کەجەدەکە-ئە لەپێناو هەڵگرتنی قەدەغەی سەر پەکەکە بانگەوازی راگەیاند

207
0
هاوبەشی :

کەجەدەکە-ئە رایگەیاند: “داوا لە کوردستانیان دەکەین کە بەشداری لە رێپێوانەکەی ١٨ی تشرینی دووەمی بەرلیندا بکەن، کە بە پێشەنگایەتی رێکخراوە ئەڵمانییەکان لە دژی قەدەغەکردنی پەکەکە لە ئەڵمانیا و سیاسەتەکانی دژایەتی کورد لەو وڵاتە، بەڕێوەدەچێت.

کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) بۆ هەڵگرتنی قەدەغەی سەر پەکەکە لە ئەڵمانیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ” هەڵگرتنی قەدەغەی سەر پەکەکە لە ئەڵمانیا رێگە لەبەردەم چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و بەرەوپێشبردنی دیموکراسی لە تورکیا دەکاتەوە”.

ئەوەش بە بیرهێنراوەتەوە کە لە ئەنجامی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان ئەڵمانیا و تورکیا لە ساڵی ١٩٩٣ حکومەتی ئەو کاتەی ئەڵمانیا لە سەر داوای تورکیا بە بڕیارێکی سیاسی دەستی بە قەدەغەکردنی چالاکییەکانی پەکەکە لە ئەڵمانیا کرد. ئەو بڕیارە یەکەم هەنگاوە بۆ بە تاوانبارناساندنی کوردان، لە رێگەیەوە ویسترا کە چارەسەری پرسی کورد بەشێوەی دیموکراتیک لەمپەری لەبەردەم سازکرا.

ئەمە قەدەغەکارییە هەنگاو بە هەنگاو بەرفراوان و تاڕادەیەک لە تەواوی ئەوروپا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. تێکۆشانی رەوای ئازادیی گەلی کورد لە ژێر چەمکی “تیرۆریزم”دا قەدەغەکرا و بە تاوان ناسێندرا. ئەڵمانیا کە پێشەنگایەتی پرۆسەی ئەو قەدەغەکارییەی کرد، زۆر جار پەنای بۆ ئەو کردەوە و قەدەغەکاریانە برد کە هاوشێوەی کردەوەکانی دەوڵەتی قڕکەری تورکن.

لەناو قەدەغەکارییەکانی دەوڵەتی ئاڵماندا قەدەغەکردنی ئاڵا، پلاکارد، وێنەکانی رێبەرایەتی، رێپێوان، مافی رێکخستنبوون و کۆبوونەوە سەپێندراوە و سیاسەتمەداران خراونەتە زیندانەوە. ئەو گوشار و قەدەغەکارییە بەرامبەر بە گەلی کورد کە لە ئەوروپا ژمارەیان ٣ ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت، کردەوەیەکی نادیموکراتیکە.

بەهۆی ئەو ستەم و نادادیە جیهانیە کە لە رێگەی قەدەغەکردنی پەکەکەوە بەئەنجام گەیەندراوە، دەوڵەتی تورک چەندین ساڵە لە کوردستان کۆمەڵکوژی دەکات، کوردستان داگیرکەر دەکات و بە بەرچاوی جیهانەوە کەسانی مەدەنی دەکوژێت. ئەو هەڵوێستە بەردەوام و شێوازە قڕکردنە زۆر کۆنە، کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکوو قووڵتریان دەکاتەوە و زیان بە دیموکراسی و یاسای نێونەتەوەیی دەگەیەنێت.

