کەمپەینێک بۆ ئازادیی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد

181
0
هاوبەشی :

لە ئاریسن. تیڤی وەرگیراوە

هاوپێچ؛ واژۆی ٢١٠ ڕۆژنامەنووس، نووسەر، سیاسەتمەدار و کەسایەتیی جیاواز و دەزگای میدیایی و ڕێکخراوەکانی بواری ئازادیی ڕۆژنامەنووسان.
بۆ ڕای گشتیی؛
“ئێمە داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دەکەین”
ماوەی زیاتر لە مانگێکە ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، هەواڵسازی بەشی عەرەبیی ئاژانسی ڕۆژنیوز لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن ئاسایشی پارێزگای دهۆکەوە ڕفێندراوە و بێسەروشوێن کراوە.
لە ماوەی مانگی ڕابردووشدا وێڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئازادیخوازان و ئاژانسی ڕۆژنیوز و کۆمپانیای چەتر بۆ ئازادکردنی، ١٠ جار تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد هەوڵیان داوە دۆسییەکەی ببینن و دیداری لەگەڵدا ئەنجام بدەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە ڕێگەیان پێ نەدراوە.
تەنانەت ڕێگەش نەدراوە بە هیچ پارێزەرێک، وەکالەتی سلێمان ئەحمەد وەربگرێت و کار لەسەر دۆسییەکەی بکات، ئەمەش پێشێلکارییەکی زەقە.
ئێمە وەک کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان پێمان وایە، ئەوەی بەرامبەر بەو ڕۆژنامەنووسە دەکرێت، سیناریۆیەکی دووبارەی دەسەڵاتدارانە، کە دەیانەوێت هاوشێوەی شێروان شێروانی و هاوڕێکانی و زیندانییانی دیکەی بادینان، سلێمان ئەحمەدیش بە داتاشینی تۆمەتی بێ بنەما سزا بدەن و زیندانیی بکەن.
هەربۆیە پێمان وایە، ئەرکی هەموو ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بواری مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕۆژنامەگەریی و ئازادیی ڕادەربڕینە، بەدەنگ بێن و چیتر ئەم پێشێلکاریی و مامەڵە خراپەی دەسەڵات بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان قەبووڵ نەکەن، کە ئایندەی هەرێمی کوردستان بەرەو تونێلێکی تاریک دەبات.

لە کۆتاییدا جەخت دەکەینەوە، کە سلێمان ئەحمەد بێ تاوانە و لەسەر کاری ڕۆژنامەوانیی ڕفێندراوە و بێسەروشوێنکراوە، سەلامەتی گیانیشی لە ئەستۆی ئاسایشی دهۆک و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستاندایە، بۆیە دەبێت دەستبەجێ و بەبێ مەرج ئازاد بکرێت.
ناوی ٢١٠ کەسایەتی و دەزگا و دامەزراوە کە یاداشتەکەیان واژۆ کردووە؛

هاوبەشی :