قەرەیلان: هەڵمەتی شۆڕشگێڕی شکستی ‘پلانی لەناوبردن’ی دەرخست

80
0
هاوبەشی :

 

فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە موراد قەرەیلان وتی، هەڵمەتی شۆڕشگێڕی کە بە چالاکی ئەنقەرە دەستیپێکرد و بە چالاکی شاخی ئامێدی گەیشتە ئاستێکی بەرز، شکستی پلانی حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەی نیشاندا کە بە ‘پلانی لەناوبردن’ ناسراوە.

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) موراد قەرەیلان ئەوەی خستەڕوو کە هەڵمەتی گەریلا لە دژی سوپای تورک، رووخان و تێکشکانی ‘پلانی لەناوبردن’ دەردەخات کە حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە پشتیان بەو پلانە بەستبوو.

قەرەیلان وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە. چاوپێکەوتنەکە بەم جۆرەیە؛

لەماوەی رابردوودا ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕییەکانی گەریلاکانی ئازادی کوردستان زیاتر بوون. لە زۆر ئەیالەت چالاکی ئەنجام دەدرێن. لەم دواییەشدا ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕیی شەهید هەڵمەت دێرەلوک ئەنجامدرا. سەبارەت بەو بەرخودانەی گەریلا چی دەڵێن؟

بەر لەوەی وەڵامی پرسیارەکە بدەمەوە، ئێمە لە ساڵیادی بەرخودانی سەردەم- عەفرینداین. لە کەسایەتی هاوڕێ کارکەر و ئاڤێستا خابوردا هەمو شەهیدانی قارەمانی ئەو بەرخودانە مێژووییە بە بیردێنمەوە، لە بەردەم یادی شەهیدانی عەفریندا بە رێزەوە بەژنی خۆم دەچەمێنمەوە. هەروەها شۆڕشگێڕی هێژا و بەنرخ زەلال زاگرۆس بەڕێزەوە یاد دەکەمەوە کە لە کەرکوک لە ئەنجامی هێرشێکی نامەردانەدا شەهید بوو. خوێنی بەفیڕۆ ناچێت و تۆڵەی دەکرێتەوە. لە کەسایەتی فەرماندەی گۆڕەپانی بۆتان هاوڕێ لەیلا سورخوێن ئامەددا هەموو شەهیدانی مانگی کانونی دووەم بە رێز و پێزانینەوە بە بیردەهێنمەوە، لە بەردەم یادی شەهیدانی مانگی کانونی دووەم و شەهیدانی شۆڕش بە رێزەوە بەژنی خۆم دادەنەوێنم. بەڵێنی هاوڕێیەتی کە ئێمە بەوانمان داوە دووبارە دەکەمەوە. تۆڵەی ئەوان دەکەینەوە و پێداگر و رژدین لە سەر ئەوەی ئامانجە پیرۆزەکانیان بەدی بهێنین.

بابێمە سەر پرسیارەکەتان؛ شەڕ و چالاکییەکانی ئەم ماوەیە، بەهۆی ئەو گۆشەگیرییە رەهایەوەیە کە رژێمی ئاکەپە-مەهەپە ٩ ساڵە لە سەر رێبەرمان دەیسەپێنن، لەبەر کردەوەکانی قڕکردن-گوشار بۆ سەر گەلەکەمان و سیاسەتی دیموکراتیکە، لە بەر هێرشی پاکتاوکاری و سڕینەوەیە بەرامبەر بە بزوتنەوەکەمان، کە ویستیان لە رێگەی ئەو هێرشانەوە گەلەکەمان سەرکوت بکەن و بزوتنەوەکەمان بە تەواوەتی لەناو ببەن. بە پشتیوانی هێزە دەرەکیەکان و هێزە هاوکار و داردەستە کوردەکان، قورساییان خستە سەر هەواڵگری و تەکنەلۆژیا و بەم جۆرە ویستیان ئێمە لەناو ببەن. بۆ ئەوەش هەموو سامانی تورکیا، دۆخی جیۆپۆلیتیک و هەموو شتێکیان پێشکەش کرد و هەوڵیاندا لە دەرەوە پشتیوانی وەربگرن؛ ئابوری تورکیا لە ئاستێکی گرنگدا بۆ ئەم شەڕە تەرخان کراوە و ویستیان ئەنجام بەدەستبهێنن. بەڵام سەرباری هەموو ئەو هەوڵ و هێرشە بەرفراوان و هەمەلایەنەش نەیانتوانی سەربکەون. ئەو چالاکیانەی دەکرێن ئاماژەن بۆ ئەو راستیانە. لە بنەڕەتدا ئەو قۆناغە لە رێگەی چالاکی گیانبازی ١ی تشرینی یەکەم لە ئەنقەرە دەستیپێکرد و بە چالاکی ٢٠ و ٢٧ی تشرینی دووەم، چالاکیەکانی ٢٢ و ٢٣ی کانونی یەکەم و لەم دوواییەشدا بە چالاکیەکانی ١٠ و ١٢ و کانونی دووەم گەیشتە ئاستێکی بەرز. لەم ماوەدا هەڵمەتی گرنگی چالاکیەکان ئەنجامدران، لەم ماوەیەدا زۆر چالاکی گەورە و بچوک ئەنجامدران. ئەوەش هەڵمەتێکی گەریلایە لە دژی سیاسەتی قڕکردن و گۆشەگیری، بەرپەرچدانەوەیەکە. لەم دواییەدا ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕیی شەهید هەڵمەت دێرەلوک لە شاخی ئامێدی، چالاکیەکی بەو جۆرەیە کە ئاستی سەرکەوتنی بەرزە. یۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕیە کە بە هەموو جۆرێک شایەنی پیاهەڵدان و پەسندان. لە ساڵی ٢٠١١ لە ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێری شەهید چیچەک کچی لە چەلێ تائێستا، سەرکەوتووترین چالاکییە.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا وەزیری ئەو کاتی شەڕی دەوڵەتی تورک وتی، ئەوان ‘پەنجە قوفڵ’یان تەواو کردووە و سەرکەوتنی راگەیاند. لەگەڵ راگەیاندنی ئەو سەرکەوتنە لە هەمان گۆڕەپان چالاکی گەریلا ئەنجامدرا. ئایا ئەمە بە چ واتایەکە؟

پایزی ٢٠١٦ کاتێک دەوڵەتی تور بە هاوکاری گلادیۆی ناتۆ بووە خاوەنی دەرفەتی بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای فرۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر، ئەو کاتەش وەزیری ناوخۆ وتبووی، لە نیسانی ٢٠١٧ بەدواوە کەس ناوی پەکەکەی بە زماندا نایەت. ئەوان زۆر پشتیان بە پشتیوانی دەرەکی و ئەو تەکنەلۆژیایە بەست. پێیانوابوو کە دەتوانن بەو تەکنەلۆژیا و هەواڵگرییە پرسی کورد کۆتایی پێبهێنن، کە پرسێکی کۆمەڵایەتیە.

دواتریش لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ لەگەڵ عێراق و پەدەکە دیداریان کرد، لە سەر بنەمای وەرگرتنی پشتیوانی لەوان لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢١دا لە گارە دەستیان بە هێرشکرد و لە ماوەی ٢-٣ مانگدا پلانیان هەبوو هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا بە تەواوەتی لەناوببەن. بەڵام لێکدانەوەکانیان یەکی نەگرتەوە. لەو شەڕەدا پلانیان ئەوەبوو کە لە سێ مانگدا سەردەکەون، بەڵام سێ ساڵە لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا گەیشتوونە بنبەست و چەقیون. ئەوەش روون و بەرچاوە؛ هەموو رەهەندەکانی ئەو شەڕە لە گەل و رای گشتیی تورکیا دەشارنەوە.

راستە لە پاییزی ٢٠٢٣دا خولوسی ئاکار رایگەیاند، کە ئۆپراسیۆنەکە نزیکە لە کۆتایی و سەرکەوتنی خۆی راگەیاند. ئەوەش شەرمێکی گەورە بوو لەبەردەم راستیدا. لەبەر ئەوەی هیچ سەرکەوتنێک لە ئارادا نەبوو.

ئێستا هەڵمەتی شۆڕشگێریی کە بە چالاکی ئەنقەرە دەستیپێکرد و لەەم دواییەدا بە چالاکی شاخی ئامێدی گەیشتە ئاستێکی بەرز، لە بنەڕەتدا هەموو درۆکانی ئەوانی لەبارەی شەڕەوە بۆ گەلانی تورکیا و رای گشتیی جیهان ئاشکرا کرد. بەرخودانی گەورەی نۆ ساڵی رابردوو لە دژی قڕکردن لە کوردستان، راستی سێ ساڵی رابردوو لە رێگەی ئەو چالاکیانەوە نیشاندرا. ئەو چالاکیە دەرخەری شکستی ‘پلانی لەناوبردن’ە کە حکومەتی فاشیستی ئاکەپە- مەهەپە هیوای زۆریان لە سەر هەڵچنیبوو، کە پڕۆژەیەکی جینۆسایدبوو. بەرخودانی مێژوویی نۆ ساڵە لە زیندانەکان، شەقامەکان و چیا، هەروەها قۆناغی ئەم دواییەی چالاکیەکان ئەو راستیە دەخەنەڕوو. واتە گەلی کورد لە دژی ئەو سیاسەتی قڕکردنەی بەسەریدا دەسەپندرێت، لە هەموو بوارێکدا و لە هەموو گۆڕەپانێکدا، کە لەسەر هێڵی رێبەر ئاپۆ بە گیانبازی گەورە خۆڕاگری دەکات، دەریدەخات کە ئەمرۆ ئیرادەیەک، لە بەرامبەر هێرشە قڕکاری- فاشیستیەکان هەرگیز هەنگاو بۆ دواوە نانێت. ئەم قۆناغەی چالاکیەکانی هەڵمەتەکە ئەوەی بە روونی نیشاندا.

چۆن ئەم ئاستەی گەریلا هەڵدەسەنگێنن؟ لە رووی سەربازی و سیاسیەوە هەڵگری چ پەیامێکە؟

ئەو چالاکیانە لە رووی سەربازییەوە دەریدەخات کە وەک هەپەگە تێز و دۆکتۆرینی شەڕی ئێمە دەسەلمێنێت و پشتراستی دەکاتەوە، ئاستی سەرکەوتن نیشان دەدات. لایەنی هەرە گرنگی ستراتیژی شەڕ ئەوەیە کە بە کەمترین زیانی گیانی ئەنجامی گەورە بەدەست بهێنێت. بەتایبەتی لە سێ ساڵی رابردوودا تاکتیکەکانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە گیانی فیدایی ئاپۆییەوە راستی دەخاتە بەرچاو. واتە رێبازی؛ بە کەمترین زیانی گیانیەوە بەدەستهێنانی ئەنجامی گەورە، بە کردەوە ئەمە دەبینرێت. هەربۆیە لێدوان و راگەیەندراوی دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر زیانە گیانیەکانی ئێمە هەمووی هەڵبەستراو و بێبنەمان؛ درۆن بۆ خەڵەتاندن و چەواشەکردنی رای گشتی. ئێمە مامەڵەی تاکتیکی بەو جۆرە دەکەین کە بە کەمترین زیانی گیانیەوە ئەنجامی گەورە بەدەستبهێنین و ئەنجامەکانیش بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین. جگە لەوە هیچ زیانێکی گیانی دیکەمان بەرنەکەوتووە. بە کورتی پێرفۆرمانس و ئەدایەکی گرنگی سەربازی بەدەستهێنراوە.

لە رووی سیاسیشەوە گرنگترین پەیامی ئەو بەرخودانە، پێرفۆرمانسی سەربازی و ئایدۆلۆژیایی گەریلاکانی ئازادیی کوردستانە لە سەر هێڵی پەکەکە. نیشاندرا کە هێزێکی خاوەن بڕیارداری پتەو، هەڵوێستی سەربازی و ئایدۆلۆژی نابەزێت و شکستناهێنێت. پەیامێکی لەم جۆرە بە کۆلۆنیالیزمی قڕکەر دراوە، ئێوە چەندەش پشتیوانی دەرەوە و دەرفەتە تەکنەلۆژیاییەکانیشتان هەبێت، بە کۆمەڵکوژی و کوشتن ناتوانن بگەنە ئەنجام’. ئەو پەیامە بریتیە لەوەی گەلی کورد کۆنترین گەلی هەرێمەکەیە و رەگی خۆی لە قووڵایی مێژوودا داکوتاوە، لە رێگەی توندوتیژیەوە هەڵناتەکێندرێت و لەناو ناجێت. ئەمە راستیەکە و پێویستە ئەو راستیە قەبوڵ بکەن. ئێوە ناتوانن نکۆڵی لە بوونی کۆنترین گەلی ئەم خاکە بکەن و بە نەبوو دایبنێن. ئەو بەرخودان و چالاکیەی ئەنجامدراوە جارێکی دیکە ئەوەی خستەبەرچاو.

بە بڕوای ئێوە لایەنی بەرامبەر بە دروستی لەو پەیامە تێگەیشتووە و بە گوێرەی ئەو گۆڕانکارییە سیاسەت دەکات؟

ئەگەری ئەوەی لایەنی دژبەر ئەو پەیامەی بە شێوەی راست و دروست درک پێکردبێت، لەم کاتەدا زۆر لاوازە. لە راستیدا پەیامەکەی وەرگرتووە، بەڵام پێداگری دەکەن؛ خۆی لە راگەیەندراوەکانیشیاندا ئەوەیان نیشانداوە. ئاکەپە شوێن مەهەپەی نەژادپەرست و هەندێک ئەرگەنەکۆنی فاشیست نەژادپەرست کەوتووە و بە شەڕ لە دژی گەلی کورد بووەتە ستەمکارترین حکومەت لە کۆنەوە تائێستا. لە هەمان کاتدا هەبوون و سامانی تورکیای بۆ ئەو شەڕە تەخان کردووە و کۆمەڵگای تورکیای برسی کردووە. ئەگەر پێداگری بکات و بەردەوام بێت، ئەو کاتە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا دەبنە گۆڕی ئەو مێشکە فاشیستە. ئەمە مسۆگەرە. بانگەشە و خواستێکی ئاسایی و سوک نییە. لە بەرامبەر ستراتیژی شەڕی ئێمە، مێسکێکی بەرتەسک کە تەنیا لە رشتنی خوێن تێدەگات، لە کوشتن تێدەگات و پێیوایە دەتوانێت ئیرادەی گەلان لەناوببات، بە دڵنیاییەوە شکست دەهێنێت. راستی گەلە خۆڕاگرەکەمان، پشتیوانی دایکانمان، ژنانی ئازادیخوازمان، گەنجانمان و نەریتی سۆسیالیستی چەپی تورکیا لەناو ئەم بەرخودانەدا لەبەرچاوە و ئاشکرایە، کەس ناتوانێت نکۆڵی لێبکات. راستیەکی کۆمەڵایەتیە کە گیانبازانی وەک رۆژهات و ئەرداڵ هەڵقوڵاوی ئەوەن، کە ئەو کاتەی پێویست بکات گیانی خۆیان دەبەخشن، لە رێگەی توندوتیژییەوە لەناونابرێت.

دەوڵەتی تورک و میدیای شەڕی تایبەتیش لەلایەکی دیکەوە پرۆپاگەندە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کۆتاییان بە بزوتنەوەکەتان هێناوە..

بەڵێ؛ لەبەرامبەر دەرفەت و توانای تەکنەلۆژیایی کە بە پشتیوانی گلادیۆی ناتۆ پێیان دراوە و توانا و دەرفەتی هەواڵگری، هێزەکانمان هەندێک دژواریان هاتەڕێ. لە باکوری کوردستان بە تایبەتی لە قۆناغی ٢٠١٧-٢٠١٨ لە بەرامبەر هێرشەکان لە سەر بنەمای تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، ویستمان بە خێرایی رێگە و رێبازەکانمان بگۆرین. بەڵام لە رووی تایبەتمەندی مرۆڤ و کۆمەڵگای کورد و کەموکوڕییەکان لە بواری جێبەجێکردنی گۆڕانکاری، تێگەیشتین کە گۆڕانکارییەکی ریشەیی و بنچینەیی لەماوەیەکی زوودا بە ئەنجام ناگات. لەبەر ئەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامە کە دەبێت لە رێباز و جوڵەدا هەندێک گۆڕانکاری بنچینەیی خێرا ئەنجام بدەین.

بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠١٨ بەدواوە ئەوەمان بۆ خۆمان کردە تاکتیک کە هێزەکانمان لە باکووری کوردستان کەمتر بکەینەوە، زیادی نەکەین، زۆر هێز رەوانەی باکووری کوردستان نەکەین و ئێمە ئەو رێبازەمان گرتەبەر. لەناو سیستمی کۆلۆنیالیستدا هەندێک کەس کە بەدوای رانت و بازرگانیەوە بوون هەوڵیاندا سوود لەوە وەربگرن؛ هەوڵیاندا ئەوە وەک سەرکەوتنی خۆیان نیشان بدەن. ئەمە بابەتێکی جیاوازە، ئەمە دەرخەری بێ ئاستی ئەوانە. تیۆریزانی گەورەی شەڕی ئەڵمانی ژەنەڕاڵ کلاوسویتس شەڕ بە بازرگانی دەچوێنێت و دەڵێت، لە شەڕیشدا دەبێت سود و زیان لێکبدرێتەوە و بە گوێرەی ئەوە هەنگاو بنرێت. ئەو بابەتە لە نوسینەکانی نێوان مارکس و ئەنگڵسیشدا هاتووە. واتە شەڕیش دۆخێکی بەو جۆرەیە کە دەبێت بە گوێرەی قازانج و زیان پلانی بۆ دابنرێت. هەربۆیە بینیمان کە تا رێبازی جموجۆڵی خۆمان نەگۆڕین، زیانە گیانیەکانیشمان زیاد دەبن، لەبەر ئەوەش بە بنەمامان گرت، کە زۆر هێز رەوانەی باکووری کوردستان نەکەین. بەڵام ئەوان ئەوەیان بۆخۆیان وەک سەرکەوتن هەڵسەنگاند و ویستیان کۆمەڵگا و دەوروبەرەکەیان بخەڵەتێنن. هێشتاش لەسەر ئەو هەڵەیە بەردەوامن. کاتێک رۆژی خۆی هات هەمووان دەبینن کە راستیەکە بەو جۆرە نییە.

ئاشکرایە کە پەکەکە لە گۆڕەپانی شەڕەدا باشتر نیشانی دەدات کە تێکۆشان لە سەر هێڵی رێبەر ئاپۆ لاواز نەبووە، بەڵکوو قووڵتر و بەهێزتر بووە. هەربۆیە دەبێت کەس بە چیڕۆکە درۆکان نەخەڵەتێت. ئێمە گەلێکین، هەرگیز و لە هیچ شوێنێک لەناوناچین، ناتوانن لەناومان ببەن. کەس ناتوانێت لەوەدا سەرکەوتوو بێت. دەبێت بەم جۆرە لە چالاکییەکانی ئەم دواییەی گەریلا تێبگەن. ئەوانەی دەیانەوێت بیبینن، ئەمرۆ دەتوانن بیبینن کە گەریلا ئیرادەیەکی پۆڵایینە، بە هونەری بەرزی واتاداریی دەتوانێت بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێک بوەستێتەوە و ئەرکی خۆی بەجێبگەیەنێت. ئەوانەشی کە نایانەوێت ئێستا بیبینن، سبەی رۆژ ناچار دەبن بیبینن.

گۆشەگیری لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەشێوەیەکی توند بەردەوامە. زۆر لایەن دەڵێن گۆشەگیری سیاسەتێکە کە بە ناو تەواوی کۆمەڵگادا بڵاوبووەتەوە. لە دژی ئەوە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی لە پێناو ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان کەمپینێکی لە فراوانبووندایە. ئێوە سیاسەتی گۆشەگیری و بەرخودان لە دژی ئەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەم شەڕەی قڕکردن لە بنەڕەتدا لە ئیمراڵیەوە سەرچاوەی گرتووە. واتە لە ئیمراڵی هەم یاساکانی خۆیان و هەمیش یاسا نێونتەوەییەکان بە ئاشکرایی پێشێل دەکەن و سیستمێکی ئەشکەنجەی دەرونی و گۆشەگیری سازکراوە، کە لە جیهاندا هاوشێوەی نییە. لەم کاتەدا کە دەرفەتەکانی راگەیاندن بەو رادەیە زیاد بوون، ئەشکەنجەی دەرونی و گۆشەگیریی رەها لە ئیمڕاڵی بنەمای ئەو سیاسەتە قڕکارییەیە. ویستیان بەو کردەوەیە هیواکانی گەلی کورد تێکبشکێنن، رێبەر ئاپۆ لەبیر ببەنەوە، لە کۆمەڵگا و جیهان دایببڕێنن، گوشارێکی قورس بخەنە سەر گەل، بە رێبازی شەڕی کۆمەڵکوژی هێرش بکەنە سەر گەریلا و وابکەن کە رێبەر ئاپۆ هەنگاو بۆ دواوە بنێت. بەم جۆرە ویستیان کە بگەنە ئەنجام. بەڵام لە بەرامبەر گۆشەگیری رەها رێبەر ئاپۆ بە پشوودرێژی و خۆڕاگری گەورەوە هەڵوێستی نیشاندا، بە هەڵوێست و بەرخودانی خۆی لەگەڵ هاوڕێیانی سیستمی قڕکارییان بە تەواوەتی بێ ئەنجام کرد.

ئەوان ویستیان لە رگەی گۆشەگیریەوە ربەر ئاپۆ داببڕێنن. ویستیان لە کۆمەڵگا و جیهانی داببڕێنن. هێزی رێبەر ئاپۆ دیوارەکانی ئیمراڵی سەروژێر کرد و نەک هەر لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکوو لە تەواوی جیهانی کاریگەری دانا. ئەمرۆ رێبەر ئاپۆ تەنیا وەک رێبەری گەلی کوردستان دانانرێت، لە هەمان کاتدا وەک رێبەری گەلی عەرەب، گەلی ئاشوری-سوریانی، گەلانی بندەست دادەنرێت. لەسەر ئاستی نێونەتەوەییشدا بووەتە رێبەری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لە دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری. ئەم راستیە زیاتر لە هەموو کات لەم ماوەدا بەرجستە بووەتەوە. ئەوەتا بینیمان؛ کەمپین بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد لە ٧٤ ناوەندی جیاجیای جیهان بە شێوەی هاوکات لەلایەن دۆستانی بیانی و هاوڕێیانی رێبەر ئاپۆوە دەستیپێکرا. هەندێک ناوەندی دیکەی لێزیادبوون و گەیشتە نزیکەی ١٠٠ ناوەند، لەلایەن کەسایەت و رێکخراوە دۆستە ئینترناسیۆناڵیستەکانەوە راگەیەندرا. ئەوەش بەڵگەی روونە لەسەر ئەوەی رێبەرمان سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاندووە و بووەتە رێبەرێکی نێونەتەوەیی. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پاڕادایمەکەی، رێبەر ئاپۆ ئەمرۆ لە جیهاندا بووەتە سەرکردە و فەیلەسوفێکی سەردەم. گۆشەگیری قڕکاری ناتوانێت بەر بەو بگرێت. ئیتر ئەمە راستیەکە.

ئەو سیاسەتەی لە ئیمراڵی بەڕێوەدەبرێت و ناوەکەی سیاسەتی گۆشەگیرییە، چوارچێوەی رژێمێکی فاشیستی لە تورکیا کە هەموو بەها دیموکراتیکەکانی پێشێلکردووە. تا گۆشەگیری هەڵنەگیرت ئەستەمە دیموکراسی لە تورکیا بچەسپێندرێت. نەک هەر ئێمە، هەروەها زۆر روناکبیر، هونەرمەند، نوسەر، واتە هەموو ئەوانەی راستی دەبینن، دەڵێن کە گۆشەگیری لە ئیمراڵی نەک هەر لە دژی رێبەر ئاپۆ، لە هەمان کاتدا گۆشەگیرییە لە سەر گەلەکەمان، لە دژی دیموکراسی تورکیا. لەو چوارچێوەدا ٥٦٤ روناکبیر و هونەرمەند راگەیەندراوکیان بڵاوکردەوە. بەو بۆنەوە بە رێزەوە سڵاو لە سەرجەم ئەو روناکبیر، دیموکراسیخواز، نوسەر و هونەرمەندانە دەکەم کە راگەیەندراوەکەیان واژۆکردبوو.

بە کورتی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی رژێمی ئاکەپە-مەهەپە لە بەرامبەر رێبەر ئاپۆ پەیڕەویان دەکات، سیاسەتی پێشێلکردنی یاساکان ئەمڕۆ بێ ئەنجام بوون، بێ واتا بوون. ئەوەش بە چالاکی پراتیکی، بە ئامارەکان بە روونی دیارە و دەبینرێت.

دەوڵەتی تورک لەماوەی رابردوودا بە تایبەتی لە دژی گەلی کورد گوشار، هێرشی قڕکردنی سیاسی و شکاندنی ئیرادەی زیاتر کردووە. لە بەرامبەر ئەوەدا گەلی کورد لەناو هەوڵێکی گەورەدایە. ئایا دەوڵەتی تورک لە رێگەی ئەو هێرشانەوە دەتوانێت بگاتە ئەنجام؟

لەم کاتەدا گۆڕەپانێکی دیکە کە رژێمی فاشیست- قڕکەر هێرشی دەکاتە سەر و دەیەوێ بگاتە ئەنجام، گەلە. دەیەوێت تێکۆشانی دیموکراسی و نیشتمانپەروەری گەلی کوردستان پاکتاو بکات و لەناوی ببات. بەو ئامانجەوە بەچەندین شێواز گوشار دەکات، کۆمەڵکوژی دەکات، هەڕەشە دەکات و ئەشکەنجە بەکاردەهێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا ویستیان وێڕای سیاسەتی دیموکراتیکی کورد هێزە چەپگر-سۆسیالیست-دیموکراسیخوازەکانی تورکیاش پاکتاو بکەن. بۆیەش هاوسەرۆک، پەرلەمانتاران، هاوسەرۆکانی شارەوانیی بێتاوانیان زیندانی کرد. زۆربەیان تائێستاش بەدیلگیراون. سیاسەتێکیان بەناوی قەیووم خستەپێشەوە و لە دژی ئیرادەی گەلی کورد سیاسەتی کودەتایان پەیڕەو کرد. بەڵام وەک ئەو دۆسیەی بەناو “دۆسیەی کۆبانێ”دا بینرا، هەموو ئەوانە نەیانتوانی پاشەکشێ بە هیچ کەسێک بکەن. بە پێچەوانەی ئەو سیاسەتەوە کورد، ژنانی کور، دایکانی کورد، گەنجانی کورد لە دژی هەموو جۆرە ستەمێک دەستیان بە بەرخودانی گەورە کرد. گەلەکەمان و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا لە بەرامبەر ئەو گوشارانەدا بە سەربەزی وەستاونەتەوە. هەربۆیە ئاشکرایە کە ئەنجامیان بەدەستنەهێناوە. بەو جۆرەی لێهاتووە کە ئەوانەی ئەو ستەمە دەکەن کەوتوونەتە دۆخێکی لەو چەشنە کە ئێستا چاویان لەدەستی پشتیوانی گەلی کورد و دامەزراوە خۆڕاگرەکانیەتی.

ئەگەر هەموو ئەو هەڵسەنگاندنانە بە کورتی کۆبکەمەوە، بە هەڵوێستی واتاداری مێژوویی رێبەر ئاپۆ، بە بەرخودانی گیانبازی گەریلاکانی کوردستان و بزوتنەوەکەمان، بە هەڵوێستی سەربەرزانەی دامەزراوە دیموکراتیکەکانی گەلەکەمان لە بەرامبەر هەموو جۆرە ستەمێک، بە هەڵمەتی ئەم دواییەی بە چالاکیەکەی ئەنقەرە دەستیپێکرد، لەناوچوون و شکستی سیاسەتی قڕکردن خرایەڕوو. ئەستەمە ئەو سیاسەتی قڕکردنە لە کوردستان سەربکەوێت. رژێمی ئاکەپە-مەهەپە هەموو هێزی خۆی بەکارهێنا. هەموو شتێکی خۆی نیشاندا، بەڵام راستی ئیرادە لە بەرامبەر ئەوەدا خۆڕاگری دەکات لە بەرچاوە. تاکە یەک رێگە هەیە؛ ئەوەش دەستهەڵگرتنە لەم سیاسەتی قڕکردنە. ئاشکرایە کە ناتوانن لەو رێگەوە بگەنە ئەنجام.

سەرباری ئەوەی ئایدۆلۆژیا و داواکاری ئێوە دیارن، لە مشتومڕەکانی راگەیاندنی شەڕی تایبەتدا بەردەوام دەوترێت کە ئێوە دەتانەوێت دەوڵەتێک دروست بکەن و ئەوانیش شکستیان بەوە هێناوە. ئاخۆ بۆچی پرۆپاگەندەیەکی بەو جۆرە دەکرێت؟ لەو بابەتەدا دەتانەوێت چی بڵێن؟

ئێمە بزوتنەوەیەکی خاوەن ئایدۆلۆژی و فەلسەفەیەکی بەو جۆرەین، کە نەک دامەزراندنی دەوڵەتی خستووەتەلایەک، بەڵکوو دەیەوێت سەرجەم سیستمی دەوڵەتەکانی ئێستا لەناوببات. تا سیستمی نەتەوە-دەوڵەت هەبن، هەرگیز سیستمێکی دابەشکردنی یەکسان و ئازاد دەستەبەر نابێت. سەرباری ئەوەش دەڵێن ‘ ئێمە دەوڵەت دادەمەزرێنین’، ‘تورکیا کێشەی مانەوە و یەکپارچەیی هەیە’ بەم جۆرە وزەی تورکیا بە تەواوەتی لە شەڕ دژی بزوتنەوەکەمان و گەلەکەمان بەکاردەهێنێت. ئەم رژێمە دەیەوێت کوردان بێ ئیرادە بکات، قڕیان بکات و لە سەر سنوورەکانی میساقی-میللی باڵادەست بێت. ئەو سنوورانەی میساقی میلی سنوری هاوبەشی تورک و کورد بوون. ئێستا ئەو مێشکە فاشیستە بە پاکتاوکردنی کوردان دەیەوێت بە بێ کوردان خۆی لە میساقی میللی بکاتە خاوەن. دەیەوێت بەم جۆرە گەورە ببێت. گەورەبوونێکی بەو جۆرە ناکرێت. ئەگەر لە مێژوو بڕوانین و وانەی لێوە فێربین، ئەو کاتە دەردەکەوێت ئەستەمە بەو جۆرە گەورە بێت. کاتێک مرۆڤ ئاوڕ لە مێژوو دەداتەوە، دەوڵەتە تورکەکان لە سەلجوقیەکانەوە تا ئێستا بە پشتیوانی کوردەکان لە ناوچەکە بوونە هێز. هەروەها نیشتەجێبوونیان لە ئانادۆڵ بە پشتیوانی کوردەکان بووە. ساڵیادی شەڕی ١٠٧١ی مەلازگرد پیرۆز دەکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە پیرۆزی دەکەن. لەوێدا نکۆڵی لە رۆڵی کوردان دەکەن و ئاماژەی پێناکەن.

رێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کرد کە لە سەر بنەمای هاوپەیمانی کورد- تورک تورکیا لە هەرێمەکە دەبێتە دیموکراتیک ترین وڵات، گەورە دەبێت و پێشەنگایەتی دەکات. لەو پێناوەشدا زۆر هەوڵیدا، بە بڵاوکردنەوە راگەیەندراو، بە لێدوانەکانی ئەوەی خستەڕوو. ئەگەر ئاکەپە لە گەڵ رێبەر ئاپۆ رێبکەوتایە، ئێستا دۆخی تورکیا بەم جۆرە نەدەبوو. خەڵک لە تورکیا بەم جۆرە لە برسێتیەوە نەدەگلێندران. دەگەیشتە ئاستێکی بەرزی ئارامی و دیموکراسی. بەڵام ئەو مێشکە فاشیستیە گوێی بەوە نەدا. بە پێچەوانەی ئەوەوە، لە لایەکەوە چاوپۆشی لە لێکتێگەیشتنی کۆشکی دۆڵمە باخچە کرد و پێیوابوو کە بە توندوتیژی دەتوانێت ئەنجام بەدەستبهێنێت. ئەم نۆ ساڵەی بەسەر ئەوەدا تێپەڕبوون، دەریخست کە ناتوانن بگەنە ئەنجام.ئەستەمە کە بە توندوتیژی بتوانن بگەنە ئەنجام، ناتوانن ئیرادەی گەلێک لەناو ببەن.

هاوبەشی :