بە گێڕانەوەکانی ڕامۆن مانتۆڤانی ڕۆژانی ڕێبەری گەلی کورد لە ڕۆما-بەشی ١ و ٢

101
0
هاوبەشی :

ئامادەكردنی: سەرکان دەمیرەل

بەشی یەكەم
سیاسەتمەداری ئیتاڵی ڕامۆن مانتۆڤانی کە لە گەشتی ڕوسیا-ڕۆما لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد بوو، لەو کاتەشدا ئەندامی کۆمیسۆنی کاروباریی دەروەی ئیتالیا بوو، باسی ڕۆژەکانی وی لە ڕۆما و پرۆسەیی پیلانگێڕی دەکات.

ماوەی ٢٥ ساڵە گۆشەگیرییەکی سەخت لە سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە. هێزە نێونەتەوەییەکان بەرپرسی یەکەمن لەم گۆشەگیرییە، ئەمە ڕاستیە. ڕێبەری گەلی کورد کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ بۆ بەرەوپیشبردنی قۆناغی ئاشتی و پەیماننامەیەک لە سوریا دەرچووبوو، پانۆرامایی سیاسی ئەو کاتەیی هەتا ١٥ی شوباتی ١٩٩٩وەک “پیلانگێڕیی خاچ” هەڵسەنگاندبوو.

ڕێبەری گەلی کورد لە ٩ی کانوونی تشرینی یەکەم ١٩٩٨دا گەیشتە مۆسکۆ، لە ١٢ی تشرینی ١٩٩٨ لە فڕۆکەی ئاسمانی ڕوسیا لە فڕۆکەخانەی لیوناردۆ داڤینچی لە ڕۆمایی پایتەخت نیشتەوە. عەبدوڵا ئۆجالان ئیتالیایی وەک بەختێک بینی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد، بەڵام لە ڕۆما قۆناغێکی زەحمەتی ٦٦ ڕۆژە چاوەڕوانی بوو.

لەو ڕۆژەوەی کە ڕێبەری گەلی کورد دەستگیرکرا، ڕۆڵی ئیتالیا لەم پرۆسەیەدا بە پێی پێویست باسکراوە. هەندێک دەڵین حکومەتی ئەوکاتەی ئیتالیا بە سەرۆکایەتی ماسیمۆ دالەما، لەم پیلانگێڕیەدا ڕۆڵی نەگێراوە. هەندێکیش ڕەخنەی بێ هەڵوێستی ئەو کاتەی حکومەتی ئیتالیا دەکەن، کە نەیاتوانی مانەوەی عەبدوڵا ئۆجالان لەو وڵاتەدا فەراهەم بکات.لە ١٦ی کانوونی دووەم دەرچوونی ڕێبەری گەلی کورد لە ئیتالیا، ڕۆژی دەستپێکی پیلانگێڕییەکەیە.

پەڕلەمانتاری پارتی کۆمۆنیستی ئاوەدانکردنەوەی ئیتالیا و ئەندامی کۆمیسۆنی کاروباری ئەو کاتەی ئیتالیا ڕامۆن مانتۆڤانی یەکێکە لە شاهیدەکانی ئەو ڕۆژانەی ڕێبەری گەلی کورد لە ڕۆمادا. ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨ لە گەشتی مۆسکۆ-ڕۆمادا لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد بوو، بۆ ئەوەی ئۆجالان لە ئیتالیا بمێنێتەوە خەباتێکی زۆریکرد. پەیوەست بەم بابەتەوە لەگەڵ ڕامۆن مانتۆناڤی قسەمانکرد.

بەڕێز مانتۆڤانی لەو کاتەی ڕێبەری گەلی کورد لە ڕوسیاوە دەهاتە ئیتالیا تۆ وەک دۆستێکی کوردان لەو گەشتەدا لەگەڵی بووی. ئەو کاتە ئێوە ئەندامی کۆمیسۆنی کاروباری دەروەی ئیتالیا بوون. پرۆسەی مانەوەی ئۆجالان لە فرۆکەخانە، چون دەگوزەرا و پلانی بەشداریکردنی ئەو قۆناغە چۆنبوو؟

پارتی بونیادنانەوەی کۆمەنیستی کە لەساڵی ١٩٩١دامەزراوە، هەتا ئەمڕۆش پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلی کورد دەکات. پێش ئەوەی سەرۆک ئۆجالان بێتە ئیتالیا، پەکەکە داوای لێکردم لە ناو پەڕلەماندا دەستپێشخەرییەک پێکبهێنم، کە دەیانەوێت ئاگربەستی یەکلایەنە هەبێت بە پرۆسەیی ئاشتی چارەسەری شەڕبکەن.

لە ١٠ی کانوونی دووەمی لە ١٩٩٧ لە کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئیتاڵیا ڕەشنووسی بڕیارێک خرایە دەنگدانەوە، کە لەلایەن پەرلەمانتارانی دیکەی گروپە سیاسییە جیاوازەکانەوە وتوێژی لەبارەوە کرا و مۆرکرا، لەگەڵ بڕیارێکی جودا لە گروپی ئەلیانزا نازیۆنال یەکخران و ڕازی بووم کە دوا خاڵ سەبارەت بە ئەگەری دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی زیاد بکرێت.

کاتێک مرۆڤ لە ڕوانگەی دەستوورییەوە دەڕوانێت، لە ئیتاڵیا بڕیارێک کە لەلایەن کۆمیسیۆنێک یان ئەنجومەنی نوێنەران یان ئەنجومەنی پیرانەوە پەسەند دەکرێت، ئەو بڕیارە بەڵگەنامەیەکە کە نوێنەرایەتی هەڵوێستی پەرلەمان دەکات وەک بەرزترین دامەزراوەی سەروەری گەل. حکومەت ناچارە بڕگەکانی بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ بکات.

لەگەڵ بڕیارانە، بۆ یەکەمجار وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا هەڵوێستی سەبارەت بە پرسی کورد نیشاندا و هاتنە ناوەوەی سوپای تورکیا بۆ ناو عێراق وەک پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان پێناسە کرد، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی گەلی کوردی شەرمەزار کرد و حکومەتەکەی ڕاسپارد چارەسەرێکی سیاسی بدۆزێتەوە بۆ ئەو شەڕە.

لەپاش چەند هەفتەیەک لە قبوڵکردنی بڕیارەکە، وەزیری ناوخۆی ئەوکاتە، جۆرجیۆ ناپۆلیتانۆ، وەڵامی ناڕەزایەتیی بەرپرسانی گرووپی فۆرزا ئیتالیای دایەوە سەبارەت بە پێدانی ستاتۆی کۆچبەری بە هاووڵاتیانی کورد خاوەن پاسەپۆرتی تورکی، گوتبووی لە ئەنجامی ئەو ڕەزامەندی کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوە، بە ناچاری بەم کارە هەستاوە.

پاشان ئەم هەوڵە لەلایەن پەکەکەوە وەک سەرکەوتنێکی مەزن ستایشکرا، سەرۆک ئۆجەلان پێی وتم کە دەیەوێت لەگەڵ شاندێکی پارتەکەمان کۆببێتەوە. لە مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٨ وەفدێک کە پێکهاتبوو لە من و پەرلەمانتار واڵتەر دی سێزاریس و سەرۆکی پرۆسەکانی ئاشتی لە بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتەکەمان ئەلفیۆ نیکۆترا لەگەڵ سەرۆک ئۆجالان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کۆبووەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ئێمە و ئۆجالان گرنگ بوو، چونکە ئێمە زانیمان کە پەیوەندییەکانمان زیاتر لە پشتیوانی نەریتی نێوان هێزە سیاسییە چەپەکان پێشدەکەون. لە بەرامبەر داهێنانە نەرێنییەکانی گڵۆباڵیزمی سەرمایەداریدا، بۆمان دەرکەوت هەمان بەرژەوەندی و نیگەرانی کۆمان دەکاتەوە، پێویستە هێزە شۆڕشگێڕەکانی جیهان بە شێوەیەکی یەکگرتوو بیربکەنەوە و هەڵسوکەوت بکەن، نەک خۆیان سنووردار بکەن بۆ پشتیوانیکردن لە پەیوەندییە ئاساییەکاندا و ئەمەش لەو وڵاتانەی کە دان بو ماف و هەبوونی کەمینە نەتەوەییەکان نانێن، تاکە چارەسەر دانوستانە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەرقەرارکردنی ئاشتی.

کۆبوونەوەکە لەلایەن ڕۆژنامەی پارتەکە “لیبەرازیۆن” بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و بەشێکی فراوانی ڕۆژنامەکەی گرت.

دەتوانرێت لێرەوە بڕوانرێتە بڕیاری ناوبراوی پەرلەمانی ئیتاڵیا لە ١٠ ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٧:

https://leg13.camera.it/_dati/leg13/lavori/bollet/199712/1210/pdf/03.pdf

واتە حکومەتی ئەوکاتەی ئیتاڵیا دەیزانی عەبدوڵا ئۆجالان دێتە ئیتاڵیا؟ لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجالان چی ڕوویدا و لە فڕۆکەکەدا لەگەڵ ئۆجەلان باستان لە چی کرد؟ بەڕای ئێوە ئۆجالان بۆچی ئیتاڵیای هەڵبژارد؟

لە ڕۆژنامە نێونەتەوەییەکانەوە زانیم کە سەرۆک ئۆجالان ناچارە سوریا بەجێبهێڵێت. دوای ماوەیەکی کورت زانیاریم لە حزبی کۆمۆنیستی فیدراسیۆنی ڕوسیا وەرگرت کە ئۆجالان لە ڕوسیایە و دەتوانرێت ئەم بابەتە لە دۆما وتوێژی لەسەر بکرێت و لەبارەی پێدانی مافی پەنابەری سیاسی بڕیاربدرێت.

لە لایەکی ترەوە تا ئێوارەی ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨ لەلایەن سەرکردەکانی کورد لە ئیتاڵیا ئاگادارکرامەوە کە سەرۆک ئۆجالان لە ڕوسیا مەترسی لەسەرە، چونکە بەشێک لە حکومەت و دەزگای هەواڵگری پلانیان دانابوو ڕادەستی تورکیای بکەن، هیچی ترم نەدەزانی. هەروەها پێیان وتم کە سەرۆک بڕیاریداوە بێتە ئیتاڵیا هەرچەندە ئەڵتەرناتیڤی تری هەبوو، هەم لەبەر ئەوەی پەرلەمانی ئیتالیا پێشکەوتووترین هەڵوێستی لەسەر پرسی کورد هەبووە و هەم لەبەر ئەوەی دەیویست لە وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆدا کە خاوەنی نەریتی پشتگیریکردن و بەشداریەکی گرنگە لە پرۆسەکانی ئاشتی، بانگەواز و پێشنیاری کۆبوونەوەی ئاشتییانە دەست پێ بکات.

تاوەکو سەرۆک ئۆجالان بگاتە ئیتالیا و مافی پەنابەری سیاسی بەدەست بهێنێت، یەکسەر دەستمان بە کارەکانمان کرد. لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی هەموو شتێک بە ئاسانی و ڕێکی بڕوات، لێکۆڵینەوە و ڕاوێژمان بە هەموو دامەزراوە و ڕێکخراوەکان کرد. ناتوانم لەبارەی پەیوەندیمان لەگەڵ دامەزراوەکانی ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکە زانیاری وردتر بخەمە بەردەستتان.

