ساڵی ڕابردوو ٣٣٣ كۆڵبەر لە ناوچە سنورییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران كوژرا و بریندار بوون.
بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی میدیاكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاویان كردووەتەوە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوو ٣٣٣ كۆڵبەر لە ناوچە سنورییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران كوژرا و بریندار بوون.
ئاماژە بەوە كراوە لەو ژمارەیە ٤٠ كۆڵبەر كوژراون و ٢٩٢ ی دیكەش بریندار بوون، ٢٥٨ كۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانى ئێران بریندار بوون و ٢٧ كۆڵبەر بە هەمان شێوە كوژراون.
ئەوەش بڵاوكراوەتەوە، ٤٨ كۆڵبەر بەهۆی ڕووداوە سرووشتییەكانی وەك ڕەقبوونەوە و كەوتنە خوارەوە و هەرەسی بەفرەوە بوونەتە قوربانی.
لەو ئامارانەی بڵاوكراوەتەوە، زۆرترین قوربانی لە نێو كۆڵبەرەكان بەر پارێزگای سنە و دواتر بەر پارێزگای كرماشان دەكەوێت بە جۆرێك سنە ١٧٩ كۆڵبەری بووەتە قوربانی و كرماشان ١٣٨ كۆڵبەری بووەتە قوربانی.