کەجەکە: بۆ لێپرسینەوە لە رۆبۆسکی دەبێت گوڕ بە تێکۆشان بدرێت

140
0
هاوبەشی :

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و بۆ لێپێچینەوە لە کۆمەڵکوژیەکان داوای لە هەمووان کرد کە زیاتر تێبکۆشن.

لە راگەیەندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی کەجەکەدا هاتووە، کە دەوڵەتی بکۆژی گەلان هیچ داواکاری و چاوەڕوانیەکی لێناکرێت و ئەوەش خراوەڕوو، “گەلی کورد بە دڵنیاییەوە ئازادی مسۆگەر دەکات و لێپێچینەوە لە هەموو کۆمەڵکوژیەکان دەکات”.

راگەیەندراوەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە: “دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیستی قڕکەر لە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١١ هێرشی کردە سەر ٣٤ کورد کە زۆرینەیان منداڵ بوون و بۆ دابینکردنی بژێوی خۆیان لە سەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان کاریان دەکرد. لە ئەنجامی ئەو بۆردومانە کە لە رێگەی فڕۆکەوە ئەنجامدرا هەر ٣٤ کوردەکە بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کران. لەکۆمەڵکوژیەکەدا ئەوانەی ژیانیان لەدەستدا خەڵکی گوندی رۆبۆسکی بوون، هەربۆیە وەک “کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی” ناوەکەی وەک ناوی زۆر کۆمەڵکوژی دیکە کە لە دژی کوردان ئەنجامدراون، چووە ناو مێژووەوە. . جارێکی دیکە ئەو کۆمەڵکوژیە ناجوامێرانەیە بە توڕەیی و زۆر بە توندی شەرمەزار دەکەین، لە کەسایەتی ئەو مرۆڤانەی ژیانیان لە دەستدا شەهیدانی دیموکراسی و شۆڕش سەرجەمیان بە رێز و پێزانینی زۆرەوە بە بیردەهێنینەوە و ئەو بەڵێنەی بە شەهیدانمان داوە جارێکی دیکە دوبارە دەکەینەوە.

سەرباری تێپەڕبوونی ١٣ ساڵ بە سەر کۆمەڵکوژی رۆبۆسکیدا، وەک کۆمەڵکوژیەکانی دیکە، رۆبۆسکیش پەردەپۆش کرا. لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران و بەرپرسیارانی کۆمەڵکوژیەکە نەکرا و لە هەمان کاتدا کۆمەڵکوژیەکەش بە هەڵە دانەندرا، بەڵکوو داکۆکی لێکرا. وەک دەزانرێت سەردەستەی فاشیستەکان تەیب ئەردۆغان کە خودی خۆی فەرمانی کۆمەڵکوژییەکەی دەرکردووە، بە شێوەیەکی ئاشکرا داکۆکی لە کۆمەڵکوژیەکە کرد و پیرۆزبایی لە ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژیەکە کرد.. تەیب ئەردۆغان بەخاوەنداری لە کۆمەڵکوژی و کۆمەڵکوژکاران هەم رۆڵی خۆی لە کۆمەڵکوژیەکە و هەمیش هەڵوێستی دەوڵەتی تورک بەرامبەر کوردانی نیشاندا. کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی یەک لەو دەیان کۆمەڵکوژیانەیە کە دژی کوردان ئەنجامدراون و هیچ یەکێک لەوان بە هەڵە و لە رووی نەزانیەوە نەکراون. هەموو کۆمەڵکوژیەکان لە چوارچێوەی پلانی دەوڵەتی تورک بۆ جینۆسایدی کوردان ئەنجامدراون. کۆمەڵکوژی رۆبۆسکیش بەهەمان شێوە ئەنجامدرا و سیاسەتی کۆمەڵکوژی دەوڵەتی تورک بەردەوامە.

بەبۆنەی ١٣یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی رپبۆسکی، دەمانەوێت جارێکی دیکە سەرنج رابکێشین بۆ سەر ئەم راستیە، ئەو دەوڵەتەی کە گەلان، بەتایبەتی گەلی کورد دەکوژێت، هیچ چاوەڕوانیەکی بۆ دادپەروەری لە سەر هەڵناچندرێت، ئەوەی دادپەروەری بەدیدەهێنێت و لێپرسینەوەیەکی مێژوویی دەکات تێکۆشانی گەلانە. گەلی کوردیش وەک ئەوەی تائێستا کردوویەتی، لە ئێستا بەدواشەوە گوڕ بە تێکۆشانی دەدا، ئازادی خۆی دەستەبەر دەکات و بەم جۆرە لێپێچینەوە لە کۆمەڵکوژی و کۆلۆنیالیزمی قڕکەر دەکات. گەلی کورد ئازادی مسۆگەر دەکات و لێپێچینەوە لە سەرجەم کۆمەڵکوژیەکان دەکات. ئێمە گەل و بزووتنەوەیەکی بەو جۆرەین کە ئەو بەڵێنەمان داوە. دەبێت ئێمە زیاتر گوڕ بە تێکۆشانی ئازادی بدەین و بەڵێنەکەمان ببەینەسەر. لەسەر ئەم بنەمایە بۆ ئەوەی لێپێچینەوە لە کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی و هەموو کۆمەڵکوژیەکان بکرێت، داوا لە هەمووان دەکەین کە زیاتر پەرە بە تێکۆشان بدەن و باشتر تێبکۆشن”.

هاوبەشی :