ئەم قەدەغەکارییە لە سەر پەکەکە، کە بزوتنەوەیەکی ناسنامە و ئایینە جیاجیاکانە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داکۆکیکاری پێکەوەژیانی دیموکراتیک و ژیانی ئازادی ژنانە، دەبێتە لەمپەر لەبەردەم دیموکراسی. درێژەدان بە قەدەغەکردنی پەکەکە کە بە نوێنەرایەتی مرۆڤایەتی لە دژی داعش شەڕی کرد و لەناویبرد، نەک رێگریی لە بەرەوپێشبردنی دیموکراسی کرد، لە هەمان کاتدا رێگەی لەبەردەم دیکتاتۆر ئەردۆغان کە خاوەنی ئەقڵیەتی داعشە دەکاتەوە و ئاڵۆزی و قەیرانەکان لە هەرێمەکە قووڵتر دەکاتەوە.

هەڵگرتنی قەدەغەی سەر پەکەکە لەپێناو چارەسەری پرسی کورد بە رێبازی دیموکراتیک، ئاسانکاری بۆ چارەسەری کێشەکان دەکات و رێگە لەبەردەم دیموکراتیکردنی تورکیاش دەکاتەوە. دەزانرێت کە رێگەی بە دیموکراتیکبوونی تورکیا، گوێگرتنە لە داخوازی و داواکارییەکانی گەلی کورد و چارەسەرکردنی کێشەکەیانە، یاخود چارەسەری سیاسی پرسی کورد کلیلی دیموکراتیکبوونی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

لە بڕیاری دیوانی دادی ئەوروپا لە لوکسەمبورگ لە ساڵی ٢٠١٨دا و بڕیاری دادگای باڵای بەلجیکا لە ساڵی ٢٠٢٠ هاتووە کە پەکەکە وەک رێکخستنێکی تیرۆریستی داناندرێت؛ بریاردرا کە پەکەکە لە چوارچێوەی یاساکانی شەڕ وەک یەک لەلایەنەکانی شەڕەکە دابندرێت.

سەرباری ئەو بڕیارە یاساییانەش، پێداگری لە سەر قەدەغەکردنی پەکەکە کە لە ویژدانی هەموو کۆمەڵگاکانی جیهاندا وەک تێکۆشانی ئازادی، یەکسانی و ئازادی ژن قەبوڵ دەکرێت، هەم یاسا و هەمیش ویژدانی مرۆڤایەتی پێشێل دەکات و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد ئاستەنگ دەکات. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە رۆژئاوا، شەنگال، باشوور، یاخود لە سەرتاسەری کوردستان رێگە لەبەردەم قڕکردنی کوردان دەکاتەوە، دەبێت ئیتر قەدەغەی سەر پەکەکە هەڵبگیرێت.

ئەم داواکارییە، نەک هەر وەک داواکاری رێکخراوەکانی کورد و گەلی کورد، هەروەها وەک داوای بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگا لە وڵاتانی جیاجیا، لە پەرلەمانەکان، کۆنفڕانسەکان، کۆنگرەکان و رێپێوانەکان دەخرێتەڕوو.

ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە قەدەغەی سەر پەکەکە و رێکخراوە کوردیەکانی دیکە لە ئەڵمانیا هەڵبگیرێت و لە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا دەربهێندرێن. هەروەها لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا لە زیاتر لە ١٠٠ ناوەندی جیهاندا بانگەوازی ‘ئازادی بۆ ئۆجالان و چارسەری بۆ پرسی کورد’ قەدەغە بێ واتا دەکات.

وەک کەجەدەکە-ئە داوا لە کوردستانیان دەکەین کە بەشداری لەو رێپێوانەدا بکەن کە ١٨ی تشرینی دووەم لە بەرلین بە پێشەنگایەتی رێکخراوە ئەڵمانییەکان، لە دژی قەدەغەی سەر پەکەکە لە ئەڵمانیا و سیاسەتی بە تاوانباردانانی کوردان، بەڕێوەدەچێت. هەروەها داوا لە کوردستانیان و کەسانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز دەکەین، کە بەشداری لەو چالاکییانەدا بکەن، کە هەمان رۆژ لە بەردەم باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەڵمانیا لە هەموو وڵاتان ئەنجام دەدرێن”.

هاوبەشی :