یەکێتیی ئەورووپا ١١ کەس و دامەزراوەی ئێرانیی خستە لیستی ڕەشەوە
ئاریان تیڤی
یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی دووشەممە ١١ی دێسەمەبر (٢٠ی سەرماوەز)، ١١ کەس و دامەزراوەی ئێرانیی لە پەیوەندی لەگەڵ بەرهەمهێنانی فرۆکەی بێفرۆکەوان و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا پەیوەندیدارەکانییەوە خستە لیستی ڕەشەوە.
دەگوترێت ئەو کەس و دامەزراوانە پەیوەندییان بە بەرهەمهێنانی ئەو فرۆکەبێفرۆکەوانانەوە هەبووە کە دراونەتە ڕووسیا و لە شەڕی دژی ئۆکراینادا بەکار هێنراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی یەکێتیی ئەورووپا ئەو دامەزراوە و کەسانەی خراونەتە لیستی ڕەشەوە، بریتین لە کۆمپانیای “چیکاد سەنعەت ئاسماری” و بەڕێوەبەر، سەرۆک و لێکۆڵەری باڵای کۆمپانیاکە.
هەروەها هەر یەکە لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری پارچەکانی فرۆکەیبێفرۆکەوان، لەوانە “کۆمپانیای بەهارێستان کیش” و بەڕێوەبەر و سەرۆکەکەی، “کۆمپانیای سەرمەد ئەلێکترۆنیکی سێپاهان” و “کۆمپانیای کیمیا پارت سەیوان”.
بە گوتەی ئەو یەکێتییە هەر یەک لەو کۆمپانیاگەلە لەگەڵ هێزی قودسی سپای پاسداران، یان بەشی هەوا و فەزای ئەو هێزەدا لە پەیوەندیدان.
لە ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتیی ئەورووپادا هاتووە کە سامان و دارایی ئەو کەس و دامەزراوانە لە ئەورووپا دەستی بەسەردا دەگیرێت و ڕێگریش لە کەسەکان دەکرێت سەردانی وڵاتانی ئەورووپایی بکەن.
یەکێتی ئەورووپا لە ڕابردوودا چەندین جار هەر جۆرە پاڵپشتیکردنی ئێرانی لە ڕووسیا، شەرمەزار کردبوو. هەروەها لە هاوینی ئەمساڵیشدا هەناردەی هەر جۆرە کەرەستە یا زانستێکی کە بتوانرێت لە بەرهەمهێنانی فرۆکە و فرۆکەیبێفرۆکەواندا کەڵکی لێوەربگیرێت بۆ ئێران قەدەغە کردبوو.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، فرۆکەی بێفرۆکەوان لەدژی هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش بەکار دەهێنێت.
لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا تاران بە کەڵک وەرگرتن لە فرۆکەی بێفرۆکەوان نەک تەنیا هەوڵی دەدا کە ناڕازییان بترسێت و لە شەقامیان بسڵەمێنێتەوە، بەڵکوو بۆ ناسینەوەی ناڕازییانیش بەکاری دەهێنا.
هەروەها ڕژیمی ئێران دەیان جار فرۆکەی بێفرۆکەوان و فرۆکەی خۆکوژی لە دژی بارەگا و شوێنی مانەوەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕێکخراوی خەباتی کوردستان و پارتی ئازادیی کوردستان بەکارهێناوە.