🔹بانگەوازی مێژوویی ڕێبەر ئاپۆ: بۆ چەکدانان پێویستە دان بە ڕەهەندی سیاسەتی دیموکراتیک و یاساییدا بنرێت
🔹بانگەوازی مێژوویی ڕێبەر ئاپۆ: بۆ چەکدانان پێویستە دان بە ڕەهەندی سیاسەتی دیموکراتیک و یاساییدا بنرێت
🔸حەسەن جودی
♦️ڕێبەر ئاپۆ کە ٢٦ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی لە گۆشەگیرییەکی تونددایە، لەگەڵ شاندی دەم پارتی و هەڤاڵە زیندانیکراوەکانی بانگەوازی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ـی کرد.
♦️زیاتر لە ١٤٠ دەزگای ڕاگەیاندن و نزیکەی ٣٠٠ ڕۆژنامەنووس ڕووماڵیان کرد. هاوکات چەندین پەرلەمانتار و نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نووسەر و ڕۆشنبیر لە هۆڵەکەدا ئامادەبوون.
♦️ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی بۆ “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” کرد. بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم جۆرەیە:
“بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک
پەکەکە لە سەدەی بیستەمدا، لە سەدەیەکی هەرە توندوتیژی مێژوودا دامەزرا. ئەو زەمینەیەی پەکەکەی تێدا دامەزرا، زەمینەی دوو جەنگی جیهانی بوو. سەردەمی سۆسیالیزمی بونیاتنراو و جەنگی سارد بوو لە جیهاندا. لەم زەمینەیەدا نکۆڵیکردن لە ڕاستینەی کوردان، قەدەغەکردنی ئازادییەکان، بە تایبەتیش قەدەغەکردنی ئازادی بیرکردنەوە هەبوو.
لەو سەدەیەدا لە ڕووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژ و تاکتیکەوە، کاریگەریی ڕاستی سۆسیالیزمی بنیاتنراو، لەسەر ئەم دامەزراندنە هەبوو. لە ساڵانی ١٩٩٠دا، هەڵوەشانەوەی سۆسیالیزمی بنیاتنراو بە هۆکاری ناوخۆیی، شکستی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵاتەکە و پێشکەوتنی ئازادی بیرکردنەوە، وایکرد پەکەکە واتای خۆی لەدەست بدات و زیاد لە پێویست خۆی دووبارە بکاتەوە. بۆیە وەک ئەوانی تر، پەکەکەش لە دوادواییەکانی خۆیدا دەژی و پێویستی بە خۆهەڵوەشاندنەوەیە.
پەیوەندییەکانی کورد و تورک؛ لە مێژووی هەزاران ساڵەدا تورک و کورد بۆ مانەوەی خۆیان و خۆپاراستن بەرامبەر هێزە هەژموونگەراکان، هەردەم بە پێویستیان زانیوە لەنێو هاوپەیمانییەکی دڵخوازانەدا بن.
لەم دوو سەدەیەی کۆتاییدا، مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی شکاندنی ئەم هاوپەیمانێتییەی کردە ئامانجی خۆی. ئەو هێزانەی کەوتبوونە ژێر کاریگەرییەکەیەوە، هاوشانی بنکە چینایەتییەکەیان، خزمەتیان بەم ئامانجە کرد. بە شرۆڤە تاکڕەهەندەکانی کۆمار، ئەم پرۆسەیە خێراتر بوو. ئەرکی سەرەکی ئەوەیە، ئەو پەیوەندییە مێژووییەی ئەمڕۆ شکستی هێناوە، بە ڕۆحی برایەتی و یەکێتی، بەبێ پشتگوێخستنی باوەڕەکان، سەرلەنوێ ڕێک بخرێتەوە.
کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. پەکەکە، درێژترین و بەرفراوانترین بزووتنەوەی سەرهەڵدان و توندوتیژییە لە مێژووی کۆماردا. لەبەرئەوەی ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیک داخرابوو، پەکەکە هێز و پشتیوانی وەرگرت.
دەوڵەت_نەتەوە جیاجیاکان، فیدراسیۆن، خۆبەڕێوەبەریی ئیداری و چارەسەرە کەلتوورییەکان کە دەرئەنجامی پێویستی نەتەوەپەرستیی توندن، ناتوانن ببنە وەڵامگۆی سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگەیەکی مێژوویی.
ڕێزگرتن لە ناسنامەکان، ئازادیی بیرکردنەوە، ڕێکخستنی دیموکراتیک، بنیاتنانی کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسی هەموو پێکهاتەکان، تەنها بە هەبوونی کۆمەڵگە و کایەیەکی سیاسیی دیموکراتیک دێتە ئاراوە.
سەدەی دووەمی کۆمار، تەنها ئەوکاتەی دیموکراتیزە دەکرێت، دەتوانێت ببێتە خاوەنی یەکێتی و مانەوەیەکی هەمیشەیی. جگە لە دیموکراسی، هیچ ڕێگەیەکی تر بۆ بەدیهێنان و جێبەجێکردنی سیستەمەکان، لە گۆڕێ نییە و ڕێی تێناچێت. ڕێککەوتنی دیموکراتیک، ڕێوڕێبازێکی سەرەکی و بنەڕەتییە.
پێویستە زمانی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەپێی ئەم ڕاستییە پێش بخرێت.
ئەو بانگەوازەی بەڕێز باخچەلی کردی، ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆککۆمار نیشانی دا، هەڵوێستی ئەرێنی پارتەکانی تر، ئەم پڕۆسەیەی بنیاتنا، منیش لەم پرۆسەیەدا بانگەوازی چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ.
وەک ئەو کۆمەڵگە و پارتە هاوچەرخانەی بەزۆرەملێ کۆتاییان پێ نەهێنراوە، بە مەبەستی تێکەڵ بوونەوە لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە، ئێوەش دڵخوازانە کۆنگرەیەک ببەستن و بڕیاربدەن؛ پێویستە هەمووتان کۆببنەوە و چەکەکانتان دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. سڵاو لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە باوەڕیان بە پێکەوەژیانە و گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن.
٢٥ ی شوباتی ٢٠٢٥
عەبدوڵا ئۆجالان.”
“پێویستە دان بە ڕەهەندی یاساییدا بنرێت”
سری سورەیا ئۆندەر پاش کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکە قسەی کرد و ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ بە شاندەکەی گوتووە: “بێگومان بۆ ئەوەی بەشێوەی پراکتیکی چەک دابنرێت و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، پێویستە دان بە ڕەهەندی سیاسەتی دیموکراتیک و یاساییدا بنرێت”.