ساڵەح موسلیم: رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە گۆڕانکاریدایە، لەپێناو سەرکەوتنى گەلى کورددا پێویستە یەکگرتوو بین.
هاوسەرۆکى پەیەدە رایگەیاند، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە گۆڕانکاریدایە، هەر بۆیە داوا لە حیزبەکان دەکەم لەپێناو سەرکەوتنى گەلى کورددا یەکگرتوو بین. وتیشی: ئەگەر یەکگرتوو نەبین داهاتوى کورد دەکەوێتە مەترسییەوە.
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکى پارتى یەکێتىی دیموکرات (پەیەدە)، لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند: دەبێت هەموو کورد بە ڕۆحی کۆبانی دژی داگیرکاریی بوەستێتەوە، هەر بەو هۆیەشەوە پشتگیرىی جیهان بووە هۆکارێک بۆ سەرکەوتنى کۆبانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا هێرشە داگیرکارییەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و تورکیا بەم هێرشانە دەیەوێت خەڵکى ناچار بە کۆچکردن بکات، بەڵام ئێمە بەرگرىی دەکەین.
هاوسەرۆکی پەیەدە ئەوەشی راگەیاند: تەواوی کوردستان لە ژێر مەترسییدایە دەبێت هەمومان خاوەنداریی لە کوردستان بکەین، ئەوەش بەوە دەکرێت لە پێناو مانەوەى گەلەکەمان یەکگرتوبین و یەکێتىی کوردان بەهێز بکەین”.