بێدەنگی نێونەتەوەیی بەرامبەر هێرشەکانی سەر شەنگاڵ شەرمەزارییەکی گەورەیە’

172
0
هاوبەشی :

بەڕێوەبەری ڕێکخستنی ژنانی دادپەروەر(سی ئی ئۆ) د. لەیلا فەرمان بێدەنگی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگاڵی بە شەرمەزارییەکی گەورە ناو برد و ڕایگەیاند، کە کار بۆ بە تاوانبار ناسینی دەوڵەتی تورک دەکەن.

لەبەرئەوەی کورد وەک گەلێکی بێ دوەڵەت لە سنووری چوار وڵاتاندایە، گلەیی و ناڕەزایەتییەکانی لەلایەن دامەزراوە نێونەتەوەییەکانەوە لەبەرچاو ناگیردرێت، وەک مەرجێک دەسەپێندرێت کە سکاڵاکان دەبێت لە ڕێگەی میکانیزمێکی دەوڵەتەوە بکرێت. تا ئێستا تەنها عێراق یەکجار ناڕەزایی ناردووە، دەوڵەتی عێراق هێرشی دەوڵەتی تورک لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٢ بۆ سەر گوندێکی گەشتیاری لە زاخۆ خستە ڕۆژەڤی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. لەم هێرشە ئاسمانییەی دەوڵەتی تورکدا ٩ هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستدا کە منداڵیشیان تێدابوو، و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبێ ئەوەی ئاماژە بە دەوڵەتی تورکیا بدات، هێرشەکەی شەرمەزار کرد. بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی دیار نەبووە.

سکاڵای دووەم لەلایەن ڕێکخستنی ژنانی دادپەروەر (سی ئی ئۆ( ئاراستەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، ڕێکخستنەکە لە ئەڵمانیا کار بۆ ژنانی قوربانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان دەکات. دەوڵەتی تورک لە ١٧ی ئابی ٢٠٢١ سێ جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بنکەی تەندروستی سیکێنیەی شەنگاڵ لە هێرشەکەدا ٨ کارمەندی تەندروستی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٢٠ کەسیش بریندار بوون. سکاڵای ٤ ڕزگاربووی ئەم هێرشە لە ڕێگەی سەرۆکی یەکەی لێپرسینەوە لە ئینگلتەرا، ئائاریف ئابراهام، پارێزەر تاتیانا ئاتوێڵ و سۆرایا باوینس بۆ لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرایە ڕاپۆرتێک. پارێزەر ئابراهام سکاڵاکەی بە ‘دۆسیەیەکی گرینگ و ڕەمزی’ پێناسە کرد.

‘بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی مایەی شەرمەزارییە’

بەڕێوەبەری ڕێکخستنی ژنانی دادپەروەر، د.لەیلا فەرمان سەبارەت بە ڕێکاری پێشکەشکردنی داواکاری وتی:”سکاڵامان لە کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکردووە، هێشتا چاوەڕێی وەڵامین، بەپێی ڕێکارەکان پێویستە کۆمیتەکە ئەم سکاڵایە بە دەوڵەتی تورک ڕابگەینێ و داوای وەڵام بکات، نازانین ئەم وەڵامە دەدرێتەوە یان نا، دواتر کۆمسیۆنەکە وەڵامی دەوڵەتی تورکیا هەڵدەسەنگێنێت و بڕیاری لەسەر دەدات کە ئایا مافی وەهای هەیە یان نا”.

فەرمان ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەم سەردان کردنە ماوەی ٢-٣ ساڵ بە بەشداری زیاتر لە ١٠ کەسی پسپۆڕ کاریان کردووە و ڕوونی کردەوە، ڕێگەی دووەم دەستپێکردنی دۆسیەیە دژی دەوڵەتی تورک. فەرمان وتی، ” ئاسان نییە،کاری بەهێز پێویستە هیچ پسپۆڕێکی ئێزدی لەم ئاستەدا نییە. هەموو پسپۆڕەکان خۆبەخشانە پەیوەندییان بەم کارەوە کردووە. تەنها دەوڵەتێک دەتوانێت لە دادگای نێودەوڵەتیی لە دژی دەوڵەتی تورک دۆسیەی دادپەروەری بکاتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەوڵێکی لەو شێوەیە نەدراوە، لە ئێستادا کار لەسەر ئەم دوو ڕێبازە دەکەین.”

فەرمان بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانیەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا، باشوور و شەنگاڵ بە شەرمەزارییەکی گەورە ناو برد.

فەرمان ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکان درێژەپێدەری کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانە و دەڵێت:”هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شوێنە مەدەنییەکانی ئێزدییەکان (نەخۆشخانە، شارەکان، دامەزراوەکان) وەک درێژەپێدەری کۆمەڵکوژییەکە وایە. لەم کاتەدا کە شەڕی نێوانیان ئیسرائیل و غەززە جارێکی دیکە پەرەی سەندووە، پێویستە بە مسۆگەرکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەنگاوێکی بەهێز بۆ ئاشتی لە ڕۆژئاوا یان شەنگاڵ دەتوانێت ببێتە نموونەیەک بۆ هەموو ناوچەکە.”

هاوبەشی :