دوو غەسالەی (چەو و لم)ی دوو ئامۆزا لە سەر ئاوی سیروان

544
0
هاوبەشی :

نوسینی:- ژیلوان

ئه‌گێڕنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ئاوی سیروانه‌، دوو كانی چه‌وولم و غه‌ساله‌ هه‌بوون، یه‌ك له‌وی تر گه‌وره‌تر و له‌پێشتربوون، هه‌ردووكیان موڵكی دوو ئامۆزا بوون كه‌له‌برا زیاتربوون، یه‌كیان ناسراوبوو به‌ كاكه‌ وێڵ باڵه‌خانی و ئه‌وی تریان كابولی سه‌ی جه‌نگاوه‌ریان پێده‌وت، كه‌س نه‌یده‌زانی ئه‌م ناوه‌ سه‌یرانه‌یان له‌ كوێوه‌ پێبڕاوه‌، ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت گوترابوو كاكه‌ وێڵه‌ زۆر سه‌ره‌ڕۆ و چیكڵانه‌ بچووكه‌ و هه‌رله‌منداڵییه‌وه‌ باوكی وتوویه‌تی ئه‌م هه‌تیوه‌ سه‌ره‌ڕۆیه‌م زۆر وێڵه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی بنه‌چه‌یان هه‌رده‌م پاوان خواز و خۆبه‌زلزان بوون، دام و ده‌ره‌میش له‌سه‌ر و سه‌ودای ئه‌وه‌دابوون له‌سه‌رووی ئاواییدا باڵه‌خانه‌ی خۆیان بنه‌بكه‌ن، بۆیه‌ نازناوی باڵه‌خانیان وه‌رگرتووه‌ و كاكه‌ وێڵه‌ باڵاخانیش هه‌رله‌مه‌وه‌ به‌سه‌ریدا بڕابووه‌وه‌، ئه‌ویتریشیان ئه‌گێڕنه‌وه‌ گوایه‌ دایكی كه‌ به‌ئه‌م دووگیان بووه‌ بێزووی به‌ برنجی قه‌نده‌هارییه‌وه‌ كردووه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ی جه‌نگاوه‌ری باوكی سه‌وادییه‌كی وه‌های نه‌بووه‌، قه‌نده‌هار و كابولی لێهه‌ڵه‌بووه‌ و ناوی لێناوه‌ كابول.
بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌رباسی غه‌ساله‌كان و ڕووباری سیروان، دوو ئامۆزا ساڵه‌های ساڵ كاروكاسبیان له‌بره‌ودا بوو، له‌چه‌پ و له‌ ڕاست ئه‌یانپێچایه‌وه‌ و حه‌په‌لوشیان ئه‌كرد، مسكێن و پاڵه‌ و ڕه‌نجده‌ری داماوانیش ئه‌مڕۆ به‌سبه‌ی به‌ نانه‌ سكی و دۆ ترشه‌ و نانه‌ ڕه‌ق ڕۆژ و ڕۆژگاریان به‌ڕێده‌كرد، هه‌ر له‌به‌یانی زوو و خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ تا ئێواره‌ی دره‌نگ چنگه‌ نڕه‌و كێشانی زه‌حمه‌تی بوو بۆ دوو ئامۆزای له‌برا زیاتر، ئه‌وه‌ی ده‌كرا و ئه‌وه‌ی ده‌برا هه‌ربۆ جووت ئامۆزابوو، ڕۆژان هات و ڕۆژان ڕۆشت، كاكه‌ وێڵه‌ كه‌وته‌ پرته‌وبۆڵه‌ له‌ كابولی سه‌ی جه‌نگاوه‌ر كه‌گوایه‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كه‌ی قۆرغ كردووه‌ و به‌س قوڕاو بۆئه‌مان ده‌نێرێته‌ خوار، ئه‌میش ئاوه‌ڕۆیه‌كی پاراوی له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ چه‌وولمی خۆی پێ بشواته‌وه‌ و فرۆختی ڕوو له‌ هه‌ڵدێره‌، بۆیه‌ له‌جێگه‌ی خۆیه‌وه‌ ڕێگه‌ی گه‌ڵابه‌كانی كابولی سه‌ی جه‌نگاوه‌ری ته‌نیبوو، هه‌رچه‌ندی ئه‌كرد و ئه‌كۆشا كابولی بێچاره‌ گه‌ڵابه‌كانی نه‌ده‌گه‌یشته‌ سه‌ر ئاو و غه‌ساله‌كانی، داهاتی ئه‌میش ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ خۆی له‌كه‌می ئه‌دا.
