ئارمانج: سوپای تورک لەناو تاڵاوێکدا چەقیوە و ناتوانێت لێی بێتەدەرەوە

202
0
هاوبەشی :

لە فەرماندەکانی بڕیارگەی ناوەندیی هەپەگە حەقی ئارمانج رایگەیاند، “دەوڵەتی تورک لە هەر ناوچەیەک کە ویستی پێشڕەوی بکات، گورزی گەریلای بەرکەوت. سوپای تورک ئێستا کەوتووەتە ناو تاڵاو و قوڕ و لیتەیەک کە ناتوانێت لێی بێتەدەرەوە”.

لە فەرماندەکانی بڕیارگەی ناوەندیی هەپەگە حەقی ئارمانج قسەی بۆ رادیۆ دەنگی گەل کرد و سەبارەت بە پرسە گەرمەکان هەڵسەنگاندنی کرد.

حەقی ئارمانج لە سەرەتای قسەکانیدا ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە گۆشەگیری رەها لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربڕی و رایگەیاند، گۆشەگیری گەیشتووەتە ئاستی ئەشکەنجە. ئامانج باسی لە گرنگی هەڵمەتی “ئازادی بۆ ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد”یش کرد، کە ١٠ی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر لەلایەن دۆستانی کوردەوە دەستیپێکراوە. ئارمانج وتی، “چەند رۆژی ماوە پێبنێینە ساڵی نوێوە. ماوەیەک بەر لە ئێستا پێمان نایە ٤٦ەمین ساڵیادی پارتیمان. لەسەرەتادا ساڵی نوێ لە رێبەر ئاپۆ، سەرجەم هەڤاڵانمان لە زیندانەکان، لە گەلەکەمان و هەموو هەڤاڵانمان پیرۆز دەکەین. هیوادارین کە ساڵی نوێ، زیاتر ئەرکی خۆمان بەجێبگەیەنین و پێویستترین وەڵام بە دوژمنی داگیرکەری مرۆڤایەتی بدەینەوە و بەم جۆرە سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنین. ئێستا بە راستیش دوژمنی گەلان، دەسەڵاتداری جیهان، ئەقڵیەتی نەتەوە-دەوڵەت بۆ ئەوەی تۆڵە لە رێبەر ئاپۆ بکەنەوە، گۆشەگیرییەکی رەها بەڕێوەدەبەن. ئەم سیستمەی گۆشەگیری و ئەشکەنجە لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا لە دژی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازی جیهان پێشدەخرێت. رێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر دەسەڵاتداری لەسەر گەلان تێدەکۆشێت. هەر لە گەنجییەوە تێگەیشت و بە گوێرەی ئەو رۆحە هاوڕێیەتی بەرەوپێش برد. هەربۆیە دەوڵەتانی دەسەڵاتدار لە بەرامبەر رێبەر ئاپۆ کەوتنە جموجۆڵ و پیلانگێڕیی نێونەتەوەییان ئەنجامدا. ٢٦ ساڵ بە سەر ئەوەدا تێپەڕ دەبێت. ئەستەمە کە مرۆڤ لە مێژوودا نمونەیەکی بەو جۆرە بدۆزێتەوە کە کەسێک لە هەموو مافە مرۆڤایەتیەکانی بێ بەش بکرێت. واتە بە تەواوەتی دەنگی ئەو لەگەل بپچڕێندرێت. واتە شتێکی بەم جۆرە لە مێژوودا نەبینراوە. رێبەر ئاپۆ لە دژی ئەوە بەرخودان دەکات. رێبەر ئاپۆ بەرامبەر بەو گۆشەگیرییە سەری دانەنەواند. بەردەوام هەڵوێستێکی خۆڕاگرانەی پەیڕەو کرد و ئەو هەڵوێستەی رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی، ئەمڕۆ لە کوردستان بۆ گەلی کورد، کادرەکانی بزوتنەوەکەمان و هەموو کەس رێگەی بەرخودان و تێکۆشان نیشان دەدات. ئێمە لە دژی پیلانگێڕی و لە دژی گۆشەگیری تێدەکۆشین.

