یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) ناسنامەی ٢ شەهیدی ئاشکرا کرد

157
0
هاوبەشی :

یەرەک ناسنامەی دوو گەریلای ئاشکرا کرد، کە لە هەرێمی پێنجوێن لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا شەهیدبوون.

ناوەندی چاپەمەنی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) ناسنامەی دوو گەریلای ئاشکرا کرد، کە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر هەڕێمی پێنجوێن شەهیدبوون.

راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

“١١ی تشرینی دوەم/ نۆڤەمبری ٢٠٢٣ لە هەرێمی پێنجوێن لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەکانی داگیرکەریی تورکیادا، هاوڕێیانمان بەرخودان کەڵهوڕ و رێدور باز کە سەرقاڵی راپەڕاندنی ئەرکی شۆڕشگێڕیی خۆیان بوون، بە هێرشێکی ناجوامێرانە شەهیدبوون.

زانیاری لە سەر ناسنامەی شەهیدان بەم جۆرەیە:

ناو و پاشناو: ئیسلام جەهانفەر

ناسناو: بەرخودان کەلهوڕ

کات و شوێنی بەشداربوون: ٢٠١٧- پێنجوێن

کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٠٢٣- پێنجوێن

ناو و پاشناو: حەسەن سەبوری

ناسناو: رێدور باز

کات و شوێنی بەشداربوون: ٢٠٢٣- دەمبات

کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٠٢٣- پێنجوێن

بەرخودان کەلهوڕ

ساڵی ١٩٨٠ لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لە شابادی کرماشان چاوی بە دنیا هەڵهێنا. سەرباری تەنگوچەڵەمە و دژوارییەکانی ژیانی هەرگیز هیوابڕاو نابێت لە ژیان و ئەو دژواری و مەینەتیانە دەبنە هاندەر بۆ پەیجوری و گەڕان بە شوێن ژیانی ئازاد. لە زانکۆ لە رێگەی خوێندنەوەی کتێبی “ئەوینی کورد”ی رێبەر ئاپۆ بزوتنەوەی ئازادی دەناسێت و زیاتر گەڕانەکانی بە دوای ژیاندا قووڵ دەکاتەوە. دوابەدوای شۆڕشی رۆژئاوا زیاتر فکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ دەناسێت و زیاتر پرسیاری لەلا دروست دەبێت. ساڵی ٢٠١٧ بەشداری لە ریزەکانی گەریلادەکات و ئەوەش وەک راست و دروستترین هەنگاوی ژیانی پێناسە دەکات. بۆ ماوەیەکیش روودەکاتە رۆژئاوای کوردستان و لە شەڕ دژی داعشدا رەنج و تێکۆشانی دەبێت. لە ژیاندا بە هەڵوێستی لەخۆبوردوانە، خاکەڕایانە و بێ دوودڵی بەشداری کاروبارەکان دەکات. بەردەوام لەلای هەڤاڵان جێگەی خۆشەویستی و رێز بووە.

هەڤاڵ بەرخودان کەلهوڕ ئەو میراتەی پاڵەوانی و قارەمانێتی هەرێمی کەلهوڕی وەک شاهین داڵاهوو، رزگار زەڕنە، دیاکۆ کەلهوڕ و بە دەیان رۆڵەی ئەو هەرێمەی لە ناو بزوتنەوەی ئازادیدا گرتەبەر و ببووە رێبوارێکی ئەو رێگەیە و جارێکیتر راستی ئەو هەرێمەی سەلماندەوە.

رێدور باز

هاوڕێمان رێدور باز لە شاری ماکو لە ناو بنەماڵەیەکی وڵاتپاڕێز لەدایکبووە، لە منداڵیەوە لەگەڵ بیستنی بەسەرهات و یادەوەری گەریلاکانی ئازادی کوردستان گەورە دەبێت. هەم بنەماڵە و هەم هەرێمەکەیان شەهید و بەشداربوون لە تێکۆشانی ئازادییان هەیە. ئەوەش زۆر کاریگەری لەسەر دادەنێت و بەشداری لە ریزەکانی گەریلادا دەکات. بەو تەمەنە گەنجەیەوە راستی داگیرکەری ئێران دەناسێت و روودەکاتە ریزی گەریلاوە. لەناو ژیانی گەریلایەتیدا بەردەوام هەوڵی دەدا خۆی بەرەوپێش ببات و خۆی پەروەردە دەکرد و هەوڵی دەدا زیاتر راستی رێبەر ئاپۆ بناسێت. خواست و تامەزرۆیی بۆ فێربوون و ناسین وایکردبوو هەموو لەمپەر و بەربەستەکان لە بەردەم لاببات و هەموو کات جێگەی خۆشەویستی هەڤاڵانی بوو.

وەک یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرەخۆشی لە گەلی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەری کوردستان بەتایبەتی بنەماڵەی ئەو دوو شەهیدەمان دەکەین و سەرلەنوێ رایدەگەیەنین کە تا سەر خاوەنداری لە میراتی ئەو هاوڕێیانەمان دەکەین، بەڵێن دەدەین کە تا کۆتایی و تا ئەو کاتەی خەون و ئاواتی ئەو شەهیدانە دەگەیەنینە سەرکەوتن بەردەوام لە سەر رێبازی ئەوان بین و زیاتر گوڕ بە تێکۆشانمان بدەین”.

هاوبەشی :