دایکی ڕەزا ڕەسایی لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کوڕەکەی، داوای کۆتایی هێنان بە سێدارەدانەکان کرد

6
0
هاوبەشی :

ئازەردوخت حەق‌جوویان، دایکی ڕەزا ڕەسایی، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کوڕەکەی کە لە سێدارە دراوە، لەسەر گۆڕەکەی ئامادە بوو و داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکانی سێدارەدانی کرد.

لە ڤیدیۆیەکدا کە لەم دایکە داوخوازە بڵاو کراوەتەوە، ئەو دادپەروەری وەک هەڵچوون دژی هەر شتێک پێناسە دەکات کە ڕێگە لە مرۆڤ دەگرێت لە مرۆڤایەتی و جەختی کردۆتەوە کە “ناعەدالەتی لە شوێنێکدا، هەڕەشەیە بۆ دادپەروەری لە هەموو شوێنێک”.

حەق‌جوویان لە کۆتایی پەیامەکەیدا بە کوڕەکەی وتووە: “ڕەزا گیان لەدایکبوونت پیرۆز بێت، تۆ هەرگیز نامریت و ناوت هەتا هەتایە دەمێنێتەوە”.

ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، هاوڵاتی کرماشانی پەیڕەوی ئایینی یارسان، بەرەبەیانی ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ بەبێ ئاگاداری بنەماڵەی لە سێدارە درا.

تۆمەتەکانی کوشتنی سەرۆکی ئیدارەی زانیاری شاری سەحنە و جێگرەکەی لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی سەید خەلیل عالی‌نەژاد لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” ساڵی ١٤٠١ بوو.

بنەماڵە و پارێزەرەکانی ڕەسایی هەمیشە جەختیان لەسەر بێتاوانی ئەو کردووە.

دایکی ڕەزا ڕەسایی پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ئاماژەی بە ناڕوونی دۆسیەکە کردبوو و وتبووی کە حوکمی کوڕەکەی بە “زانینی دادوەر” دەرچووە.

لێبوردنی نێودەوڵەتیش لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بە دانپێدانانەکانی ڕەسایی “لەژێر ئەشکەنجەدا” کردبوو و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەدانی کردبوو، بەڵام ئەم داواکارییانە کاریگەر نەبوون.

هاوبەشی :