سه‌ری خوێنه‌رانی ئازیز نه‌یه‌شێنم هه‌روه‌ك گێڕایانه‌وه‌ بۆم، ئاواش عه‌رزی ئێوه‌ی ئه‌كه‌م.
حاڵ گه‌یشتبوو به‌وه‌ی ئه‌میان ئاوی له‌غه‌ساله‌ی ئه‌و بڕیبوو، ئه‌میتریش خه‌ره‌ندێكی له‌سه‌ر ڕێگه‌ی ئه‌ویتر هه‌ڵكه‌ندبوو، قوش نه‌بوو به‌ كیسه‌یه‌ك چه‌وه‌وه‌ ده‌ربازبێت جا نه‌خوازه‌ڵا گه‌ڵابه‌ لم و چه‌و. كارگه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م باره‌ ئه‌بێت به‌لایه‌كدا بكه‌وێت،هه‌ریه‌ك له‌ دوو ئامۆزا هه‌رچی سه‌رسه‌ری و شه‌لاتی هه‌یه‌ له‌خۆیان كۆكرده‌وه‌، كه‌تادوێنێ بۆ شه‌قهه‌ڵدان و تێڵا وه‌شاندنی سه‌ر كرێكاره‌ داماو و ڕه‌نجده‌ره‌كان چڵكاوخۆریان ده‌كرد، هه‌ر ئه‌و چه‌قۆ وه‌شێن و ئابڕوبڕاوانه‌ ئه‌مڕۆ خۆیان ده‌به‌ست بۆ به‌گژدا چوونه‌وه‌ و شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی دوو ئامۆزا، ڕۆژانێكی زۆر بوو پاڵه‌ و ڕه‌نجده‌ره‌ داماوه‌كان بێكار خۆیان لێهه‌ڵخستبوو، هه‌مان شێوه‌ی جاران هه‌ر دۆ ترشه‌ و نانه‌ ڕه‌ق و نانه‌سكی بوو ڕۆژگاریان، به‌ڵام جیاواز له‌جاران زه‌حمه‌تكێشانیان وه‌ك ڕۆژانی ڕابووردوو نه‌بوو، هه‌ریه‌ك له‌ ئاست خۆیه‌وه‌ خه‌وه‌ نووتكه‌ی بوو، له‌به‌ر ئه‌و سێبه‌ر و ساباتانه‌ خه‌ریكی مێش قرپاندنبوون.
ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو چه‌قاوه‌سوو و خوێڕی هه‌ردوولا به‌یه‌كدا بده‌ن، مه‌لا و ده‌مڕاست و ده‌مسپی ئاوایی هه‌را و زه‌نایان لێبه‌رزبووه‌وه‌ (كوڕه‌ نابێت) (پیاوی چاكبن) (ئێوه‌ بران) (ئه‌م گرفته‌ ماڵوێرانی له‌ دوایه‌) هه‌ریه‌ك به‌ فیتی یه‌ك له‌ ئامۆزاكان كه‌وتنه‌ ڕشانه‌وه‌ و چه‌واشه‌كاری، تا وایلێهات كردیانه‌ كورده‌ ناموسی، خۆیان واپشاندا كه‌ ده‌بنه‌ قڵغان له‌به‌رده‌م هه‌ریه‌ك له‌ ده‌سته‌ و دایه‌ره‌ بێمروه‌ته‌كه‌ی دوو ئامۆزا، خه‌ڵكانی داماو و ڕه‌نجبه‌ره‌كانیش به‌جۆرێك ته‌فره‌دران كه‌ ئه‌وانیش هاتنه‌ سه‌ر ڕێگه‌ی چه‌قۆ وه‌شێنه‌كان تا به‌گژداچوونه‌وه‌ ڕوونه‌دا و زه‌ره‌ر له‌وه‌زیاتر نه‌كه‌وێته‌وه‌.