ئەو هەڵمەتەی لە ١٠ی تشرینی یەکەم لەلایەن دۆستانی کورد دەسیپێکراوە، بە کوردستاندا بڵاوبووەتەوە و گەلی کورد تیادا بەشداربووە. ئە هەڵمەتە تادێت بەرفراوانتر دەبێت. لەم دواییەدا هەڤاڵانیشمان لە زیندانەکان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن بە شێوەی نۆرەیی کردووە. واتە بەم جۆرە تادێت بەرفراوانتر دەبێت. بۆ ئەوەی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ دەستەبەر بێت و پرسی کورد بە رێبازی سیاسی چارەسەربکرێت، گەلی کورد لەسەر پێیە و تێدەکۆشێت. ئەوەی ئێمە لێرەدا لێی تێدەگەین چییە؟ ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ بە تەواوی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، قەبوڵکراون و ١٠ی تشرینی یەکەم لەسەر ئەو بنەمایە لە ٧٤ ناوەند هەڵمەتەکە راگەیەندرا. لێدوانیان داوە و چالاکیان سازکرد، بەم جۆرە پەیوەستبوونیان بە رێبەر ئاپۆ و دۆزی کورد نیشاندا. تادێت ئەوە بە جەماوەری دەبێت. واتە ئەندێشەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی رێبەر ئاپۆ لە دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بۆ ئازادی و یەکسانی گەلان بووە ئەڵترناتیڤ و جێگرەوە. رەنگە زۆر کەس بە باشی رێبەرایەتی نەناسن، بەڵام هەر ئەوەی لە رێبەرایەتی تێگەیشتن بەو رادەیە پشتیوانی زیادی کرد. هەموو گەلانی ئازادیخواز کە دەیانەوێت لە دژی ستەمکاران تێبکۆشن، ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆیان وەک رووناکیەک بینی و لەپێناو ئازادیدا کەوتنەڕێ. واتە ئەوان دەزانن کاتێک رێبەر ئاپۆ و گەلی کورد ئازاد بوو، ئەوە سودی بۆ هەموو گەلانی جیهان دەبێت. لەسەر ئەو بنەمایە بەشدار دەبن لە تێکۆشاندا. ئێستا خۆی دەزانرێت، لە هەموو شوێنێک کتێبەکانی رێبەر ئاپۆ دەگەڕێندرێن، دەخوێندرێنەوە و وەردەگێڕدرێنەوە. لە راستیدا ئێمە دواکەوتین. واتە چەندە زوو هەڵسەنگاندنەکان و پارێزنامەکانی رێبەر ئاپۆ بڵاوبکرانایەوە، بە زمانی بیانی وەرگێڕانیان بۆ بکرایەوە، ئەگەری زۆر بوو کە زیاتر لەمە خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ بکرایە. هەرچەندە درەنگیش کەوت، بەڵام ئەو ئاستەی ئێستا پێی گەیشتووە زۆر بەنرخە. ئێستا وەک گەلی کورد و کادرە فیداییەکانی رێبەر ئاپۆ دەبێت ئێمە زیاتر لەسەر ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ خۆمان قووڵ بکەینەوە. ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەر بەوەی کە زیاتر لە رێبەر ئاپۆ تێبگەین، دەبێت ئێمە بە کردەوەش ئەوە جێبەجێ بکەین. ئەوە ئەرکی سەرەکی ئێمەیە کە دەبێت دوای نەخەین و هەڵینەپەسێرین. ئەگەر مرۆڤ بە باشی لە رێبەر ئاپۆ تێنەگات، ناتوانێت بە باشی پراتیک جێبەجێ بکات. هەر کاتێک ئێمە بە باشی لە رێبەر ئاپۆ تێگەیشتین، ئەو کاتە ئێمە دەتوانی پراتیکێکی سەرکەوتووانەمان هەبێت. دەبێت هەموو ساتێک لەناو تێکۆشانی هەمە چەشندا بین.

