گەڕەكی نەورۆز لە كەركوكی كوردستان بەردەوامن لە مانگرتن دژی پرۆسەی تەعریبی نوێ
سوپای عێراق بە بیانووی ئەوەی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکووک، لە سەردەمی حوکمڕانی ڕژێمی بەعس، لەلایەن ئەفسەرەکانی سوپای عێراق خاوەندارى کرابوون، ماوەی دە ڕۆژە بە چەکی قورس و مام ناوەند، چوونەتە سەر خەڵکی ئەو گەڕەکە و داوایان لێدەکەن گەڕەکەکە چۆڵبکەن.
لە ئێستادا حەوت خانووی گەڕەکەکە، کە خاوەنەکانیان بە هۆکاری نۆژەنکردنەوە چۆڵیان کردبوو، ئێستا ئۆتۆمبێلی گولە نەبڕی سوپای عێراقى تێدا جێگیر کراوە و لە دژی ئەو کارەش ماوەی دە ڕۆژە دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز بەردەوامن لە مانگرتن.
ژمارەی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز ٢٠٠ ماڵە، دانیشتوانەکەی پێکهاتەی کورد و خەڵکی ڕەسەنی شارەکەن، بە هۆی ئەوەی لە دژی ڕژێمی بەعس بوون، لە سەردەمی حوکمڕانی بەعس ڕاگوێزراون بۆ هەولێر و سلێمانی، لە دوای ڕوخانی بەعس گەڕاونەتەوە بۆ کەرکووک، لەو خانووانە نیشتەجێبوون، کە خاوەندارێتیان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەگەڕێتەوە.