هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای هاتیمئۆگیولاری: کوشتنی ئەحمەد گون تاوانێکی سیاسیە

168
0
هاوبەشی :

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای هاتیمئۆگیولاری بەشداری لە پرسەی ئەحمەد گوندا کرد، کە لەلایەن جەردەوانەکانەوە تیرۆرکرا. هاتیمئۆگیولاری وتی، “ئەمە تاوانێکی کوشتنی سیاسیە”.

بە بەشداری هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای هاتیمئۆگیولاری و هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) کەسکین بایندر و پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە شڕنەخ نەورۆز ئۆیسال و زەکی ئیرماز هەروەها ئەندامان و بەڕێوەبەرانی رێکخستنەکانی دەبەپە و دەم پارتی لە شڕنەخ و چالاکوانانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) و ئەندامانی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی مەراسیمی پرسەی ئەحمەد گون بەڕێوەبەری ناوچەی سێگرکێی دەم پارتی، کە لەلایەن جەردەوانەکانەوە تیرۆرکرابوو، بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا وێنەکانی ئەحمەد گون بەرزکرانەوە و بێ پسانەوە دروشمی ‘شەهید نامرن’ دەوترایەوە.

لە مەراسیمەکەدا تولای هاتیمئۆگیولاری قسەی کرد و سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەکە کرد و وتی، ئەحمەد گون شۆڕشگێڕێکی کوردە و بەم جۆرە بەردەوام بوو: “ئەمڕۆ ئێمە لە پرسەی هاوڕێمان ئەحمەد گونداین. ئازارەکەمان بەسوێیە، توڕەییشمان یەکجار زۆرە. ئەوە تاوانێکی سیاسیە. سەری گەلەکەمان ساغ بێت. هەڤاڵ ئەحمەد وڵاتپارێزێک، رەنجەرێک، شۆڕشگێڕ و هەڤاڵێکی تێکۆشەر بوو. ئەو لێرە شەو و رۆژی لەپێناو خەبات بۆ گەلەکە خستبووەسەریەک. هەموو ئەوانەی لەگەڵیاندا قسەدەکەین باسی رەنج، ئیرادە و تێکۆشان و وەفاداری ئەومان بۆ دەکەن. هۆکاری سەرەکی تیرۆرکردنی هاوڕێمان ئەحمەدیش هەر ئەمەیە”.

هاوسەرۆکی دەم پارتی لە درێژەی قسەکانیدا کردەوەکانی چەکدارانی سەر بە دەوڵەتی بە بیرهێنایەوە و وتی، “ماوەی ٤٠ ساڵە دەوڵەت بۆ ئەوەی سەرمان پێ نەوی بکات زۆر رێبازی تاقیکردووەتەوە. سیستمی جەردەوانی و جاشایەتی پەرەپێداوە. بەتایبەتی لە کوردستان هێزە ملیشیاکانی جێگیرکردووە. ئەو ملیشیایانەی دەوڵەت لە دژی وڵاتپارێزانی کورد رێکخراون. ئەمە راستەوخۆ تاوانێکی سیاسیە. با کەس خۆی نەخەڵەتێنێت و هەوڵ نەدات رووداوەکە پێچەوانە بکاتەوە. دڵمان پڕ ئازارە”.

هاتیمئۆگیولاری لە کۆتاییدا وتی، “ئاژاوەگێڕی هەیە. ئەو کۆنترا وملیشیایانەی جێگیرکراون بەتایبەتی لە شارە سنووریەکان هەرچی کردەوەی چەپەڵی وەک ماددەی هۆشبەر و بازرگانی بە ژنانە و …هتدیە بەوان دەکرێت. نمونەی ئەو کردەوانەش تیرۆرکردنی هاوڕێ ئەحمەدە و بەمە دەیانەوێت رێگە بۆ کۆمەڵکوژی دیکە خۆش بکەن. بەڵام هەرگیز سەرمان نەوی نەکردووە و سەرشۆڕناکەین. درێژە بەو تێکۆشانەمان دەدەین کە ٤٠ ساڵە بەردەوامە. با کەس نەڵێت گەلی کورد هەنگاو بۆ دواوە دەنێت. رۆبۆسکیمان هەر لە یادە وەک ئەوەی دوێنێ روویدابێت. ئەو زنجیرەی دارمەیت و تابۆتی رۆڵەکانمان لەبیر ناکەین. ئەو ئەقڵیەتەی ئازاری کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی پێچەشتین، هەر هەمان ئەقڵیەت هاوڕێمان ئەحمەدی تیرۆرکرد. ئێمە لە هەموو شوێنێک ئەوە دەخەینەڕوو و دەڵێین کە ئەو رووداوە ئەنجامی ئەو ئەقڵیەتەیە”.

هاوبەشی :