ئەحمەد میرە بۆ ڕۆژ نیوز دەدوێت: پارتی لە خزمەت تورکیادایە و چی بوێت بۆی دەکات

185
0
هاوبەشی :

 

وەزیری دەرەوەى تورکیا دان بەو ڕاستییەدا دەنێنت کە پەدەکە هاوکارییانە لە شەڕی دژی بە پەکەکە، مامۆستایەکیى زانکۆش دەڵێت: لە ساڵی ١٩٩٣ وە پارتى لە خزمەت تورکیادایە و هەرچی بیەوێت لە هەرێمی کوردستان بۆی دەکات، تەنانەت هێزەکانى پارتى لیوایەکن لە سوپای تورکیا.

هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا دوێنێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەماهەنگی توركیایە بۆ لێدان لە گەریلاكانی پەكەكە، هاوکات گلەییشی لە یەنەكە كرد کە لەو بارەیەوە هاوكاری پەدەكە نابێت.

ئەحمەد میرە
ئەحمەد میرە
ئەحمەد میرە چاودێری سیاسیی و مامۆستای زانكۆ سەبارەت بە هاوکارییەکانى پەدەکە بۆ دەوڵەتى داگیرکەری تورک بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئەحمەد میرە دەڵێت: ڕەگەزێك لە ناو پەدەكەدا هەیە پێی دەڵێن بۆ ماوەیی، بۆ مانەوەی خۆی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی ئەوەیە پاڵپشتی هێزە نێودەوڵەتییەكان بكات، بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٩٣ ەوە لە خزمەت دەوڵەتی توركدایە.

ئەو مامۆستایەى زانکۆ دەشڵێت: پەدەكە بۆ مانەوەی خۆی هەمیشە پاڵپشتی وەرگرتووە، بۆ نموونە لە ٣١ ی ئابدا پاڵپشتی لە حزبی بەعس وەرگرت بۆ لێدانی هێزە ناوخۆییەكان، لە ساڵانی هەشتاكان پاڵپشتی لە ئێران وەردەگرت، لە ئێستادا لە دوای ساڵی ١٩٩٣ بە داخەوە دوای شەڕی ناوخۆیی نێوان گەریلا و پێشمەرگە پاڵپشتی و هێز لە توركیا وەردەگرێت.

ئاماژەى بەوەش کرد، هاوكاریكردنی توركیا بۆ پەدەكە و پشتیوانی پەدەكە لە تورك شتێكی ناسروشتی نییە، بەڵكوو تایبەمەندێتی پەدەكەیە لە خزمەتی تورك، ئێستا هێزی پەدەكە وەك لیوایەك وەك فیرقەیەكی ئەرتەشی توركە، وەزیفەی ئەو هێزەی پەدەكە لە كوردستان وەزیفەی توركە و چۆنی بوێت دەتوانێت بیجوڵێنێت و كاری پێ بكات.

میرە باس لەوەش دەکات، چەندین ساڵە بە فەرمی تورك ئەو بەشەی كوردستانی داگیركردووە لەژێر دەسەڵاتی پەدەكەدایە، لێدوانی فەرمی بەرپرسانی تورك هەیە لەوەی تورك پێویستی بە لەشكر كێشی نییە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوان “پەدەكە” هێزی خۆیان لە كوردستان هەیە.

لە کۆتاییدا ئەحمەد وتی: سرووشتی پەدەكە خزمەتكاری سیاسەتەكانی توركە و شتێكی نادیار نییە فەرهەنگی نەتەوایەتی و كوردایەتی لەلای پارتی چووتە خانەی لەبیرچوونەوە.

هاوبەشی :