زیانی بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاترە لە ملیارێک دۆلار

144
0
هاوبەشی :

زیانی بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، بڕی یەک میلیارد دۆلاری تێپەڕاندووە.

بەگوێرەی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی نۆرس پرێس بڵاوی کردووەتەوە تیادا هاتووە، تورکیا 37 شوێنی ژێرخان و 253 شوێنی نیشتەجێبوون و 41 شوێنی سەربازیی لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومانکردووە، هەروەها 88%ی شوێنە ئامانجدارەکان ناوچەی سڤیل بوون و دوور بوون لە ناوچەی سەربازیی.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە کە پێدەچێت تورکیا مەبەستی لەو بۆردوومانانە لاوازکردنی ناوچەکانی رۆژئاڤا و لەناوبردنی ئەو خزمەتگوزارییانە بێت، کە بەڕێوبەریی خۆسەریی پێشکەش بە دانیشتووانی دەکات، بەبێ ئەوەی بچوکترین رەچاوی ژیانی هاوڵاتیانی سڤیل بکات کە شەهید دەبن یان بریندار دەبن، بە بێ گوێدانە ئامرازی ژیانی میلیۆنان کەس لە خەڵکی رەسەن و ئاوارە سوورییەکانی ئەم هەرێمە.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، تورکیا توانیویەتی بەشێکی زۆری کەرتە بنەڕەتییەکان لەناوببات، دیارترینیان بەرهەمهێنانی وەرگیراوەکانی نەوت و غازی ناوخۆیی و کارەبا بوون، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاستی ژیانی دانیشتووان هەبووە و مافەکانیان پێشێلکردووە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک.

کۆی زیانەکانی کەرتی وزە کە دیارترینیان وێستگەکانی نەوت و کارەبان، زیاترە لە یەک میلیارد و 270 میلیۆن دۆلاری ئەمریکییە، ئەمەش بەهۆی توانا سنووردارەکانی هەرێمەکەوە زیانێکی زۆر گەورەیە بۆ سەر ئابووریی رۆژئاوای کوردستان.

جەخت لەوەشکراوەتە: “دەبێت دەسەڵاتدارانی تورکیا بەرپرسیارێتی دەرئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنەکانیان هەڵبگرن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دەرفەتیان پێنەدات کە بە ئاشکرا هەڕەشەکە رابگەیەنن و هێرش و بۆردوومان ئەنجام بدەن، کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ میلیۆنان کەسی ناوچەکە لەناودەبەن.

بەرپرسانی ناوخۆیی بڕی نەوتی سووتاویان بەهۆی بۆردوومانەکەوە بە نزیکەی 621هەزار و 175 بەرمیل خەمڵاندووە.

پسپۆڕێکی بواری ژینگە ئاماژەی بە مەترسییە درێژخایەنەکانی گڕگرتنی نەوت کرد بۆ سەر ژینگە و مرۆڤ، بەهۆی دەردانی بڕێکی زۆر دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گازی میسانەوە و پیسبوونی هەوا بە گازی ژەهراویی و توخمە کانزاییەکانی وەک هایدرۆجین سەلفاید، نایترۆجین، جیوە و ئارسنیک.

نۆرس پرێس راشیگەیاندوە، پەمپکردنی ئاوی پاک لە شار و شارۆچکەکانەوە بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج رۆژە، بەهۆی لەدەستدانی کارەبا و سووتەمەنییەوە وەستاوە، بەو پێیەی ماوەی پچڕانی کارەبای گشتی لە شار و گوندەکان گەیشتووەتە 22 کاتژمێر لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا نەبوونی سووتەمەنی بووەتە هۆی ئەوەی مۆلیدە ئەهلییەکانی کارەبا لە بەشێکی گەڕەکەکانی شارەکە بکوژێننەوە.

هاوبەشی :