سەرچەتەیکی داعش لەلایەن هێزەکانی قەسەدەوە قۆڵبەست کرا
لە ئاریان تیڤی وەرگیراوە
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، قەسەدە، ڕایگەیاندووە کە هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا سەرکردەیەکی گرووپی چەتەکانی داعش قۆڵبەست کردووە.
ئەو سەرچەتەیە ناوی “عەبدولڕەزاق مەحموود زەبکێ” ناسراو بە “ئەبوو خەتاب”ە و دوێنێ لە هەڵمەتێکی هێزەکانی قەسەدە لە ناو شاری ڕەقە قۆڵبەست کراوە. لە ڕاگەیەندراوەکەی قەسەدەدا هاتووە: “ئەو سەرچەتەیە بەرپرسی بڵاوکردنەوەی چەک بەسەر شانە نووستووەکانی داعش لە شاری ڕەققا و گوندەکانی دەوروبەری بووە.”
قەسەدە هەروەها جەختی کردووەتەوە کە هەڵمەتی گەڕان بەدوای شانە نووستووەکانی داعش، “تا پاککردنەوەی تەواوی هەرێمە خۆسەرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لێیان” بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرانی هەرێمە خۆسەرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەرپرسانی سەربازیی قەسەدە پێشتریش چەندین جار ئۆپەڕاسیۆنی تایبەتیان لەدژی پاشماوەی چەتەکانی داعش ئەنجام داوە و دەیان ئەندامی ئەو گرووپەیان قۆڵبەست کردووە.
قەسەدە چەندین جار ڕژیمی تورکیای بە هاوکاریکردنی گرووپی داعش هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاستی سووریا تۆمەتبار کردووە.