لەپەیامێکدا تەڤگەری ئازادی خەباتێکی نوێی لە دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند

236
0
هاوبەشی :

هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا، خەباتێکی نوێی لەسەر بنەما ژینگەپارێزیی و هاوسەنگیی ڕەگەزیی و دیموکراسیدا، لەسەر داخوازی ئازادیخوازانی دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند، هاوکات لە ڕۆژانی ١١، ١٢ و ١٣ی ئەم مانگەدا یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە وڵاتی سوید دەبەستێت.

ئەمڕۆ، تارا حسێن، هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، لەسەر داخوازی ئازادیخوازان، خەباتێکی نوێی تەڤگەری ئازادی لە دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند، لەپەیامەکەدا وتی: تەڤگەری ئازادی وەکو بزووتنەوەیەکی دیموکراتی، سیاسیی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی، ساڵانێکە خەباتی خۆی لەسەر بنەما و جیهان بینییە ژینگەپارێزی و هاوسەنگی ڕەگەزی و دیموکراسی بەڕێوە دەبات، لەو چوارچێوەیەدا بەبەشداری ژنان و گەنجان خەباتی خۆی بەردەوام کردووە.

لە پەیامەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لەماوەی پێشوودا هەست بەوە کرا، کە گەلەکەمان لەدەرەەوی وڵات پێویستە لە چوارچێوەی ڕێکخستنەکانی تەڤگەری ئازادییدا خۆیان ڕێکبخەن، داواکارییەکی بەم شێوەیە هەبوو، بۆ ئەم مەبەستە دەستەیەکی ئامادەکاری ڕێکخستنەکانی تەڤگەری ئازادی لە دەرەوەی وڵات دروستکرا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە، سمینار و چالاکی جیاواز بەڕێوەچوو.

هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی، مزگێنییەکی بۆ ئازادیخوازان و دۆستانیان لە دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند و وتی: لە ڕۆژانی ١١، ١٢ و ١٣ی ئەم مانگەدا، کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی لەوڵاتی سوید بەڕێوەبچێت، گەلی ئێمە پەناهەندەی وڵاتانی دەرەوە بووە، بەبۆنەی نەبوونی سیستەمێکی دادپەروەر و دیموکراتی و ژیانێکی ئازادانە لە باشووری کوردستاندا، وڵاتییان بەجێ هێشتووە، ئێمە بە پێویستی دەزانین گەلەکەمان لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت، دەبێت پارێزگاری لە شووناس و ناسنامە و بەها کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بکات، خواستێکیش لەدەرەوەی ولات هەبووە کە تەڤگەری ئازادی لەدەرەوەی وڵاتیش ڕێکخستنەکانی خۆی گەشە پێبدات و ببێتە یارمەتیدەرێک بۆ ناوخۆی وڵات.

تارا حسێن لەپەیامە ڤیدیۆییەکەدا بانگەوازیی کرد و وتی: دۆستان و ئازادیخوازان لەدەرەوەی وڵات، شانبەشانی ئێمە بتوانن بەشداری ئەو تێکۆشانەبن و خاوەنداری لە پرسەکانی نەتەوە و نیشتمانەکەمان بکەن، لەئێستادا هاوڵاتییانی باشووری کوردستان، بەهەموو ڕەنگ و پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکانیشەوە، لەنەبوونی بەڕێوەبەرایەتییەکی دیموکراتی و سیستەمێکی جێگرەوەدا ژیان دەکەن، تەڤگەری ئازادی بە ئەرکی خۆی دەبینی وەکو سیستەمێکی جێگرەوە بانگەوازیی بکات بۆ گەلەکەمان کە خۆی ڕێکبخات.

تاران حسێن لەکۆتاییدا، ئاماژەی بەوەشدا، ڕەنگە بەپێی پێویست دەستەکانیان نەیانتوانیبێت خۆیان بگەیەنن بە هەموو ئازادیخوازان لەدەرەوەی وڵات و وتی: ئەمە بەواتای ئەوە نییە کە لەبیر کرابن، هەموو ئازادیخوان و دۆستانمان ئەیانەوێت بەشداری کۆنگرە بکەن، یاخود لە دوای کۆنگرەشەوە دەتوانن پەیوەندی بکەن بە تەڤگەری ئازادییەوە، بەشداری لە خەباتی ئەخلاقی و سیاسیی و دیوکراتی و کۆمەڵایەتییەکان بکەن، بۆیە لەڕێگەی ئەو کەناڵانەی دامەزرێندراون دەتوانن خۆیان بگەیەنن بە ڕێکخستنەکانەوە.

دەستەی ڕێکخستن و ئامادەکاریی کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی لەدەرەوەی وڵات، بۆ ئازادیخوازان ڕایدەگەنێت، کە هەر کەسێک دەیەوێت بەشداری لەکۆنگرە یاخود ڕێکخستنەکانی تەڤگەری ئازادییەوە بکات، دەتوانێت لە ڕێگەی ئەم ئیمەیڵ و ژمارەیەوە پەیوەندییان پێوە بكات:

[email protected] ژمارە مۆبایلی 00447436292277

هاوبەشی :