تولای حاتەم ئۆغۆللاری: ئەوانەی گەلی کورد بۆمباران دەکەن، ناتوانن پشتیوانی فەڵەستین بکەن

254
0
هاوبەشی :

هاوسەرۆکی گشتی هەدەپ تولای حاتەم ئۆغۆللاری، ئاماژەی بەوە کرد، ئەوانەی گەلی کورد بۆمباران دەکەن، ناتوانن پشتیوانی گەلی فەڵەستین بن، هەروەها بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی مەزنکردنی تێکۆشانی کرد.

ڕێکخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ)ی ئیستەنبوڵ، لە ناوەندی پێشانگای یەحیا کەمال بەیاتلی لە ناوچەی کوچوک چەکمەجە دووەمین کۆنگرەی نائاسایی بەڕێوەبرد. لە کۆنگرەکەدا هەزاران کەس بەشداریان کرد و هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپ تولای حاتەم ئۆغۆللاری پەیامی گرنگی پەیوەست بە ڕۆژەڤە هەنوکەییەکان پێشکەش کرد.

ئۆغۆللاری سەرەتا سڵاوی لە بەرخۆدانی دایکانی ئاشتی کرد، پاشان باسی لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەت هێرشەکانی سەر غەززە کرد، گوتی: “هێرشەکانی ئیسرائیل شەرمەزار دەکەین. بۆ ئەوەی تێکۆشان بۆ ئاشتی لەم هەرێمەدا گەشە بکات، ئێمەش هەر وەک دوێنێ درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین. لەلایەک بۆمب لە کوردستان، باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕۆژئاوا دەبارێت. ئەمڕۆش دەسەڵاتی ئاکەپە داوای ئاگربەست لە ئیسرائیل دەکات. ئێمەش بە دەسەڵات دەڵێین، ئەوانەی گەلی کورد بۆمباران دەکەن، ناتوانن پشتیوانی گەلی فەڵەستین بن. ئایا ئەو کارانەی ئەمڕۆ لە غەززە دەکرێن لە عەفرین نەکران؟ ئایا عەفرینیان چۆڵ نەکرد، بۆمبارانیان نەکرد؟ ئەم دەسەڵاتە دوژمنی گەلانە هەرگیز ناتوانێت چارەسەرێک بۆ گەلان بئافرێنێت”.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری، دووپاتی کردەوە، چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد بە لابردنی سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی دەبێت، گوتی: ” ئێمە تەنها بە لابردنی گۆشەگیری سنووردار نابین، لە هەمان کاتدا درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین تا ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان بەدەست دێت. لێرەدا بە (سی. پی. تی.) و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین دەڵێم “با پێکەوە گۆشەگیری تێکشکێنین”، پێویستە بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجالان دەنگمان بڵندتر بکەین”.

تولای، لە درێژەی قسەکانی دووپاتی کردەوە، ڕژێمی قەیوم ڕژێمێکی دژە دیموکراسی و فاشیستییە، پارتەکەیان ئەو شارەوانییانە وەردەگرێتەوە کە قەیوم تێیدا دانراون.

هاوبەشی :