سەڵاحەدین دەمیرتاش “گەلی کورد لە ئەنادۆڵ ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت”

166
0
هاوبەشی :

هاوسەرۆکی گشتی پێشووتری هەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕایگەیاند، پاش هەزاران ساڵ گەلی کورد لە جوگرافیای ئەنادۆڵ ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت و گوتی: “کورد ئیتر لەو شوێنە دەرچوون کە بۆیان دیاریکرا بوو”.

دۆزی کۆبانێ بەهۆی چالاکییە ناڕەزایەتییەکانی نێوان ٦-٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ لە دژی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ، کرایەوە. هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش و ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبردنی ناوەندییەوە و لەنێو ١٨ زیندانی و بە کۆی گشتی ١٠٨ کەس دادگایی دەکرێن، لە دادگای باڵای تاوانەکانی ٢٢ی ئەنقەرە و لە کەمپی زیندانی سینجان بەردەوام بوو.

سیاسەتمەدار و پارێزەران لەڕێگەی سیستەمی دەنگ و دیمەوە بەشداری دانیشتنەکە بوون، بە بەرگری هاوسەرۆکی گشتی پێشووتری هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش، بەردەوام بوو.

دەمیرتاش ئاماژەی بەوە کرد وتەکەی لە ١٣ ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢ لە مێردین بە تاوان دانراوە، گوتی: “ئەگەر گوتنی “بەڕێز ئۆجالان” تاوان بێت، ئەوکات دەبێت نیوەی تورکیا بخرێتە زیندان. ئەمە مامەڵەیەکی نایاساییە. لە وتارەکەمدا هیچ بانگەوازێک نییە بۆ توندوتیژی. هەروەها بڕیاری دادگای باڵا هەیە کە گوتەکانی وەک “بژی پەکەکە”، “بژی گەریلا” و “بژی ئاپۆ” بە پڕوپاگەندە نازانێت”.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، وتەکانی وی لە ٢٧ ی تشرینی دووەم بە تاوان ناسێنراوە، کەچی ئەو تەنها ئاماژەی کردووە بە ڕۆڵی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە چارەسەر و فیداکاری وی بۆ ئازادی گەلەکەی.

دەمیرتاش تیشکی خستەسەر هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای خۆی لە هەرێمەکەدا، ئێستە لەڕێگەی هوداپار و تەریقەت و جەماعەتەوە دەیانەوێت بخزێنە هەرێمەکەوە، دووپاتی کردەوە کوردەکان رێگە بە سەروەری کەس نادەن بەسەریانەوە، ئیسلامیان وەک چاندێک وەرگرتووە، بۆیە هەوڵەکانی وەک ئەوەی فەتحوڵا گولەنیش بەرامبەر کوردەکان شکستی هێنا، گوتی: “پاش هەزاران ساڵ گەلی کورد لە جوگرافیای ئەنادۆڵدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. ئەوان سیاسەتی سەرەکی دەکەن. ئەو شوێنەیان بەجێهێشت کە بۆیان دیاری کرابوو. بە دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەستیان پێکرد. ئەمەش بۆ ئەوان مەترسییەکی مەزنە. هەر بۆیە دادگای باڵا و پەرلەمان پشتگوێ خران”.

سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕایگەیاند، ئەگەر ١٠ ساڵ بەڕێوەبردنی وڵات بدەنە دەست ئەوان، ئەوکات گەل تامی دیموکراسی دەکات و دەستبەرداری نابێت. دووپاتی کردەوە، پارتەکەیان سەر بۆ کەس نەوی ناکات و لەپێناو دیموکراسی قوربانی دەدات.

لەکۆتاییدا سەڵاحەدین دەمیرتاش گوتی: “وشەی کوردستان هەیە، شەرم دەکەم بەهۆی ئەم وشەیەوە تاوانبار دەکرێم. هەندێک دەڵێن کوردستان نییە. ئەمە جێگەی شەرمە. مرۆڤ زمان و وڵاتەکەی دەپارێزێت، ئەمە نەتەوەپەرەستی نییە. ئێمە لە شەقامەکان هاوارناکەین و بڵێین: ئێمە کوردین. بەڵام کاتێک کەسێک دەڵێت کورد و کوردستان نییە، ئێمەش دەڵێین هەن. سەدەیەک بۆ ئەمە تێدەکۆشین”.

دەمیرتاش ڕایگەیاند دوای نیوەڕۆ دیداری هەیە و داوای کرد تا ڕۆژی سێشەممە مۆڵەت بدرێت.

دادگا دانیشتنەکەی دواخست بۆ ٢ ی کانوونی یەکەم.

هاوبەشی :