ھیوا و خەمی مانەوە و دەرچوون

203
0
هاوبەشی :

 

نوسینی عادل عوسمان

ماوەیەکە ئاڵۆزیەکیان لە باشوری کوردستان، بەشی هەرێمەکەی، دروستکردوە، کە نازانرێت کێ خاوەن ماڵە و کێ دوژمن، کێ پشتیوانە و کێ حکومەتدار، ئەوەی حسابی بۆ ناکەن خەڵک و کۆمەڵگەیە. دەسەڵات و حکومەتداران لە دۆڵێکی پڕ داهات و بازرگانی و ڕابواردن و خۆشگوزەرانی و خەڵکیش لە دۆڵێکی تر و بێ بژێوی و موچە و لە ناو هەژاریدا ڕاگیراون. داخوازی پێدانی کرێ و مووچە کە لانی کەمی دابینکردنی پێداویستیەکان بۆ ژیانێکی مەمرە و مەژیە، نەک وەڵام نادرێتەوە، بەڵکو لە ڕێگەی پیاوانی ئایینی و دادەورە بندیوارەکان و کەسایەتیە لۆمپەنەکانەوە هێرش دەکرێتە سەری و دەیانەوێت ببنە فریادڕەسی ئەم دامودەزگا خۆسەپێن و دز و گەندەڵ و خزمەتکار بە دوژمنە.
لەناو ئەو هەموو قەیران و پێ نەدانی موچەیەدا، وەک ئەوەی هیچ ڕوینەدابێت. پڕوپاگەندەیەکی ساختە و دروستکراو بڵاودەکەنەوە، گوایە هێزەکانی ئەمریکا ناوچەکە بەتایبەت ئیراق و سوریا بەجێدەهێڵن. بەبێ ئەوەی خەڵک ئەو پرسیارە لە خۆی بکات لە کەشێکی قەیراناوی وادا ئامانجی وەها پڕوپاگەندەیەک دەبێت چی بێت؟ ئەو دەسەڵاتە بێ خەمە بۆچی خۆی گرێ دەدات بە دروستکردنی قەیرانی ساختە و دەسکردەوە؟ ئەوە لە کاتێکدا ئەو قەیرانە دروستکراوانە تەپوتۆزی ئەو شەڕە جیهانیەن کە خەریکە ناوچە و کۆمەڵگەکەی ئێمە دەهاڕێت و خەڵتانی خوێنی کردوە.
هەمووان باسی پیلانگێڕیەک دەکەن لەسەر حکومەتی هەرێم و ستاتۆکەی، بەبێ ئەوەی دەستنیشانی لایەنی بکەری پیلانگێڕیەکە بکەن! لە کاتێکدا پیلانگێڕان ئەو هێز و دەسەڵاتدارانەن، کە قۆرخی دەسەڵات و ستاتۆکەیان کردوە لەگەڵ دوژمنانی کورد و بەتایبەت دەوڵەتی تورک. ئەوە بەڕێوەبەرانی قۆرخکارن، بەناوی ئابوری سەربەخۆوە، تەواوی ئابوری و ژێرخانی دارایی هەرێمیان خستە بەردەستی دەوڵەتی تورک تا شەڕی سێ بەشی کوردستانی پێ بکات. ئەوە بەڕێوەبەرانی قۆرخکاربوون، کە بەغدایان بە موفلیس دەزانی و هەرچی پارە و داهاتی ووڵات و فرۆشی نەوت بوو لە هاڵک بانک تەسلیمی ڕژێمەکەی ئەردۆغان دەکرا و ئەویش چەتەکانی داعش و هێزە ئیسلامیە گرێدراوە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی پێ بەردەدایە گیانی خەڵک و نیشتیمانی کوردانەوە. ئەوە ئەو پارەیەی کە بەمووچەی نادەن، دەیان و سەدان و هەزاران بندیوار و لۆمپەن و سیخوڕ و دامودەزگای شاراوەو ئاشکرای ڕاگەیاندنی پێ تێر دەکەن بۆئەوەی هۆش و بیری خەڵک بەلاڕێداببەن و تووشی شێتی و ئاوارەبونیان بکەن. ئەوە ئەو دەسەڵاتدار و قۆرخکارانەن کە دەیان دامودەزگای چەکدار و سەرکوتی ڕەش و سپیان دروستکردوە بۆ گیانی خەڵک و لەهەرکوێ ئارەزویان کرد بەناوی لەڕێ لادەر و لەیاسا دەرچوەوە بەرییان دەدەنە گیانی خەڵک، ئەوە ئەو دەسەڵاتخوازە قۆرخکارانەن کە دەیان و سەدان مەلای نامەلا و نۆکەری دادوەریان پڕ موچە و خۆشگوزەران کردوە، بۆئەوەی لە کوێ پێویستیان بوو مێزەرە سپیەکەیان و یاسا نا دادیەکانیان بۆ بخەنە ئیش تا بەفریای دەسەڵاتە ڕزیوو دژە خەڵکیەکەیان بکەوێت و ڕەوایەتی بە خراپکاریەکانیان بدەن.
لە ڕاستیدا بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کاریگەری خۆی بەکەمووکوڕیشەوە بێت کردوە. بۆیە دەسەڵاتداران هانایان بۆ لۆمپەنەکانی ئایینگەرا و داد بردوە. هەروەها دەستیان بە حەملەیەکی شەڕی تایبەتی ڕۆیشتنی هێزە بیانیەکان کردوە. هێزەکانی ئەمریکا ئەم ناوچەیە بەجێناهێڵن، چونکە ناوچەیەکی ستراتیژی ڕەنگڕێژ کردنی نەخشەی نوێ و سیاسەتی جیهانیە. بەڵکو خودی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بەشێکن لە ستراتیژی قەیرانە و ڕاگرتنی هاوسەنگی خراپکاری و تێرکردنی کۆنەپەرستی و هێزە ڕەش و سپیە چەکداریەکان. ئەوان ڕەوایەتی خۆیان لەو هەلومەرجی قەیرانە وەردەگرن!.
بۆیە چوونە دەرەوەی هێزە دەرەکیەکان دەرهاویشتەی نوێ لەگەڵ خۆی دێنێت، وەک چۆن مەلاو دادوەر و پیاوسالارانی کۆمەڵگە بەفریای دەسەڵات نەکەوتن و بزوتنەوەی مامۆستایان پێداگرتربوون، ئەوا کۆمەڵگەی کوردیش بە پێشەنگی نوێوە خاوەندارتر و پێداگرت لە ئازادی دێتە مەیدان. تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد، هیچ کات و هیچ سەردەمێک پشتی بەهێزی دەرەکی نەبەستوە، تا ئەمڕۆ پشتی پێ ببەستێت. لە ڕاستیدا گەلی کورد بۆشاییەکانی ئەوان بە تێکۆشانی بەڕوومەت و ڕێکخستنی تۆکمە پڕ دەکاتەوە. هەر ئەوەشی کە بەجێی ناهێڵن ترس لەو پڕکردنەوە شۆڕشگێڕیەیە. ئەزموونی خۆرئاوای کوردستان و شەنگاڵ کوشندەیە بۆ ئەوان.
بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی هەرێم و خەڵکی باشور خۆیان ڕزگاربکەن لە کورتبینی و خۆخستنە بەردەستی پارچەگەری کوشندە و پڕوپاگەندە دروستکراو و ئامانجە بێزەنتیەکانەوە. کوردستان، بەتایبەت باشور و خۆرئاوا دوو گۆڕەپانی ستراتیژی و یەکلاکردنەوەی کێشە و قەیرانە جیهانیەکانن و دوژمن و هێزە هەژمونگەرا جیهانیەکان شەڕی تێدا دەکەن و پێداگری لە بەدەستخستنی دەکەن. هەروەها شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی کورد و گەلانی ئازادیخوازی ناوچەکەش هەیە کە بۆ ئازادی بە پێداگری و گیانبازیەوە تێکۆشان دەکەن. قۆناغەکە هەستیارە و هێزە کۆنەپارێز و داگیرکەر و نۆکەرەکانی تەنگاوکردوە و پڕوپاگەندەی نەخوازراوو قەیرانی دروستکراو سەرڕێ دەخەن. لە ڕاستیدا ترسیانە لە نەمان، بۆیە خەڵک پێویستە بەو هێزی تێگەیشتنەوەوە خۆی نوێ بکاتەوە و قەیران و کێشەکان بە هێزی خۆ، بەشداری ڕاستەخۆو توانای شۆڕشگێڕیەوە چارەسەر بکات. ئەوەی چارەسەر دێنێت بەشداری ڕاستەخۆی خەڵکە لە بەڕێوەبەری و سیاسەتدا. لەدەروەی ئەوە خزمەتە بەهێشتنەوەی بەڵا و نەفرەت.

هاوبەشی :