کەجەکە: شۆڕشی ڕۆژئاوا گۆڕەپانی ژیانی ئازادە و بە تێکۆشانی گەلان ئافرێنراوە

236
0
هاوبەشی :

لە ڕۆژ نیوزەوە وەرگیراوە

هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند: حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دەیانەوێت ئەم قۆناغە بکەنە دەرفەتێک بۆ لەناوبردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا و قڕکردنی کورد، دەشڵێت: شۆڕشی ڕۆژئاوا گۆڕەپانی ژیانی ئازادە و لە ڕێگەی تێکۆشانی هاوبەشی گەلانەوە ئافرێنراوە.

هاوسەرۆکایەتیی کەجەکە بە بۆنەی ١ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی کۆبانێ و ٢ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی ڕۆژئاوا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەم ڕۆژەی لە گەلانی جیهان پیرۆز کرد.

کەجەکە دەڵێت: بەرخۆدان و سەرکەوتنی کۆبانێش لە ڕێگەی بەرخۆدان و تێکۆشانی هاوبەشی گەلانەوە پێکهات، بۆیە لە هەموو گەلانی جیهانەوە بە توندی باوەشکرا بە کۆبانێ و شۆڕشی ڕۆژئاوادا، بەم بۆنەیەوە، جارێکی تر ئەم شۆڕش و بەرخۆدانە پڕ واتایە بە دڵ و گیان پیرۆز دەکەین و هاوپشتی بەهێزی خۆمان بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا دەردەبڕین.

هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا کەجەکە ئاماژەى بەوە کردووە، شۆڕشی ڕۆژئاوا گۆڕەپانی ژیانی ئازادە و لە ڕێگەی تێکۆشانی هاوبەشی گەلانەوە ئافرێنراوە، دەوڵەتەکان نایانەوێت هەرێمێکی وەها هەبێت. بۆیە ​​دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا ناوەستنەوە، بە پێچەوانەوە پشتیوانی دەکەن.

ڕاگەیاندراوەکەی هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەم شێوەیەیە:

“پاش ڕزگارکردنی کۆبانێ، ١ ی تشرینی دووەم وەک ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ ڕاگەیاندرا، پاشان ٢ ی تشرینی دووەم وەک ڕۆژی جیهانیی ڕۆژئاوا ڕاگەیاندرا و لە تەواوی گەلانی جیهان پیرۆزکرا. بێ گومان ئەو شۆڕشەی لە ڕۆژئاوا پێکهات، بەرئەنجامی تێکۆشانی هاوبەشە. بەرخۆدان و سەرکەوتنی کۆبانێش لە ڕێگەی بەرخۆدان و تێکۆشانی هاوبەشی گەلانەوە پێکهات. بۆیە لە هەموو گەلانی جیهانەوە بە توندی باوەشکرا بە کۆبانێ و شۆڕشی ڕۆژئاوادا. بەم بۆنەیەوە، جارێکی تر ئەم شۆڕش و بەرخۆدانە پڕ واتایە بە دڵ و گیان پیرۆز دەکەین و هاوپشتی بەهێزی خۆمان بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا دەردەبڕین. لەم ڕۆژە واتادارەدا، سڵاو دەنێرن بۆ وڵاتپارێزان و گەلانی شۆڕشگێڕی ڕۆژئاوا و کوردستان. سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە پشتیوانیان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا کرد و بەرخۆدانیان کرد و ڕەنجیان کێشا و قوربانیان بەخشی، لە کەسێتی شەهیدانی بەرخۆدانی کۆبانێدا، هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی بە ڕێزداری بیردەهێنینەوە. هەمدیسان سوپاس و گرێدانەوەی خۆمان بە شەهیدانەوە ڕادەگەیەنین. سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوا و بەرخۆدانی کۆبانێ بە بەرخۆدان و فیداکاریی هەزاران هاوڕێی نێونەتەوەیی وەک ئارین، ئاڤێستا و گەلهات و ئولاش و لێگەڕین پێکهات. ئەوان و هاوڕێکانیان هەمیشە وەک سیمبولی ئەم شۆڕش و بەرخۆدانە یادیان زیندوو ڕادەگیرێت.

