمان و دۆستانمان کۆبوونەوە و ئەو پرۆسەیان بەڕێوەبرد. ئەوە یەکجار گرنگ بوو. ئێستاش بە پێشەنگایەتی گەنجانی کوردستان و ئینترناسیۆناڵیست، لە ئەوروپا رێپێوانی درێژمەدوا بەڕێوەدەچێت. هەرئێستا گەلەکەمان لە باکووری کوردستان، لە سەرحەدەوە لە دوو لاوە دەست بە رێپێوان کراوە. ئەوە هەڵمەتێکی زۆر پیرۆز و بەنرخە. لە ٢٧ی تشرینی دووەم بەملاوە لە زیندانەکان مانگرتن لە خواردنی بەنۆرە بەڕێوەدەچێت. لە دەرەوەی زیندانەکانیش دایکانی ئاشتی و گەلەکەمان پشتیوانی لە چالاکیەکانی ناو زیندانەکان دەکەن.

لە ساڵی ٢٥ەمیندا تێکۆشان گەیشتووەتە ئاستێک کە ئیتر جگە لە مسۆگەرکردنی ئازادی هیچ ئەنجامێکی دیکە قەبوڵناکرێت. گەلی کورد، دۆستانی کورد و کەسانی ئینتر ناسیۆناڵیست، ئەو کەسانەی ئازادی خۆیان لە ئەندێشە و هزری رێبەر ئاپۆدا دەبیننەوە، چیتر بەرامبەر بە بەدیلگیرانی رێبەر ئاپۆ توانای دانبەخۆداگرتنیان نەماوە. هەربۆیە تێکۆشانی خۆیان گەیاندووەتە بەرزترین ئاست. ئەمە بە راستیش پیرۆزە و مایەی دەستخۆشی و سڵاوکردنە. لەبەر ئەوەی گەلەکەمان و سەرجەم دۆستانی گەلەکەمان بینیان کە ئیتر دەتوانن بە دڵنیاییەوە ئازادی بەدەستبهێنن، لەبەر ئەوەی ئەنجامەکانی بەکردەوەش دەرکەوتووە.

هێزە پیلانگێڕەکان لە ماوەی ٢٥ ساڵدا هیچ شتێک نەماوە نەیانکردبێت، بەڵام سەرباری ئەوەش ئەنجامی دڵخوازیان بەدەستنەهێناوە. هۆکاری ئەوە چی بوو؟ لەبەر ئەوەی هەموان زیاتر رێبەر ئاپۆیان ناسی. رێبەر ئاپۆ کەسێک نییە، رێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتی سەرجەم نەتەوەکان دەکات. رێبەر ئاپۆ ئەندازیاری هێڵی ئازادی ژنە. هەربۆیە لەمرووەوە زیندانیکردنی رێبەر ئاپۆ ئیتر مەترسیە لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی. رێبەر ئاپۆ بەنوێنەرایەتی سەرجەم مرۆڤایەتی خۆڕاگری دەکات. لە ئەنجامدا ٢٥ ساڵە ئێمە دەبینین کە زۆر لە ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ نزیکبووینەوە. دەبێت لە ساڵی ٢٦ەمیندا زیاتر پەرە بە تێکۆشان بدەین”.

هاوبەشی :