لە هێرشەکانی ڕژیمی تورکیادا بۆسەر هەرێمە خۆسەرەکان ٧ مەدەنی شەهید بوون؛ بانگی یەکگرتوویی و بەرخۆدان دەکرێت

101
0
هاوبەشی :

لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر هەردوو شاری کۆبانێ و قامیشلۆ و دەوروبەریان؛ دەیان ناوەندی مەدەنی و خزمەتگوزاری کراونەتە ئامانج.

بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان ئەمڕۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، نەخۆشخانەی مانگی سووری کوردیی لە شاری کۆبانێ بۆردوومان کرد. بە پێی دوایین زانیارییەکان، ڕژیمی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر کۆبانێش دژوارتر کردووە.

لە کۆبانێ هەروەها کۆمپانیایەکی مەدەنی و ناوەندێکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبیل بە ئامانج گیراوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش، هێرشی سەر گەڕەکەکانی دەوروبەری شارەکە بەردەوام بوون.

هاوکات لە هێرشی سەر چاپخانەی سیماڤدا، دەگوترێت چوار هاوڵاتیی مەدەنی شەهید بون.

هەر ئەمڕۆ سوپای داگیرکەر ٦ جار گوندەکانی “ئومولفورسان” و “شوراکی”ی لە ڕۆژهەڵاتی شاری قامیشلۆ و ناوەندی بیناسازیی لە گەڕەکی عەنتتەریە لە ناوەندی ئەو شارە بۆردوودمان کرد. لەوێش ژنێکی جەوان شەهید و دوو هاووڵاتیی تری مەدەنی بریندار بوون.

بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرانی تەندرووستی، ئەمنی و دەزگای بنەماڵەی شەهیدان، لە ئەنجامی بۆردومانی دژواری ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی دیسەمبەردا، بە گشتی تا ئێستا ٧هاوڵاتیی مەدەنی شەهید و ١٢ هاوڵاتیی دیکە بریندار بوون.

سەرچاوەکان لە هەرێمە خۆسەرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە ڕایانگەیاند کە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆ سەر گوندەکانی کانتۆنی عەفرینی داگیرکراویش بەردەوامن.

دوای تۆپبارانی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆی گوندی مەیاسی سەر بە ناوچەی شێراوای عەفرین، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆش سوپای داگیرکەر هەمان گوند و گوندی برجقاسیشی تۆپباران کرد.

هەر لە بارەی هێرشەکانی تورکیاوە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی دێموکراتیک لە هەرێمی فورات لە لێدوانێکی نووسراودا کە لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاوی کردەوە، دەستنیشانی کرد کە ڕژیمی تورکیا بە ئامانجی بەرفراوانکردنی هەرێمی داگیرکراو و بۆ لەباربردنی پڕۆژەی نەتەوەی دێموکراتیک و ئاسایشی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکە دژوارتر دەکات.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاشکراشی کرد کە “دوای ئەوەی ڕژیمی تورکیا، نەیتوانی پشتیوانیی سیاسی بۆ هێرشی سەر هەرێمەکە بەدەست بخات، دەستی بە هێرشکردنە سەر ناوەندە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکان و بژێوی ژیانی خەڵک کرد؛ بۆ ئەوەی ناچاری کۆچبەرییان بکات و دەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، کە کاروباری ٥ ملیۆن هاوڵاتی بەڕێوە دەبات، لاواز بکات.”

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دێموکراتیک دەستنیشانی کرد کە یەکێتیی گەل، خاوەنداریکردن لە پڕۆژەی نەتەوەی دێموکراتیک و درێژەدان بەو ڕێبازە، بنەمای پاراستنی هەرێمەکە و پووچەڵکردنەوەی هێرش و پیلاگێڕیەکان، مسۆگەرکردنی سەرکەوتن و ڕزگارکردنی هەرێمە داگیرکراوەکان و دامەزراندنی سووریایەکی دێموکراتیک و نەناوەندیی فرەڕەنگە.

لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەڵێنی پەرەپێدانی تێکۆشان و بەرخۆدانی دا لە دژی هێرشەکانی تورکیا.

ئەم هەنگاوەی بەرفراوانکردنی هێرشی دڕندانە و بە ئامانجگرتنەوەی ناوەندە خزمەتگوزارییەکان و نەخۆشخانەکان لە هەرێمەکانی خۆسەریی دێموکراتیک، لە کاتێکدایە کە چاوی چاپەمەنیی جیهان لە سەر هێرشی هاوشێوەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە تەندرووستیەکان و خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەزەیە.

چاودێران دەڵێن ڕژیمی داگیرکەری تورکیا دەیهەوێت لە سێبەری شەڕی غەزەدا، پەرە بە پیلانی داگیرکاری لە هەرێمە خۆسەرەکان و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی سووریا بدات.

هاوبەشی :