ئەو دەمەی داعش هێرشی کردە سەر کۆبانێ، گەل و شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و زۆر دەڤەری جیهان، بەتایبەتی گەلانی چوار پارچەی کوردستان، بۆ ڕزگارکردنی کۆبانێ کەوتنە جووڵە و بەشداربوون لە بەرخۆدانی کۆبانێ. بەم شێوەیە بەرخۆدان مەزن بوو، داعش شکستی هێنا و کۆبانێ ڕزگار کرا. ڕزگارکردنی کۆبانێ لە هێرشی چەتەکانی داعش، پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوایشی لەگەڵ خۆیدا هێنا. چونکە دەیانویست شۆڕشی ڕۆژئاوا سەرکوت بکەن و کۆبانێ بکەوێت. بەڵام بە بەرخۆدانی هاوبەشی گەلان ڕێگری لێ کرا. سەرەڕای پشتگیری هەموو هێزە پاشڤەڕۆکان، بە تایبەت دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە، پاراستنی کۆبانێ و ڕزگارکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە داگیرکاری، بە ڕوونی دەریخست بەرخۆدانی هاوبەشی گەلان دەتوانێت چی بئافرێنێت. بەرخۆدان و سەرکەوتنی کۆبانێ بەهەموو لایەکدا دەریخست، هیچ هێزێک لەسەرووی یەکێتی و تێکۆشانی هاوبەشی گەلانەوە نییە، هیچ تەکنیک و هێزێکی ماددی لە ئیرادەی گەل و ئارەزووی ژیانێکی ئازاد کاریگەرتر نییە. بێ گومان ئەم ئیرادە و ئارەزووە هەموو جیهان لە سەردەستی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ڕزگار دەکات و بە زیهنیەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک ژیان ئازاد دەکات.

حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە هێزی ڕاستەقینەی پشت داعش بوو. ئەوە حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە بوو وای کرد داعش، هێرشی بکاتە سەر کورد و ڕۆژئاوا و ئێزدییەکان و کۆبانێ. داعش بە زیهنیەتی حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە کاردەکات و بەپێی سیاسەتەکانی ئەو دەجووڵێتەوە. ئەمڕۆ دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە داعش ئاڕاستە دەکات و هەوڵدەدات زیندووی بکاتەوە. وەک دەزانرێت، پاش ڕزگارکردنی کۆبانێ، کاتێک دەرکەوت شۆڕشی ڕۆژئاوا لە لایەن داعشەوە لەناونابرێت، حکوومەتی ئاکەپە-مەهەپە ڕاستەوخۆ کەوتە جووڵە و هێرشی داگیرکاری بۆ سەر ڕۆژئاوا دەستپێکرد. عەفرین و سەرێکانی و گرێ‌سپی داگیرکران و هێرشەکان بۆ سەر تەواوی ڕۆژئاوا تا دێت ڕوو لە زیادبوونە. هێرشەکان هێشتاش بەردەوامە.

لەگەڵ هێرشە نوێیەکەی ٥ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، دەرکەوت ئامانجی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە قڕکردنە. لەو هێرشانەدا دەیان بینای بەرهەمهێنان و ژیانی، قوتابخانە و نەخۆشخانە، پەرستگا و بەنداو کرانە ئامانج و لێیان درا، سەدان کەس شەهید و بریندار بوون. ئەمە قڕکردنێکی ئاشکرایە. تەیب ئەردۆگان و هاکان فیدان بە ئاشکرا ئەمەیان ڕاگەیاند و بەبەرچاوی جیهانەوە ئەنجامیاندا. بەڵام دەوڵەت و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر ئەم هێرشی قڕکردنە ئاشکرایە پیشان نەدا. ئەمەش بە ڕوونی دەری دەخات، دەوڵەت و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان پەیوەندی ئابووری و سیاسییان لەگەڵ حکوومەتی ئاکەپە – مەهەپەی قڕکەر هەیە و بە هۆی پەیوەندییە بەرژەوەندیخوازییەکانیانەوە دەنگی خۆیان بەرامبەر هێرشە قڕکەرەکانی سەر ڕۆژئاوا هەڵنابڕن. نزیکایەتی هاوشێوە لە هێرشەکانی سەر غەززە و پرسی فەڵەستینیشدا بەدی دەکرێت. دەوڵەتان و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان نزیکایەتییەکی دڵسۆزانە و دادپەروەرانە ناگرنەبەر، بەپێی بەرژەوەندییەکانیان لە شەڕی غەززە نزیک دەبنەوە. پێش هەمووان، حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە و تەیب ئەردۆگان خاوەنی نزیکایەتییەکی لەم جۆرەن. دەڵێن دژی هێرشەکانی سەر غەززەن، بەڵام بێ شەرمانە هەمان ئەو شتەی بەسەر غەززەدا هات، بەرامبە رڕۆژئاوا و کوردان دەیکەن. ئەمە بێشەرمی و دووڕووییەکی مەزنە، بەبەرچاوی هەمووانەوە ئەمە دەکەن. بەڵام ئەم پێشهاتانە دەمامکی ئاکەپە – مەهەپە و تەیب ئەردۆگانی هەڵدایەوە و هەمووان باشتر لەوە تێگەیشتن.

