تەڤگەری ئازادیی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر هاتە دەنگ هێرشەکان جێگەی قبوڵکردن نییە

141
0
هاوبەشی :

تەڤگەری ئازادیی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر هاتە دەنگ

هێرشەکان جێگەی قبوڵکردن نییە

ھێرشکردنە سەر خاک و سەروەریی نیشتمان و شارو شارۆچکە و ئاوەدانییەکانی کوردستان، لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، لەژێر ھەر بڕو بیانو یەکدابێت جێگەی قبوڵکردن نییە.

ھێرشە مووشەکیی و درۆنییەکەی شەوی ١/١٦ بۆسەر شاری ھەولێر کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامدرا، بە توندیی مەحکوم و شەرمەزار دەکەین، سەرەخۆشیی خۆمان بۆ قوربانییەکان رادەگەیەنیین و ھیوای زوو چاک بوونەوەش بۆ زامدارەکان دەخوازیین.

دەبێت دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان، لە مەترسیی پلانی داگیرکەران بۆسەر دەسکەوتەکانی گەلی کورد تێبگەن، لێکترازان و سیاسەتی ملھوڕانە و دژایەتیی بەشەکانی دیکەی کوردستان و خۆسپاردنە داگیرکەران ھیچ ئەنجامێکی نابێت، جگە لە بچوک بوونەوەو زەبونیی و شەرمەزاریی بەردەم گەل. وەک ئاشکرایە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، رۆژ نییە ھێرشی ناڕەواو بێ پاساو نەکاتە سەر شارو گوند و ناوەندەکانی خزمەتگوزاریی پەروەردەیی و مەدەنییەکانی رۆژئاوای کوردستان، لەبەرامبەردا ھێزی بەناو ھاوپەیمانان و رێکخراوە جیھانییەکان تەنانەت حکومەتی ھەرێمیش بێ دەنگ و بێ ھەڵوێست بوون.

لەلایەکی تر لە کەرکوک سیاسەتی تەعریب بەردەوامیی پێدەدرێت و ھەر رۆژەی بە بیانوویەک ھاووڵاتییانی کورد تەنگەتاو دەکەن. کوردستان پێویستیی بە پاراستن و یەکێتیی نەتەوەیی ھەیە، دەسەڵاتدارانی تورکیا و ئێران بەردەوام بە بیانوی ناڕەوا پەلامارمان ئەدەن و خەڵکی کوردستان کۆمەڵکوژ دەکەن و ھیچ کات کوردستانێکی یەکگرتوو، پێشکەوتوو ئارامیان ناوێت. دەبێت گەلی کورد لەبەرامبەر ئەو ھێرشانەی داگیرکەران یەکگرتووبێت و ساسەتی مل کەچ کردن و رەوایەتیی دان بەھێرشەکانی داگیر کەران بۆ سەر خاکی کوردستان شەرمەزار و ریسوا بکات.

دەستەی بەڕێوەبەریی

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

٢٠٢٤/١/١٧

هاوبەشی :