ئیدیۆمێکی تەواو واقعی لەسەر تورکان هەیە’ کەی دەوڵەتی تورکیا داوای ئاشتی کرد، بزانە خەریکی شەڕ و پیلانگێڕییەکە”.
نوسینی :- نیاز حامید
- ئێستا باشتر نیەتەکانی تورکیا بۆ(چارەسەریی) دەردەکەون.
کۆتایی مانگی دوانزەی ٢٠٢٤ دوای کۆتاییهێنان و یا لاوازکردنی حزبوڵای لوبنانی و حەماس ، پرۆژەی ترامپ- نەتانیاهۆ، یا ئەمەریکا ئیسرائیل کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، لە سێپتەمبەری ٢٠٢٤ نەتانیاهۆ نەخشەیەکی نیشانی جیهانیدا و گوتی: رۆژهەڵاتی ناوین دەگۆڕین، لەو دەمەدا کورد لە رێگای هەسەدەوە لەو پرۆژەیە ئاگادار کرایەوە. مەزلوم کۆبانێ لە سەرەتای پێشرەوییەکانی هەتەش گوتی: دوو مانگ زیاترە ئاگاداری ئەو پرۆژەیەن. کەواتە کورد ئاگاداری ئەو گۆڕانکارییە بووە، چونکە فیگەرێکی بەهێزی سەر گۆڕەپانەکەیە، لەو هەلومەرجەدا تورکیاش لە ریگای ناتۆوە لەم پرۆژەیە ئاگاداربوو، بۆیە دەوڵەتی قووڵ لە رێگای باخچەلی، پیاڵە ژەهرەکەی هەڵقوڕاند و، پێشنیاری (چارەسەریی) هێنا پێشێ.
بۆچی؟
لەناو پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناڤینی ئەمەریکا -ئیسرائیل، بارۆس بوونی هەیە و جێگەی کراوەتەوە. گۆڕینی رۆژهەڵاتی ناڤین بە سوریا دەستپێدەکات. ئێستا دەبینین سوریا بە پراکتیک دابەش بووە، ئەوەتا دروزەکانیش هاتنە ریز بارۆس، عەلەوییەکانیش لە هەوڵدان. کەواتە پێگەی کورد لە ناو سوریای ئایندە پێگەیەکی گرنگە، بۆ لەباربردنی ئەو پێگەیە، پێویست دەکات، پرۆسەیەکی دژە گەورەبوونی رۆژئاڤا-بارۆس، لە تورکیا بەناوی (چارەسەریی)بکەوتە گەڕ. ئیدیۆمێکی تەواو واقعی لەسەر تورکان هەیە’ کەی دەوڵەتی تورکیا داوای ئاشتی کرد، بزانە خەریکی شەڕ و پیلانگێڕییەکە”.
دەوڵەتی تورک هیچ پرۆژەیەکی چارەسەریی وەک ستراتیژ بۆ کوردان نییە، ئەوەی هەیە بە لۆکاڵیکردن و بەردەوامی ئینکاریەتی. سەیربکەن چۆن هەرێمی باشوریان کردۆتە قەوارەیەکی بێ گیان و بێ کەڵک، کە تێیدا تاک و کۆمەڵگای کورد زۆر زیاتر لە ژێر دەستی داگیرکار، دەچەوسێنرێنەوە. وای لێهاتووە خەڵکی خۆزگە بە داگیرکار دەخوازێت. ئەم شەڕە سایکلۆژیایە، شەڕی دەزگای شەڕی تایبەتی تورکانە، سەرچەتەکانی پارتی جێبەجێی دەکەن.
دوای دەرکەوتنی بچمی گۆڕانکارییەکان لە چوارچێوەی پرۆژەی ترامپ- نەتانیاهۆ، دەتوانرێت بە هاسانی پرۆسەی بەناو چارەسەرییەکەی تورکان ببینرێت.
هەڤاڵ بەسێ هۆزات دوێنێ لێدوانیدا و گوتی: دەبێت پەیامە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەی دیمەنی بێت و گۆشەگیری لاببرێت. پەیوەست بە لێدوانی وەزارەتی دادی تورک گوتی، قسەیەکی ناجددییە کە گوتووبووی، ‘پەیامی ڕێبەر ئاپۆ لەبەر ڕێکارەکان نابێت بە دیمەن بێت’. بەسێ گوتی، “بە توندی ئەم نزیکایەتییە ڕەتدەکەینەوە، ڕەخنەی دەکەین و بە هیچ جۆرێک قبوڵی ناکەین”.
ئەم پرۆژەیەی دەوڵەت دیارە بۆ لەباربردنی دەستکەوتەکانی رۆژئاڤای کوردستانە و، هیچ جددیەتێک نابینرێت.