ناتۆ هاوبەشی قڕکردنە لە ڕۆژئاوا

وەک دەبینرێت مەترسی لەسەر ڕۆژئاوا نەڕەویوەتەوە. شۆڕشی ڕۆژئاوا لەژێر هەڕەشە و هێرشی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدایە. ئەوان دەخوازن شۆڕشی ڕۆژئاوا تەسفیە بکەن و خواست و تێکۆشانی ژیانی ئازادی گەلان سەرکوت بکەن و لەناوی بەرن. دەوڵەتی تورک و حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە، بە زیهنیەتی دژ بە کورد، دەیانەوێت شۆڕشی ڕۆژئاوا بسڕنەوە و قڕکردنی کورد ئەنجام بدەن. بەڵام هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە پشت ئەم هێرش و سیاسەتانە ڕاوەستاون. چونکە شۆڕشی ڕۆژئاوا گۆڕەپانی ژیانی ئازادە و لەڕێگەی تێکۆشانی هاوبەشی گەلانەوە ئافرێنراوە. دەوڵەتەکان نایانەوێت هەرێمێکی وەها هەبێت. بۆیە ​​دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا ناوەستنەوە، بە پێچەوانەوە پشتیوانی دەکەن. دەوڵەتی تورک بەو پشتگیرییەی لە ئەمریکا و ناتۆ و ئەوروپا و وڵاتانی دیکەوە دەستی دەکەوێت و بەو چەکانەی لێیان وەریدەگرێت، هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوا و قڕکردن ئەنجام دەدات. بۆیە ئەم هێزانە هاوبەشن لە قڕکردنی ڕۆژئاوا و ناتوانن لەو بەرپرسیارێتییە خۆیان بدزنەوە.

ئەم هەلومەرجە، زیندووکردنەوەی ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ لە ئێمە دەخوازێت

پێشهاتەکان ئەم ڕاستییەیان سەلماند؛ شۆڕشی ڕۆژئاوا تەنها لە ڕێگەی تێکۆشان و بەرخۆدانی هاوبەشی گەلانەوە دەپارێزرێت. وەک دەبینرێت، هێزە سەردەستەکان لە ناکۆکی و شەڕدان. شەڕی جیهانی سێیەم لە نێوان هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا دەقەومێت. ئەم شەڕە بە تەواوی بەهۆی ناکۆکی سەروەری و دەسەڵاتدارییەوە ڕوودەدات. لەو چوارچێوەیەدا دەوڵەتی تورک و حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دەیانەوێت ئەم قۆناغە بکەنە دەرفەتێک بۆ لەناوبردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا و قڕکردنی کورد. دەیەوێت بەم هێرش و سیاسەتانە بگاتە ئامانجەکەی. تاکە ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لەم کارە ئەوەیە، گەل و هەموو هێزە دیموکراتیکەکان هەڵوێستێکی بەهێزتریان هەبێت، بە یەکگرتن و تێکۆشانی هاوبەش بەرخۆدان بکەن. پێویستە ئەمە بکرێت و بگاتە ئەنجام. هەلومەرجەکە ئەوە دەخوازێت ئەو ڕۆحی یەکێتی و یەکگرتن و بەرخۆدانەی لە کۆبانێ پێشکەوت، زیندوو بکەینەوە و فراوان و گەشتری بکەین. پێویستە ١ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ و ٢ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی ڕۆژئاوا بەم هۆشیاری و بەرپرسیارێتییە مێژووییەوە پێشوازی لێ بکرێت و بەرز ڕابگیرێت. بەتایبەت گەلی ڕۆژئاوا و کوردستان، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان و ژنان و گەنجان و سۆسیالیست و هێزە دیموکراتیکەکان و هەموو ئەوانەی دژی چەوسانەوەن، پێویستە بە ڕۆحی بەرخۆدان و یەکگرتنی کۆبانێ، بەتوندی پشگیری لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بکەن”.

هاوبەشی :