جا گیانی گیانانم ئاماده‌بووه‌ چاو گه‌شه‌كه‌م، تۆ بڵێ دوای ئه‌وه‌ چی ڕوویدا؟ به‌سه‌ری هه‌موومان چۆنیان بۆ گێڕامه‌وه‌ هه‌روا ئه‌یگێڕمه‌وه‌ و یه‌ك وشه‌م لێزیادنه‌كردووه‌.
ئه‌م مه‌لا و پیاو چاك و ڕیش سپیانه‌، ئه‌و خه‌ڵكه‌یان وا قاندا، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ربه‌ڕاستی گه‌ر به‌یه‌كدابه‌ن ئه‌مانیش ده‌بنه‌ سوتماك، ئه‌و ڕه‌نجبه‌ره‌ كڵۆڵانه‌ش واهاتنه‌ پێش ته‌نانه‌ت یه‌كێكیان سه‌رتاپای خۆی كردبوو به‌ نه‌وت و چه‌رخه‌كه‌شی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، ته‌ڵاقی ئه‌خوارد گه‌ر یه‌ك هه‌نگاو لایه‌ك له‌ویتر نزیك بێته‌وه‌ خۆی گڕئه‌دا، یه‌كێكیش له‌ غه‌ساله‌كه‌ی ئه‌ولا كوڕه‌ ده‌ساڵانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی هێنابوو، ده‌ماری ملی به‌قه‌د خه‌یارچه‌مه‌رێك به‌رزبوه‌وه‌ و هاواری ئه‌كرد (به‌گۆڕی باوكم یه‌كێكتان تفێكیش له‌ویتر بكات، ئه‌م تاقانه‌یه‌م گۆشتاوگۆشت سه‌ر ئه‌بڕم).
جا وه‌ره‌ من و تۆی بیسته‌ری ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ په‌رێشانه‌ چۆن شتێك هه‌ڵهێنجێنین؟!
دوو سێ ڕۆژێك باره‌كه‌ ئاوه‌ها گوزه‌را، ناچار هه‌ردوو ئامۆزا كه‌وتنه‌ ئه‌وه‌ی ناكرێت ژیان بگوزه‌رێت به‌م شێوازه‌، باشتر وایه‌ چاره‌یه‌كی بۆ بكه‌ین و دانوستان بكه‌ین به‌ ئاگاداری گشت ده‌ڤه‌ره‌كه‌.
هه‌واڵه‌كه‌ له‌برووسكه‌ خێراتر گه‌یشته‌ گشت ئاوایی و گه‌وره‌ و بچووكی ناوچه‌كه‌، هه‌ڵپه‌ڕكێ و هه‌ڵای ده‌هۆڵ و زوڕنا ده‌گه‌شته‌ ئاواییه‌كانی ده‌وروبه‌ر، ده‌ستله‌ملان ده‌كراو گشت پێكهاتنه‌وه‌، خۆ ئاماده‌كرا بۆ ڕۆژی سازان و دانوستانی دوو ئامۆزا.
له‌ ڕۆژی دیاری كراودا ئامۆزاكان له‌به‌رچاو هه‌موو ئاوایی ده‌ستیان نایه‌ قه‌دوناوقه‌دی یه‌ك و یه‌كتریان له‌ ئامێزگرت، له‌جاران زیاتر بوونه‌ برا و گرفته‌كه‌ش چاره‌سه‌ركرا به‌وه‌ی (كاكه‌ وێڵ باڵه‌خانی خه‌ره‌نده‌كه‌ پڕكاته‌وه‌ و ڕۆژانه‌ش به‌ر له‌ داخستنی غه‌ساله‌كه‌ی، ڕێگاكه‌ گه‌ر گرفتێكی هه‌بێت چاره‌ی بكات، بۆ ئاسانكاری هاتوچۆی گه‌ڵابه‌كانی كابولی سه‌ی جه‌نگاوه‌ر) (كابولی سه‌ی جه‌نگاوه‌ریش پابه‌نده‌ به‌وه‌ی ڕۆژانه‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كه‌ پاك ڕابگرێت و گه‌ر پێداویستیشی كرد، هه‌ركات ویسترا و كاكه‌ وێڵ باڵه‌خانی داوای كرد، جۆگه‌ی تازه‌ی بۆ هه‌ڵبگرێت و ئاوی سازگاری بۆ دابین بكات)
سه‌یره‌كه‌ له‌ چیایه‌! دوای ڕێكه‌وتنی سه‌رده‌میانه‌ی هه‌ردوو ئامۆزا، شڵپه‌ی ماچی ئه‌و ڕه‌شوڕووته‌ی ئه‌وناوه‌ ده‌گه‌یشته‌ عه‌رشی په‌روه‌ردگار، خۆشحاڵییه‌ك ئه‌و ماڵوێرانانه‌ی داگرتبوو ده‌تووت هه‌رئێستا ئه‌چنه‌ شه‌وی په‌رده‌وه‌. مه‌لای  ئاوایی به‌دوو چنگی عه‌با و كه‌واكه‌ی مۆڵدابوو له‌ده‌وری سه‌روو ئه‌ژنۆ، شه‌ڕواڵه‌ سپییه‌كه‌شی كه‌مێك پێوه‌ به‌رزكردبوه‌وه‌ و جووتێ قلوقاچی سپی ده‌رخستبوو، گوایه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌نوێژ نه‌چێ، وه‌عزی ده‌دا به‌وخه‌ڵكه‌ كه‌ چه‌نده‌ به‌په‌رۆشه‌ بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌. ده‌مسپی و پیاوماقوڵانیش هه‌ر خه‌ریكی ئه‌شهه‌دومابیلا و پیاهه‌ڵدانبوون، هه‌ریه‌ك له‌ ژێریشه‌وه‌ خه‌ریكی سه‌روسه‌ودای ئه‌وه‌بوو چه‌ندی له‌ویتر زیاتر وه‌رگرتووه‌.
هه‌رچی بێقیمه‌ته‌كانیشبوو،به‌ده‌م هه‌ڵسوڕانی چه‌قۆ ئه‌بوئه‌ڵقه‌كانیانه‌وه‌ بزه‌ی سمێڵیان ده‌هات و خه‌ریكی كه‌شوفش بوون به‌سه‌ریه‌كدا.
به‌گیانی ئێوه‌ قه‌سه‌م هیچ نه‌ماوه‌ بیڵێم ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت، بیستمه‌وه‌ بۆ ڕۆژی دوایی، غه‌ساله‌كان زۆر له‌ جاران زیاتر ئیشیان زۆرتربوو، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دوای ئه‌وكاره‌ساته‌ش كه‌ناویان لێنابوو ( ڕۆژگاره‌ دڵته‌زێنه‌كه‌) كرێكار و ڕه‌نجده‌ره‌كان ته‌نانه‌ت كاتی پشووی نیوه‌ڕۆشیان كرا به‌نیوه‌، ئێوارانیش سه‌عاتێك دره‌نگتر ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ له‌به‌ر زیادبوونی كاری ڕۆژانه‌، له‌غه‌ساله‌ی ئه‌ملا ڕێگه‌ چاكردن بۆ غه‌ساله‌كه‌ی كابولی سه‌ی جه‌نگاوه‌ر و له‌ولاشه‌وه‌، جۆگه‌ لێدان و ئاوه‌ڕۆ چاككردن بۆ غه‌ساله‌كه‌ی كاكه‌ وێڵه‌ باڵه‌خانی، ئێوارانیش هه‌ر دۆ ترشه‌كه‌ و نانه‌ ڕه‌قه‌كه‌ شێو و پارشێویان بوو.

ژیلوان ٠٣\٠٨\٢٠٢١ له‌نده‌ن

هاوبەشی :