هەپەگە: ماهیر بنەڤش بەڕەگەز كورد و ئازاد سەراب بەڕەگەز عەرەب بوونە هەوێنی یەکێتی گەلان

91
0
هاوبەشی :

 

هەپەگە لەبارەی ماهیر بنەڤش و ئازاد سەراب کە لە زاپ شەهید بوون، بەم جۆرە دوا، “بە تێکۆشان و شەهیدبوونیان بوونە پردی نێوان گەلانی کورد و عەرەب. بوونە هەوێنی یەکێتی گەلان و ناوی خۆیان لە مێژووی تێکۆشانماندا نوسیەوە”.

لە راگەیەندراوەکەی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگەدا هاتووە، “٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە هێرشی دوژمندا بۆ سەر هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ رۆڵەی هێژا و بەنرخی گەلی نسێبین ماهیر بنەڤش و رۆڵەی ئازای گەلی عەرەب ئازاد سەبار کە بە بڕوابوون بە یەکێتی گەلان تێکەڵ بە ریزەکانی پەکەکەبوو، شەهیدبوون”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هەر دوو شەهیدەکە لەو گۆڕەپانانەی کە بەرزترین ئاستی بەرخودانیان تێدابووە، شەڕیان کردووە و بەم جۆرە هاتووە: ” هاوڕێیانمان ماهیر و ئازاد باش ئاگاداری ئەوەبوو کە دەوڵەتی تورکی قڕکەر جگە لە ستەم هیچ شتێکی دیکە بە گەلی کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نادات و تێگەیشتبوون کە تێکۆشان لە دژی ئەم ستەمە، بەرپرسیارێتی شۆڕشگێڕیی مێژووییە. بەم زانابوونەوە بۆ چرکەیەکیش دوودڵ نەبوون، ئەرکی شۆڕشگێڕیی خۆیان راپەڕاند. لەو گۆڕەپانانەی کە بەرخودان تیایاندا لە بەرزترین ئاستدابوو، لە یەک سەنگەردا وەک جەنگاوەری ئاپۆیی شەڕیان کرد. دەیانزانی کە تەنیا بەم جۆرە دەتوانن هەم ئەرکی شۆڕشگێڕیی خۆیان جێبەجێ بکەن و هەمیش ببنە وەڵامدەرەوەی بەرپرسیارێتی قۆناغی مێژوویی تێکۆشانەکەمان، بۆیەش بەو جۆرە جوڵانەوە. بە خۆشەویستی بوونە دڵسۆزی ژیانی ئازاد، کە بە ئەندێشەی نەتەوەی دیموکراتیکی رێبەر ئاپۆ، خوشک و برایەتی گەلان و بە پێشەنگایەتی پەکەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونیادنراوە. بە تاسەی ئازادییەوە، رەنج و ئازایەتی گەورەیان خستەڕوو و لە دژی داگیرکەری شەڕیان کرد. هاوڕێیانمان ماهیر و ئازاد لەو کاتەوەی تێکەڵ بە تێکۆشان بوون، تا ساتی شەهیدبوونیان، بە گیانبازی شەڕیان کرد و تا کۆتا هەناسەیان هەرگیز سازشیان لە سەر رێپێوانی گیانبازانەیان نەکرد.

هاوڕێیانمان ماهیر و ئازاد بە تێکۆشان و شەهیدبوونیان بوونە پردی نێوان گەلانی کورد و عەرەب. بوونە هەوێنی یەکێتی و ناویان لە مێژووی تێکۆشانماندا نوسیەوە. ئێمە ئەو رۆڵە ئازایانەی گەلی کورد و عەرەب بە رێزەوە یاد دەکەینەوە، بەڵێن دەدەین کە یادی ئەوان لە باخچەی ئازادی گەلاندا بەردەوام بە زیندوویی رابگرین. سەرەخۆشی لە گەلانی وڵاتپارێزی عەرەب و کورد و بەتایبەتی بنەماڵەی بەڕێز و بەنرخی ئەو شەهیدانە دەکەین.

زانیاری لە بارەی ناسنامەی هاوڕێیانی شەهیدمان بەم جۆرەیە:

 

١- ناسناو: ماهیر بنەڤش

ناو و پاشناو: ئیدریس ئەرکۆل

شوێنی لەدایکبوون: ئیستەنبوڵ

ناوی دایک- باوک: یاسمین – سلێمان

کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣/ زاپ

٢- ناسناو: ئازاد سەراب

ناو و پاشناو: عەلی دەملەخی

شوێنی لەدایکبوون: منبج

ناوی دایک- باوک: مریەم- ئەحمەد

کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣/ زاپ

هاوبەشی :