ئێستا زۆر باسی ساڵانی رابردوو ناکەین. لەبەر ئەوەی زۆرجار فەرماندەیی بریارگەمان هەڵسەنگاندنی کردووە، واتە ساڵ بە ساڵ هەڵیسەنگاندووە. بەڵام وەک ئەمساڵ، خۆی لە خۆیدا لە سەرەتای ساڵەکەدا لە کوردستان و تورکیا بومەلەرزە روویدا. زۆر کەس ژیانیان لەدەستدا. شەشی شوبات بەڕێوەبەری بزوتنەوەکەمان قۆناغی بێ چالاکی راگەیاند. دوای ئەوەش هەڵبژاردن هاتەئاراوە. دەوڵەتی تورک ئەو قۆناغی بێ چالاکیەی کە لەلایەن بزوتنەوەکەمانەوە راگەیەندراوە وەک دەرفەت بەکارهێنا. لەباکوور و باشووری کوردستان و لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا تا دەهات هێرشەکانی دژوارتر دەکرد و ئامادەکارییەکانی خۆی زیاتر بەرەوپێش دەبرد. بەڵام گەریلاکانی ئازادیی کوردستان پشوودرێژیی گەورەیان بە بنەما گرت هیج چالاکیەکیان ئەنجام نەدا. ئێستا لەم ماوانەی دواییدا ئامانجی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان، پلانێکی ستراتیژییە. دەیەوێت موسڵ و کەرکوک و تەواوی باشووری کوردستان داگیربکات. پلانەکەی لەسەر ئەو بنەمایەیە. بابەتەکە پەکەکە نییە. دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەستی بە هەوڵێکی بەو جۆرە کردووە. دوژمن دەیویست لەماوەیەکی کورتدا، واتە لە نێوان چەند مانگدا ئەنجام بەدەستبهێنێت. بەڵام بەرخودانێک کە گیرایەبەر و هەڵوێستی گەریلاکانی ئاپۆیی نەیهێشت ئەو ئامانجەی بێتەدی. تا زیاتر بەرەوپێش هات زیانی گیانی زیاتری بەرکەوت. بەم جۆرە گەیشتە رۆژی ئەمڕۆ. بەدرێژایی ساڵەکەش ویستی هەندێک سەنگەرەکانی بەرفراوان بکات. تەنیا لە مەتینا هەندێک شوێنی گرت، بەڵام لە هێڵی زاپ و ئەو ناوچانەدا نەیتوانی یەک هەنگاویش پێشڕەوی بکات. سوپای تورک لە تاڵاو و قوڕ و لیتە چەقیوە، ناتوانێت لێی بێتە دەرەوە. وەک بابەتێکی لوتبەرزی و غرووری لێهاتووە بەلایەوە. واتە ئەگەر بکشێتەوە ریسوا دەبێت. بەڵام بە مانەوەشی لەوێ زیانە گیانیەکانی زۆر دەبن. واتە لە رووی دەرەونیەوە کاریگەرییەکی خراپ لەسەر سوپای تورک ساز بووە. ئێمە لە زۆر ساتدا ئەوە دەبینین. ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی زیاتر سوپای تورکی تەنگەتاو کرد. بەڵام بە درێژایی ساڵەکە دەتوانین بڵێین، زۆر چالاکی کاریگەر، بە تاکتیکی دەوڵەمەند بەرەوپێشخران. هەم لە تونێلەکانی شەڕ زۆر بەرخودانی گەورە ئەنجامدران، لە بەرامبەر چەکی کیمیایی قەدەغە هەڵوێستێکی گیانبازانە نیشاندرا. بە سەدان، بە هەزاران سەربازی دوژمن سزادران. لە رێگەی تیمە گەڕۆکەکانیشەوە زۆر چالاکی دەوڵەمەند ئەنجام دران. لەو ماوانەدا زیاتر لە هێڵی زاپ و مەتینا چەندین چالاکی ئەنجامدران. بۆ رای گشتیش بڵاوکرایەوە، کە لە شاخی ئامێدی، شاخی چارچەل و شاخی ئۆرتێی مەتینا چالاکی کاریگەر و شوێندانەر بەئەنجام گەیشتن. دوژمن گورزی زۆر قورسی بەرکەوت. بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە سەرباری روونی دیمەنەکان و ئاشکرابوونی هەمووشتێک، بەڵام زیانەکانی خۆیان دەشاردەوە. لە راستیشدا زۆر دیمەن بڵاوکرانەوە، تائێستاش زۆر دیمەن بڵاونەکراونەتەوە و لە داهاتوودا بڵاودەکرێنەوە. سەرەڕای ئەوانەش دوژمن تەنیا بەشێکی کەم لە زیانە گیانیەکانی راگەیاند. بەڵام راستی جیاوازە. ئێمە تەنیا بە قسە ئەوە ناڵێین، ئەوەتا بە دیمەن هەیە. دوژمن زیاتر لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە تاکتیکی جێبەجێ کرد. کاتێک چاودێرییان نەبێت، بە دەوری خۆیانەوە بە تەکنەلۆژیا بەنداو، تەلبەند و دیوار ساز دەکەن. واتە بۆ ئەوەی پلانی گەریلا سەرنەگرێت، زۆر تاکتیکی جیاجیایان بەکارهێنا. کاتێک هەلی بۆ رێدەکەوێت ٢٤ کاتژمێر بە فرۆکەی سیخۆڕی و بە هاوکاری کوردانی خائین، بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێت هەموو شتێک دەکات. سەرباری هەموو ئەوانەش، هەڤاڵان جارێکی تر چوون و کەوتنە ناو جەرگەی دوژمنەوە و گورزی قورسیان لێدان، سەنگەرەکانیان گرتن و دەستیان بە سەر زۆر کەلوپەلی سەربازیدا گرت. واتە تێگەیشت کە بە هیچ جۆرێک ناتوانێت لە بەرامبەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان کە بوونە فیدایی ئاپۆیی، بپارێزێت. ئەم دوا چالاکیەی گەریلاکان کە لە دژی ئەوان ئەنجامیان دا ئەمەی نیشاندا. هەڤاڵان بە لەسەر خۆیی لە شاخەکە جێگیر بوون و چوونە سەر تەرمەکانیان، زۆر کەلوپەلیان کۆکردەوە و هەروەها هەڤاڵان زۆر تەرمیان لەوێ نەهێشت و لەگەڵ خۆیان هێنایەوە. ئەمە دەریدەخات گەریلاکان کە خاوەن رۆحێکی گیانبازین، لە سوپای تورک و تەکنەلۆژیاکەی ناترسن. ئەم چالاکیانەی ئەم دواییە، ترسێکی گەورەی خستە ناو دڵی دوژمنەوە. ئێستا سیستمێک کە سوپای تورک پەرەی پێداوە ئەوەیە کە زەوی بکۆڵێت و بچێتە ژێر زەویەوە و خۆی بشارێتەوە و دەوروبەری خۆی دیوار، تەلبەند و مینڕێژ بکات. بەم جۆرە بیری دەکردەوە کە خۆی دەپارێزێت. رێگە و رێبازێک هەیە کە گەریلا دەیزانێت. خۆی لەسەر ئەو بنەمایە گەریلا خۆی گەیاندە ئەوان. واتە دەتوانین بڵێین کە لەماوەکانی داهاتووشدا چالاکی زیاتر دەکرێن. بە چالاکیەکانی پێشوو و بە گەریلای نوێی گەنجیش ئەزمون بەدەست دەهێندرێت. بەم جۆرە توڕەییەکی بەهێز هەیە. بەتایبەتی گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ، هێرشەکانی سەر گەلەکەمان، ئەو تیرۆر و ئەشکەنجەیەی ئەنجام دەدرێت، گەمارۆکانی سەر گەلەکەمان، لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کوردان، توڕەییەکی گەورەی لای گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دروست کردووە. وەک هێزی پاراستنی گەل دەبێت چالاکیەکانمان چۆن بن، هەڵوێستی ئێمە چۆن بێت، هەر ساتێک ئێمە لە بەرامبەر دوژمن چ رێگە و رێبازێک بەرەوپێش ببەین، واتە لێرەدا تادێت بەرچاوڕوونی بەهێزتر و گەورەتر دەبێت. بەمەش لە هەر شەڕڤانێکدا ئاستێکی بەرز ساز دەبێت. مرۆڤ چەندە خۆی لە هۆشمەندی ئاپۆیدا بەهێز بکات، ئەوەندەش لە چالکیەکانیدا سەرکەوتوو دەبێت. واتە لە تونێلەکانی شەڕدا لەناو تیمە گەڕۆکەکاندا و لە پەروەردەدا لە سەر ئەو بنەمایە ئامادەکاری دەکرێت.

ساڵی ٢٠٢٣ لە باکوری کوردستان دژوارترین شەڕ هاتە ئاراوە. ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورک بە بەرفراوانی بەڕێوەچوون. خۆیان دەڵێن هەموو مانگێک هەزاران ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدەن. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی تاقە گەریلایەکیش لە باکوور نەهێڵێت، هەموو دەرفەتەکانی خۆی خستووەتەگەڕ. هەموو رێگە و رێبازێک بەکاردەهێنێت و بەم جۆرە دەیەوێت بگاتە ئەنجام. ئامانجیان ئەوەبوو کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا لە ساڵیادی کۆماری تورکیا، گەریلاکان لە باکووری کوردستان بە تەواوەتی لەناو ببەن.

هاوبەشی :