بە چەند هۆیەک، ئەم پرۆسەیە ئاسان نەبوو. تورکیا وەک دوای بڕیارەکەی پەرلەمان کاردانەوەی بەرامبەر چالاکییەکانمان هەبوو. لە دەرەوەی تورکیاش، لە ئەڵمانیا فەرمانی دەستگیرکردنی نێونەتەوەیی بۆ ئۆجالان هەبوو. هەر لەسەرەتاوە ڕوون بوو بەهۆی بڕیارەکەی ئەڵمانیاوە لە کاتی گەیشتنی بە ئیتاڵیا دەستگیر دەکرێت، ئیتاڵیا دەبێت وەڵامی ئەرێنی بداتەوە بۆ داواکارییەکی ئەڵمانیا پەیوەست بە ڕادەستکردنی ئۆجالان.خ

سەرەڕای زەحمەتی و ئاستەنگە زۆرەکان، هەلومەرجەکانمان ڕەخساند تاوەکو سەرۆک ئۆجالان بچێتە ئیتاڵیا. بەو دواییانە لەگەڵ بەڕێوەبەرێکی کورد چوومە مۆسکۆ و لە ژێرزەمینی ئەو فەرمانگە سەربازییانەی کە هەواڵگری ڕووسیا پاسەوانییان دەکرد لە هەمان فڕۆکەخانە لەگەڵ سەرۆک ئۆجالان کۆبوومەوە.

باسی ڕەوشی ئیتاڵیا و ڕەوشی کاتی گەیشتنمان بە ئیتاڵیا کرد. دەستگیر دەکرێت، بەڵام ناخرێتە زیندان، بەڵکو بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە لە نەخۆشخانە دەهێڵرێتەوە. پاشان لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، وەک ئەوەی هەیە، دادوەر چاوەڕێی ئەگەری داواکاری ڕادەستکردنەوەی بە ئەڵمانیا دەکرد و ئازادی دەکرد.

ڕاستییەکەی پێم ڕاگەیاند ئەگەر بەدیلەکانی تریش لەبەرچاو بگرن، چونکە سەرەڕای هەوڵەکانمان، بەڵام بەو هۆیەی ئیتاڵیا وڵاتێکی خاوەن سەروەریی دیفاکتۆیی سنووردارە، فشاری تورکیا لەسەر ئەمریکا و ئیتاڵیا وەک دەزانرێت پەیوەستە بە ئەمریکاوە، بۆیە ڕەنگە هەرکاتێک بێت ڕەوشێکی نادیار بێتە ئاراوە.

پێی گوتم، ئەگەر ئەڵتەرناتیڤی تریشی هەبێت، ئەوا بڕیاریداوە بڕواتە ئیتاڵیا، چونکە دەیەوێت بیکاتە دەرفەتێک بۆ دەستپێکردنی پێشنیارەکەی بۆ دانوستانەکانی ئاشتی، هاتنی بۆ وڵاتێکی وەک ئیتالیا، کە هاوکات ناوەندی ڤاتیکانە و لە هەموو جیهاندا زۆر ناسراوە.

هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە هیچ بناغەیەکی نییە و لەبەر ئەوەی پێی وایە هەموو دادگایەک ڕەوایەتی بە وی دەبەخشێت، بۆیە کێشەی ڕادەستکردنەوەی بە ئەڵمانیا نایەتەپێش.

بەم جۆرە سواری یەکەم فڕۆکە بووین بەرەو ڕۆما.

لە فڕۆکەکەدا هەندێک باسی سیاسەتمان کرد. باسی ڕەوشی نوێی ئیتاڵیام بۆ کرد، ئەو حکومەتەی کە دی ئالێما سەرۆکایەتی دەکرد دوای ئەوەی حکومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی پرۆدی ڕووخا بەهۆی پچڕانی نێوان ئێمە و حکومەت و دژایەتیمان لەگەڵ حکومەتی نوێ. هاوکات باسی هەندێکی شتی ناگرنگ و خۆشمان کرد، وەک تۆپی پێی ئیتاڵی و تورکیا.

دواتر باسمان لەوە کرد، دوای گەیشتنمان چی بکەین. وتم باشترین شت ئەوەیە ئەم کارە بکەین: سەرۆک و سکرتێرەکەی و کوردێک کە لەگەڵ ئێمە سەفەری کردووە و بە زمانی ئیتاڵی قسەی دەکرد، بچنە ئەو دەروازە سنوورییەی کە تایبەتە بە دیپلۆماتکاران و بە داوای مافی پەنابەری سیاسی خۆی بناسێنێت. من و ئەو کەسانەی تر کە لەگەڵیدا بوون (بەگشتی ٤ یان ٥ کەس) بە شێوەیەکی ئاسایی بە دەروازەی سنووردا تێپەڕین. هەرچەندە پاسپۆرتی کاروباری پەرلەمانیم پێ بوو، بەڵام لەگەڵ سەرۆکدا نەچوومە سنووری دیپلۆماسی، تاوەکو بوونی سەرۆک لە ئیتاڵیا و پەیامی ئاشتییەکەی لە ژێر سێبەری ئەو مشتومڕە بچووکانەی سیاسەتی ئیتالیادا نەمێنێتەوە، پێمان وابوو باشترە ڕۆڵی لایەنگریمان بە شاراوەیی بمێنێتەوە.

هەموو شتێک بەگوێرەی پلانەکە بەڕێوەچوو. سەرۆک داوای مافی پەنابەری کرد، لەشکرێکی پۆلیس خۆی و سکرتێرەکەی و وەرگێڕە کوردەکەیان گرت و بردیانن. گەیەندرایە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی ڕۆما. دوو پارێزەری بەناوبانگ جیولیانۆ پیساپیا و لویجی ساراجێنی هاوکاریان کرد و دوای چەند ڕۆژێک ئازاد کرا. نووسینگەی کوردی لە ئیتاڵیا بە هاوکاری دەزگای هەواڵگری ئیتاڵیا، کێشە ئەمنییەکانیان لەبەرچاو گرت، ڤێلایەکی بچووکیان لە گەڕەکێکی دەرەوەی ڕۆما بە کرێ گرت، بۆ ئەوەی ببێتە شوێنی مانەوەی ئۆجالان تا کاتی ڕۆیشتنی. هەروەها ئەم ڤێلایە خاوەنی ئامرازی بەرپەرچدانەوەی هێرشی موشەکی بوو.

سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی ئیتاڵیا، ماسیمۆ دی ئالیما هەڵوێستی بەرامبەر هاتنی ئۆجالان چی بوو؟ لەبەرئەوەی لەگەڵ ئۆجالان بوون، دۆسیەیەک لەسەر ئێوە کرایەوە، هۆکارەکەی چی بوو؟

دەتوانین بڵێین سەرۆکی ئەوکاتەی ئیتاڵیا بەرامبەر ئۆجالان و دۆزی کورد سارد بوو و خۆی لێی بەدوور گرت. کاتێک سەیری پێگەی نێونەتەوەیی ئیتالیا و بازرگانییە مەزنەکەی لەگەڵ تورکیا دەکەین، بەتایبەتی لە بواری سەربازیدا، تێدەگەین کە پەیوەندییەکانی ئیتالیا لەگەڵ تورکیا لەم ڕووەوە بەهێز بووە.

لە مشتومڕێکی پەرلەمانیدا، ڕێکخراوەکانی ئیتاڵیا وەڵامی هێرشی پارتە ڕاستڕەوەکانیان دایەوە، ڕەوایەتی و یاسایی بوونی کارەکانیان پیشاندەدات، ئۆجالان بە هۆی فەرمانی دەستگیرکردنی ئەڵمانیاوە دەستبەسەرکرا، داوای مافی پەنابەرییان لەبەرچاو گرت و بەرگرییان لێ کرد.

بەڵام پاش چەند هەفتەیەک داوایەکم لە دادگاوە پێگەیشت و تۆمەتبارکرابووم بە یارمەتیدان و هاوکاریکردنی پەنابەریی نایاسایی، لەم بارەیەوە باس لە زانیارییەکانی ئێمە نەکرابوو. ڕاپۆرتی پۆلیس سەبارەت بە هاتنی ئۆجالان هەڵە بوو. لە ڕاپۆرتەکەدا نووسراوە ئۆجالان بە بەڵگەنامەیەکی ساختە هەوڵی داوە سنوور تێپەڕێنێت، پاش ئاشکرابوونی دەستبەسەر کراوە.

پاشان بێتاوان دەرچووم، چونکە گوتم ئۆجالان لەگەڵ سکرتێرەکەی و کوردێک چووەتە فڕۆکەخانە بۆ دەرکردنی پاسپۆرتی دیپلۆماسی لە ئیتاڵیا و ئەمەش نابێت وەک کارێکی نایاسایی سەیر بکرێت.

داوام لە دادوەرەکان کرد سەیری دیمەنی کامێرای فڕۆکەخانە بکەن و ئەمە پشتڕاست بکەنەوە. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە دادوەری دادگاییکردنەکە ڕایگەیاند کە دیمەنەکانی گەیشتنمان بە فڕۆکەخانە ون بووە و وتی کە باوەڕ بە قسەکانم دەکات و بەم شێوەیە کۆتایی هێناوە بە لێکۆڵینەوەکە.

هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە ماسیمۆ دی ئالێما کاری نایاسایی ئەنجام داوە و هەرچەندە بە فەرمی فەرمانی گۆڕینی تۆمارەکانی هاتنی ئۆجالان نییە، بەڵام مەحاڵە ئاگای لەمە نەبووبێت.

ئەگەر سەرۆکی حکومەت ئاگاداری ئەم کارە نایاساییە نەبووایە، کاتێک ڕاستییەکەی بۆ دەرکەوت، دەبوو هەموو ئەو کارمەندە حکومیانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی دژی کۆماری ئیتاڵیا جووڵاونەتەوە و کار بۆ بیانییەکان دەکەن، بدۆزێتەوە و دادگاییان بکات. بەڵام ئەمەمان نەبینی.

کاتێک عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیتاڵیا بوو لەڕووی دیپلۆماسییەوە چ ڕوویدا؟ ئاخۆ فشاری مەزن لەسەر حکومەتی ئیتاڵیا هەبوو بۆ دەرکردنی ئۆجالان؟ یان کام وڵات ڕاستەڕاست فشاری سیاسی دەکردە سەر ئیتاڵیا؟

ئەوکاتە حکومەتی تورکیا لەژێر سەرۆکایەتی ئەجاوید بوو، زۆرێک لە گرێبەستە سەربازی و مەدەنییەکانی بە بەهای ملیارەها یۆرۆ هەڵوەشاندەوە و باڵیۆزی بۆ کۆبوونەوەکان گەڕاندەوە و کەمپەینێکی دژی ئیتاڵیا و حکومەتی ئیتاڵیا دەستپێکرد و داوای ڕادەستکردنەوەی ئۆجالانی کرد.

بەڕای من دی ئالێما چ بە نهێنی و چ لەبەردەم ڕای گشتی، بە ئاشکرا فشاری خستووەتە سەر ئەڵمانیا تاوەکو داوای ڕادەستکردنەوەی ئۆجالان بکات. ئەڵمانیا هەرگیز ئەمەی نەکرد.

حکومەتی ئەمریکا لە ڕێگەی وەزیری دەرەوە مادلین ئۆلبرایت بە ڕوونی دەیویست ئیتاڵیا ئۆجالان ڕادەستی تورکیا بکات. ئەم داوایە نەوەک هەر بۆ ئەمریکا، بەڵکو بۆ ئیتاڵیا و تورکیاش دەستوەردانێکی جدی بوو، هەروەها پێشێلکردنی یاساکانی حکومەتی ئیتالیا ڕەوشێکی جدی بوو.

کاتێک ئەم فشارانە بە ئاشکرا بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێت، ئایا دەتوانن پێشبینی ئەوە بکەن کە بە نهێنی چی دەکرێت، یەکێک لەوانە بڵاوبوونەوەی هەواڵی من بوو سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆک ئۆجالان بۆ ئیتاڵیا. دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرای کرد پەرلەمانتارێکی ئیتاڵی و دوو پەرلەمانتاری یۆنان لەناو فڕۆکەکەدا لەگەڵ ئۆجالان لە یۆنان بوون. هەواڵێکی ڕاستەقینە نەبوو چونکە من لەوێ بووم، بەڵام بەس بوو بۆ ئەوەی ڕۆژنامەکانی ئیتاڵیا توڕە بکات و هەوڵی دۆزینەوەی تاوانبار بدات. چەند مانگێک پێش ئەوە ڕۆژنامەی پارتەکەم وێنەی ئەو دیدارانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجاممان دابوو بڵاوکردبووەوە و زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان هەوڵیان دا ئەو گومانانە لەسەر من و پارتەکەم پشتڕاست بکەنەوە.

هەروەها ئاگادارکرامەوە کە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەلایەن ئەندامی ڕاستڕەوی پەرلەمان، سیلڤیۆ بێرلۆسکۆنی، سەبارەت بە پرسە سیاسییە ناوخۆییەکان سازدەکرێت و لەم کۆبوونەوەیەدا، من تۆمەتبار دەکات بە هێنانی تیرۆریستێک بۆ ئیتاڵیا و تاوانبارم دەکات بە زیانگەیاندن بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیتالیا (تەنانەت ئەوکاتە پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکێتی ئەوروپادا نەبوو).

لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨دا ناچار بووم بە ئامادەبوونی بێرلۆسکۆنی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی سازبکەم و گوتم لەسەر داوای ئۆجالان یارمەتیم دا کە بێتە ئیتالیا و داوای مافی پەنابەری بکات، تاوەکو ئاگربەستێکی یەکلایەنە ڕابگەیەنێت و داوای کۆبوونەوەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا بکات.

وەک چاوەڕوان دەکرا، شەڕی سیاسی دەستی پێکرد و زۆربەی ڕۆژنامە و کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان دەیانگوت بۆ زیانگەیاندن بە حکومەت، ئۆجالانم هێناوەتە ئیتاڵیا. بۆ یەکەمجار دی ئالێما شتێکی پەسەندکراوی دەربڕی و و گوتی ‘ئۆجالان ئەو کەسە نییە کە دەبێت بۆم بهێنرێت’، چۆن دەتوانن بەم هەڵوێستە لە ئۆجالان نزیک ببنەوە! ئەو سەرۆکی ملیۆنان کەسە، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، دوای سوپای ئەمریکا، دژی بەهێزترین سوپای ناتۆ وەستاوەتەوە و سەرۆکی شەڕی گەریلاییە. بەڵام بە گوێرەی زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی ئیتاڵی و نوێنەری پارتە ڕاستڕەوەکان و تەنانەت هەندێک چەپڕەوی نەژادپەرست و نەزان، من بۆ بەگژاچوونەوەی حکومەت ئۆجالانم هێناوەتە ئیتاڵیا!

بەشی دووهەم

“ئەگەر ئەمڕۆ لە جیهاندا رێبەرێکی راستەقینە بوونی هەبێت، کە هاوتای نێلسۆن ماندێلا بێت، ئەویش سەرۆک عەبدوڵا ئۆجالانە.ئازادی ئەو دەتوانێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت”.

سیاسەتمەداری ئیتاڵیایی رامۆن مانتۆڤانی کە ئەو کات ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئیتالیا بوو، لە فڕۆکەی روسیا- رۆما لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندابوو، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات باس لەو رۆژانی رێبەری گەلی کورد لە رۆما و قۆناغی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و بەدیلگیرانی دەکات.

٢٥ ساڵە بەدیلگیرانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵی لە هەلومەرجی دژواری گۆشەگیریدا بەردەوامە، هێزە نێونەتەوەییەکان لەم هەلومەرجە و قۆناغی بەدیلگیرانە بەرپرسیارن. عەبدوڵا ئۆجالان کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ لەپێناو قۆناغێکی ئاشتی و داناوستان سوریای جێهێشت، پانۆڕامای سیاسی لەنێوان ئەو رێککەوتە و ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ی، کە لە نایروبی پایتەختی کێنیا رفێندرابوو وەک “پیلانگێڕیی لەخاچدان و چوارمیخ” هەڵسەنگاندبوو.

رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨دا چووبووە مۆسکۆ، لە ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨ بە فرۆکەی هێڵی ئاسمانی رووسی لە فرۆکەخانەی لیۆناردۆ داڤینچی لە رۆما دابەزیبوو. لە رۆما قۆناغێکی دژواری ٦٦ رۆژە چاوەڕێی ئۆجالانی دەکرد. بۆ ئەوەی پرسی کورد بە رێگەی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت ئیتالیای وەک شانس و دەرفەتێک بۆ ئاشتی و دانوستان دانا.

لە رۆژی گیرانی عەبدوڵا ئۆجالانەوە تائێستا زۆر جار باس لە رۆڵی ئیتالیا لە پیلانگێریدا کراوە. ئەو کاتە هەندێک دەیانگووت، حکومەتی ئیتالیا بە سەرۆکایەتی ماسیمۆ دالێما رۆڵی خۆی لە پیلانگێڕی نێونەتەوەییدا جێبەجێ نەکردووە، هەندێکیش رەخنەی ئەوەیان لە حکومەتی ئیتالیا دەگرت، کە لە پێناو مانەوەی ئۆجالان لەو وڵاتە، بە ئازایەتیەوە مامەڵەی نەکردووە. لە راستیدا لە ١٦ی کانونی دوەمی ١٩٩٩ کە عەبدوڵا ئۆجالان ئیتالیای جێهێشت قۆناغی بە دیلگیرانی دەستیپێکرد.

لە پارتی کۆمۆنیستی ئیتالیاوە، کە بەر لەو قۆناغە و دوای ئەو قۆناغە یەک لە شایەتحاڵان و گەواهیدەرانی رۆژانی مانەوەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە رۆمابوو، لە ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨ لە گەشتی مۆسکۆ-رۆما لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان چووبوو بۆ فرۆکەخانەی مۆسکۆ. بۆ ئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیتالیا بمێنێتەوە، زۆر پێداگری کرد، ئەو کەسە پەرلەمانتاری پارتی سەرلەنوێ بونیادنانەوە کۆمۆنیستی ئیتالیا و ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئیتالیا رامۆن مانتۆڤانی بوو. رامۆن مانتۆڤانی وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسەکەمانی دایەوە.

عەبدوڵا ئۆجالان سەرباری داوای وەرگرتنی مافی پەنابەری سیاسیش ناچار بوو کە ئیتالیا جێبهێڵێت. قۆناغی دواتر بووە مایەی بە دیلگیرانی لە کینیا. ئۆجالان لە لێدوانەکانی دواتریدا لەبارەی بە دیلگیرانی ئو دۆخەی وەک پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی خۆی ناودێر کردبوو. ئێوە لەو بارەوە چۆن بیر دەکەنەوە؟

بەتایبەتی هێزەکانی وەک ئەمریکا و ئەو کۆمپانیا فرەنەتەوانەی دەیانەوێت بەردەوام بن لە تاڵانکردنی سامانی کوردستان، پارتە سیاسیەکان کە دۆستی تورکیان (با لەبیری نەکەین لەو کاتەدا ئەجەڤیت سەرۆکی پارتێکی ئەندامی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست بوو)، هەروەها کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک کە تورکیایان وەک کڕیارێکی گرنگ دەبینی، بۆ ئەوەی رێگری لە سەرخستنی پێشنیازەکانی پەکەکە بۆ ئاشتی بکەن، لە ناو خۆیاندا یەکیان گرت، بۆیە لەم رووەوە تەواو قسە و هەڵسەنگاندنەکەی سەرۆک پشتڕاست دەکەمەوە و هاوڕام لەگەڵیدا.

کاتێک بابەتەکە دێتە سەر ئیتالیا، گوشاری ئاشکرا و شاراوەی حکومەتی ئەمریکا کە من پێشتر باسم کردبوو، لەگەڵ گوشارەکانی سەر حکومەتی دالێما لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئیتاڵیاوە بە جۆرێک بوو کە لە حکومەتی خۆیان زیاتر، دڵسۆزی فەرمانەکانی ئەمریکا بوون. من ئەو دۆخەم لە قسەکانی سیاسەتمەداران و لە هەمان کاتدا نوێنەرانی حکومەتی ئیتاڵیا بیست کە بۆیان باس کردم.

هەموو ئەوانەی مێژووی کۆماری ئیتالیا دەزانن، هاوشێوەی زۆر دۆسیەی تاوانکاری ئاگادارە کە دەزگاکانی دەوڵەت لە ساڵانی ١٩٦٠، ١٩٧٠ و تا ١٩٨٠ لە ئامادەکردنی هێرشی تیرۆریستی بۆ رێگری لە گەیشتنە دەسەڵاتی پارتی کۆمۆنیستی ئیتالیا، هاوکاری سی ئای ئەیان دەکرد. لەبەر ئەوە لەم دۆخەدا مایەی سەرسوڕمان نییە کە سی ئای ئەی کەسانی سەر بە خۆی بە کارهێنابێت.

دوای گوشارەکانی دەوڵەتی ئیتاڵیا، ئەو کەسانەی بە نوێنەرایەتی حکومەتی دالێما پەیوەندییان بە ئۆجالانەوە کردبوو، راستەوخۆ گوساریان خستبووە سەر ئۆجالان کە ئەو وڵاتە جێبهێڵێت. ویستیان بە زمانێکی راستەوخۆ ئەو گوشارە بگەیەنن، ئەمەش دوابەدوای ئەوەی ئیتالیا داواکاری تورکیا بۆ رادەستکردنەوەی رەتکردبووەوە. بە گوێرەی پەیمانی هاوکاری لە دژی تیرۆر کە ساڵانی ١٩٧٠ لە نێوان ئیتالیا و تورکیا واژۆکرابوو و دوای کودەتاکەی ١٩٨٠ لە تورکیا هەرگیز هەڵنەوەشابووە، هەر دادوەرێکی ئیتاڵی دەیتوانی فەرمانی گرتن بۆ ئۆجالان دەربکات. هەروەها هەڕەشەی گرتنیشیان لە ئۆجالان کرد، کە ئەمەش لەلایەن یەکینەکانی تایبەتی پۆلیسی ئیتاڵیاوە رێکخرابوو.

دوای ئەو دۆخە بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ سەرۆک ئۆجالان قسەم کرد و وەک پارێزەرێک بۆم باس کرد کە گرتنەکەی کورت خایەن دەبێت و دادگا بێتاوانی دەسەلمێنێت. من هیچ پێشنیازێکم نەخستەڕوو، لە بەر ئەوەی دەبوایە پەکەکە و ئۆجالان بڕیاریان بدایە.

ئەگەر راستەوخۆش تێبینی و روانینی من وەربگیرایە، لەبەر ئەوەی بژاردە و ئەڵترناتیڤە گریمانەییەکانی بەردەم پەکەکەم نەدەزانی، من نەم توانی را و پێشنیازەکانم بڵێم. گفتوگۆیەکی درێژ بوو کە ئۆجالان پێداگری لە سەر هەندێک بابەت کرد. هەروەها دڵنیابوو لەوەی کە گرتنی ئەو و شکستی دەستپێشخەرییەکانی بۆ دانوستان، جگە لە ئاسایش و سەلامەتی کەسیی ئەو، لەلایەن گەلی کوردەوە وەک شکستی کۆتایی لێکدەدرایەوە و بێگومان ئەمەش مەیل و کردەوە نائومێدکارانەی زیاتر پەرە پێدەدا.

لەبەر ئەوە دەیویست کە ئیتالیا جێبهێڵێت و بە دوای بژاردە و ئەڵترناتیڤی دیکەدا دەگەڕا. دوای دیدارەکەم لەگەڵ سەرۆک ئۆجالان، نوێنەرانی پێشەنگی پەکەکە ویستیان چاویان بە من بکەوێت و بە منیان وت کە بە گوێرەی پەیوەندی خوشک و برایەتیمان، پەکەکە خواستی ئەوەیە هەیە کە سەرۆک ئۆجالان لە ئیتالیا بمێنێتەوە. لەسەر ئەوە من بەوانم وت، کە ئەگەر ئەوە سودبەخش بێت دەتوانین بە سەرۆککۆمار بڵێین پارتەکەمان وەک پەکەکە بیر دەکاتەوە و باشترین بژاردە ئەوەیە کە ئۆجالان لە ئیتالیا بمێنێتەوە.

من دەزانم کە رۆیشتنی سەرۆک لە ئیتالیا بە هاندان و پشتیوانی حکومەتی دالێما بوو. دواتر بەڕێوەبەرانی پەکەکە ئەو شتانەیان بۆ باس کرد کە روویانداوە. نە من و نە هیچ کەسێک لە پارتەکەم بە هیچ جۆرێک لەگەڵ قۆناغی رۆیشتنی سەرۆک لە ئیتالیا نەبووین.

وەک من تێگەیشتم سەرۆک دوای مانەوەی لە ئیتالیا و لە هێنانە بەرباسی گرنگی دۆزی کورد لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، گەڕایەوە بۆ رووسیا. لەسەر بنەمای هەواڵ و زانیاریی بێ بنەما کە گوایە هەلومەرج بۆ پێدانی مافی پەنابەری و پشتیوانی لە پێشنیازەکانی دانوستان، هاتوونە ئاراوە، گەڕایەوە بۆ رووسیا.

دواتریش بە هۆی مەترسی سەر ژیانی خۆی و ئەگەری گرتنی ناچار بوو کە جارێکی دیکە رووسیا جێبهێڵێت. دوای گەشتێکی کورت، لەگەڵ حکومەتی یۆنان رێککەوتن کرا کە لە وڵاتێکی سێهەم لە باڵیۆزخانەی یۆنان لە ژێر پاراستنی دیپلۆماتیکدا بمێنێتەوە و لەماوەیەکی کورتدا مافی پەنابەری پێبدرێت. بە راستی سەرۆک وەک ئەوەی پلانی بۆدانرابوو گەیشتە باڵیۆزخانەی یۆنان لە کینیا. سودی لە تایبەتمەندی دیپلۆماتیکی باڵیۆزخانەکە وەرگرت. راستەوخۆ ئەوە دەزانم، لەبەر ئەوەی ئەو کاتە جولیانۆ پیساپیا کە پارێزەری ئۆجالان بوو دەرفەتی بۆ رەخسابوو کە بچێتە نایرۆبی و لە باڵیۆزخانە چاوی بە ئۆجالان بکەوێت.

بەڵام لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا حکومەتی یۆنان فەرمانی بە باڵیۆزی خۆی کردبوو، کە ئۆجالان لە باڵیۆزخانە بباتە دەرەوە.

وەک ئەوەی بە من وترا، یەکینەی کۆماندۆ کە لە سیخوڕەکانی تورک و دەزگا هەواڵگرییە نهێنیەکانی دیکە پێکدەهات، لە دەرەوە چاوەڕێی ئەوبوون، بە شێوەیەکی نایاسایی رفاندیان و بردیانەوە بۆ تورکیا. بەهۆی ئەو رووداوەوە سێ وەزیری یۆنانی کە کارئاسانیان بۆ ئۆپراسیۆنەکە کردبوو ناچار بوون دەست لەکاربکێشنەوە. کە وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆیان لەناودابوو.

بە ڕای ئێوە حکومەتی ئیتاڵیا لەو کاتەدا و وڵاتانی دیکە لە گرتنی ئۆجالاندا بەرپرسیارن؟ ئەگەر حکومەتی ئیتالیا بیویستایە، ئایا ئۆجالان دەیتوانی لە ئیتالیا بمێنێتەوە، یاخود بۆ ئەوەی ئۆجالان لە ئیتالیا بمێنێتەوە دەبوایە چی بکرایە؟

لەو بڕوایەدام کە کاتێک مرۆڤ هەلومەرجی سەردانی ئۆجالان بۆ رۆما لەبەرچاوبگرێت و بە گشتی لە گەڵ بێچارەسەری یەکێتی ئەوروپا لە بەرامبەر پرسی کورد دایبنێت، دەبینین کە بەرپرسیارێتیەکی گەورەیان هەیە. بەپێچەوانەوە، لەژێر فشاری ئەمریکا و تورکیادا، پەکەکە نەتوانرا بخرێتە نێو لیستی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانەی کە ئیتالیا لەدوای هێرشەکانی قاعیدە لە نیویۆرک ئامادەی کردبوو، بەبێ هیچ بڕیارێکی پەرلەمانی و حکومەت (ئیتالیا نەیتوانیوە ئەو جۆرە قەبوڵ بکات، بڕیارێک بەهۆی ئەو بڕیارەی پەرلەمانەوە کە پێشتر باسم کرد و ئەو هەڵوێستەی گرتبووی ).

ئەوەی دژیەکی و پارادۆکسێکە کە لەمرۆشدا پەکەکە کە تاکە رێکخراوە کە لە سوریا لە دژی داعش دەجەنگێت، لە ئەوروپا بە فەرمانی وڵاتێکی وک تورکیا کە لە دژی داعش هیچی نەکردووە، ستەمی لێدەکرێت. ئەوە سروشتی راستەقینەی یەکێتی ئەوروپا نیشان دەدات.

حکومەتی دالێما بەهۆی دۆخی مێژووییەوە لە دەریای ناوەڕاستیش بۆ قۆناغی ئاشتی و سیاسەتی دەرەوە کە بۆ ئیتالیا گونجاو بێت، دەرفەتی پێش خستبوو. دیالۆگ و دانوستان دەیوانی ئەنجام بدرێت. لەبەر ئەوەی ئەو مامەڵە و دانوستانەی لە نێوان پەکەکە و حکومەتی ئەردۆغان هاتنە ئاراوە، بە شێوەیەکی رون بە هۆی رۆڵ و قورسایی سیاسی سوپای تورکیاوە نەگەیشتنە ئەنجام.

تەنانەت بە بڕوای من هەوڵی کودەتاکەی ٢٠١٦ و پاکتاوکردنی هەندێک بەڕێوەبەری باڵای هێزە چەکدارەکان لە تورکیاش پەیوەندی بەو هەڵوێستە گریمانەییەی حکومەتی ئەردۆغانەوە هەبوو، بۆ ئەوەی ئۆجالان دانوستانیان لەگەڵ بکات.

نابێت لەبیر بکرێت کە بەر لەوەی سەرۆک لە ئیتالیا بچێتە دەرەوە، ماسیمۆ دالێما و وەزیری دادی ئەو کات ئۆلیڤێرۆ دیلیبێرتۆ دوو لێدوانی رۆژنامەوانیان دا و وتیان حکومەت دەسيڵاتی ئەوەی نییە مافی پەنابەری سیاسی بدات و تەنیا دادگا ئەو دەسەڵاتەی هەیە.

ئەوەش درۆیەکی دیکەیە. هەموان دەزانن کە لە دۆخی ئۆجالاندا، دەوڵەت پەنابەری و پاراستنی دابین دەکات و تەنیا لە دۆخێکدا کە ناکۆکی هەبێت، دەسەڵاتی دادوەری راوەستەی لەسەر دەکات. هەروەها چەند کاتژمێر دوای لێدوانەکانی دالێما و دیلیبێرتۆ سێ وەزیری دیکە، وەزیری دەرەوە لاممبێرتۆ دینی، وەزیری بەرگریی کارلۆ سکۆگنامیگلیۆ و وەزیری بارگانی پیەرۆ فاسینۆ بە دووبارەکردنەوەی قسەکانی دالێما و دیلیبێرتۆ وەڵامیان دایەوە کە ‘حکومەت ناتوانێت مافی پەنابەریی سیاسی بدات’. وتەی ئەو سێ وەزیرە لەبارەی نەبوونی مافی حکومەت بۆ پێدانی پەنابەری سیاسی و لێدوانی هەرسێکیان لەو بارەوە بابەتێکی سەیرە.

ئەوەشی کە هیچ رۆژنامەنووسێک کە بە گشتی بەدواداچوون کە ناکۆکی و ناتەباییەکان لە قسەکانی سیاسەتمەداران دەکەن، بەدواداچوونیان بۆ ئەو لێدوانانە نەکرد، ئەوەش بابەتێکی سەیرە.

عەبدوڵا ئۆجالان کە ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵییە، ٣ ساڵە هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە لەبەردەست نییە. دەوڵەتی تورک کە هەموو مافەکانی لە عەبدوڵا ئۆجالان زەوت کردووە، گۆشەگیری چڕ بەسەر ئۆجالاندا دەسەپێنێت. ئێوە چۆن ئەم گۆشەگیرییە هەڵدەسەنگێنن؟

دەوڵەت و حکومەتی تورک لە ئۆجالان دەترسێت کە تائێستاش بە بێ مشتومڕ رێبەری بێهاوتای گەلی کوردە. گۆشەگیری کردەوە نامرۆڤانە لە زیندان، سروشتی فاشیستی دەوڵەتی تورک نیشان دەدات. دەبێت سەفەربەری و ئامادەباسی نێونەتەوەیی لە پێناو ئازادی ئۆجالان بە هەموو جیهاندا بەرفراوان بکرێت. دەوڵەتی تورک چەندە بە هێزیش بێت پشتیوانی لە ئەمریکا و ئەوروپاش وەربگرێت، بەڵام هۆش و ئەندێشەکان لای گەلی کورد و سەرۆک ئۆجالانن.

دەتوانەوێت لەبارەی رۆڵی عەبدوڵا ئۆجالان لە چارەسەری پرسی کورددا چی بڵێن؟

بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە رێگەی دانوستانەوە دەبێت سەرۆک ئۆجالان وەک مرۆڤێکی ئازاد رۆڵی سیاسی بگێڕێت. وەک ئازادی نێلسۆن ماندێلا کە بۆ کۆتاییهێنان بە ئاپارتاید و دەستپێکردنی قۆناغی دیموکراتیکبوونی ئەفریقای باشوور پێویستی بوو.

ئەگەر ئەمڕۆ لە جیهاندا رێبەرێکی راستەقینە، هاوشێوەی نێلسۆن ماندێلا بوونی هەبێت، ئەویش سەرۆک ئۆجالانە. رزگارکردنی ئەو دەتوانێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت و قۆناغێکی ئاشتی جێگەی متمانە دەستپێبکات و بە بەشداری وڵاتانی خاوەن تایبەتمەندی سیاسی و ئەخلاقی، دەتوانێت رۆڵێکی یەکخستن و یەکانگیر بگێرێت.

رامانی سیاسی، نوسین و رامانەکانی ئۆجالان نەک هەر بۆ دۆزی کورد، بۆ تەواوی چەپەکانی جیهان و هەموو گەلانی ئازاد و ئەو گەلانەی بۆ ئازادی خۆیان تێدەکۆشن، پاڵپشتییە. شۆڕشی ژنان-ی ئۆجالان کە لە ناو گەلانی رۆژئاوادا هاتووەتە کایەوە، پاڕادایمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک و مامەڵەی دەوڵە هەژموونگەرا جیهایەکان کە لە ئەزمونی گەلی رۆژئاوادا بەدی کرا، دەبێت لە سەر ئاستی گەردوونی هەڵبسەنگێندرێت. دەبێت هەموو هێزە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخوازەکانی جیهان بە قووڵی لێکۆڵینەوە لە سەر ئەو تیۆریانە بکەن.

هاوبەشی :