زمانی دایک لە نەتەوەی دیموکراتیکدا

5
0
هاوبەشی :

نوسینی عادل عوسمان

٢٠٢٥/٢/٢٢

ڕۆژێک بۆ زمانی دایک دانراوە، لەکاتێکدا هەموو کات و ساتێک ڕۆژی زمانی دایکە. لەبەرئەوەی، ئەوەی دەتوانێت زمانی گەلێک و لەگەڵیشیدا گەلێک بە زیندوویی بهێڵێتەوە، زمانەکەیەتی. لەبەرئەوە هەرساتێک لە بەکارهێنانی زمانی دایک بەرخۆدان و پاراستنی نەوتەوەیی و گەلە. گەلی کورد بەهۆی فرە کلتوری و شێوەزارە، زۆرەکەیەوە و لەگەڵیشیدا بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانەوە تووشی پەلامار و لەناوبردن و کۆمەڵکوژی کراوەتەوە. بەڵام بەرخۆدانی زمانی دایکی ئەو گەلەی لە لەناوبردن پاراستووە. زۆرکات ئەم پرسە پەیوەست دەکرێتەوە بە دەوڵەتەکان و دەوڵەتی نەتەوەکەوە یان بە ئەدەب و هۆنراوە نوسانەوە واتا بە شاعیر و ئەدیبانەوە.
لەڕاستیدا دەکرێت هەردووان ڕۆڵیان لە پاراستنی زمان و زمانی دایکەوە هەبێت. بەڵام ڕۆڵی تەواوکەر نییە. بەڵکو ئەوەی ڕۆڵی هەیە و لەسەر ناوەکەیەوە دیارە، یەکەم دایکە واتە ژن! دووەم کۆمەڵگەیە واتە هەمووان. بەدوای ئەویشدا هونەر، هۆنراوە، ئەدەب، دامودەزگا و دەوڵەتیش لەگەڵیدا. ئەوەی پرسەکە پەیوەست دەکاتەوە بە دەوڵەتەوە، چەمکە هەڵەکەی دەوڵەت نەتەوە و زمانی ستانداردە. ئەو زمانەی کە شێوازە جیاواز و فرەییەکانی زمانێک دەکوژێ و دەیتوێنێتەوە و شێوازێک یان دەسەپێنێت یان تێکەڵەیەک لە هەمووان دروست دەکات و دەیکاتە زمانی دەوڵەت نەتەوە، وەک تورکەکان، عەرەبەکان و فارسەکان. بۆیە دەوڵەت ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە پاراستنی زمانی نەتەوەیی نییە، بەڵکو ئەوە ژن -دایک ـ کۆمەڵگەیە کە لەڕێگەی کلتوری ئاخاوتن و پەیوەندییەوە زمان و نەتەوە دەپارێزێت.
زۆر دەوڵەت هەیە، کە ناتوانرێت وەک ناسنامە زمانێک تێیدا بکرێتە ناونیشان. ئەمریکا و دەوڵەتانی خۆرئاوا بە یەکزمان ناناسرێنەوە، بەڵکو دەوڵەتی گەلە فرە زمانەکانە. ئەوەی دەوڵەت دەکاتە ناونیشانی نەتەوە، ئەوە پەرەپێدەری کۆمەڵکوژی، فاشیزم و لەناوبردنی کلتورییە. یەکێک لە هەڵە میتۆدییەکان بەستنەوەی زمانە بە دەوڵەتەوە. لەڕاستیدا دەوