“دوورنییە ئەم رق و کینەی کۆمەڵگە لە پڕێکدا بەڕووی دەسەڵاتدا بتەقێتەوە”

100
0
هاوبەشی :

ئەندامێکی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادیی رایگەیاند، قورغکاریی و خراپی ئیدارەدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وایکردوە کە بێکارییەکی زۆر لە ناو چیین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان دروست ببێت و جەختیکردەوە: دوورنییە ئەم رق و کینەی کۆمەڵگە لە پڕێکدا بەڕووی دەسەڵاتدا بتەقێتەوە!

بە گوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتیی ساڵی ٢٠٢٢رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستاندا ١٨٪ بووە، بەڵام بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ‏لە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ رێژەی بێكاریی ‏لە ‏لە هەرێمی كوردستاندا 16.5‏‏‏٪، ئەمە لە کاتێکدایە حکومەت هیچ پرۆژەیەکی نە بووە بۆ کەمکردنەوەی بێکاریی چۆن رێژەی بێکاریی لە ماوەی ساڵێکدا دوو پلە و نییو کەمی کردوە؟ بەشێک لە چاودێران و شارەزایانی ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە رێژەی بێکاریی لەو ئامارانە زیاترە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویدەکاتەوە و رێژە راستییەکەی بێکاریی کە زۆرە دەی شارێتەوە.

هاوڕێ جەبار – ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان باس لە سیاسەتی بێکارکردنی گەنجان و کۆچکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات ئەکات و بە ماڵپەری تەڤگەری راگەیاند: لە باشوری کوردستان بێکارییەکی زۆر هەیە، ئەم رێژەی بێکارییەش لەناو ئەو گەنجانەدا زۆرە کە پرۆسەی خوێندن تەوادەکەن زۆرە، زۆر بوونی بێکاریی هی ئەوە نییە کە بەیەک دوو ساڵ دروست بووبێت، بەڵکو ئەمە بە هۆی شکستیی کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست بووە، ئیتر ئەمە وایکردووە لە هەموو سێکتەرەکاندا بەتاڵیی و پاشەکشە دروست ببێت، هەروەها هۆکارێکی تری بێکارییش ئەگەڕێتەوە بۆ وابەستەیی بە داگیرکەرانەوە. ئێستا لەم کابینەیەدا هەموو قەیرانەکان گەیشتوونەتە لوتکە! لە رابردوود ا هەوڵیان ئەدا قەیرانەکان پینە بکەن، بەڵام ئێستا وایان لێهاتووە توانای پینەکردنیان نەماوە، ناتوانن ئەوە بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گەندەڵیی و قورغکاریی و خراپی ئیدارەدانە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، وایکردوە کە بێکارییەکی زۆر لە ناو چیین و توێژەکانی باشوری کوردستان بەتایبەت لەناو گەنجاندا دروست ببێت.

سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ‏ئەوروپا‏ لە هەرێمی کوردستان لەماوەی رابردوودا لە بەرنامەیەکەی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاندبوو، “لە ماوەی هەشت بۆ نۆ ساڵی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان 153 هەزار و 600 کەس کۆچیان کردووە کە لەو ژمارەیە 34 هەزار کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون و رێژەی کۆچی گەنجان لە ساڵی 2020ەوە رووی لە هەڵکشان کردووە و لە هەشت مانگی ساڵی ٢٠٢٣ لە هەرێمی کوردستان 17 هەزار و 400 کەس کۆچیان کردووە.”

هاوڕێ جەبار جەختی لەوەشکردوە، کە هۆکاری قەیرانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی بێکارکردن وایکردوە، گەنجانی باشوری کوردستان رێگەی سەخت بگرەنەبەر و کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات بکەن، بەلێشاو گەنجان کۆچ دەکەن.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی ئەوەشی خستەڕوو، گەنجان سەرمایەکی گەورەی ئەم گەلەن و کۆچکردنی گەنجان زەرەرێکی ستراتیژییە لە باشووری کوردستان دەکەوێت، ئەگەر رەوشەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت رەنگە کارەساتی خراپتر رووبدات، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی وابەستەن بەداگیرکەران و سەرقاڵییان بازرگانییەوە هیچ ئاگایان لە ژیانی خەڵکی نەماوە! کۆمەڵگەی باشوری کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک کە ئینهار بکات! گەیشتوەتە ئاستێک توانای ژیانی نەماوە! دوورنییە ئەم رق و کینەی کۆمەڵگە لە پڕێکدا بەڕووی دەسەڵاتدا بتەقێتەوە!

هاوبەشی :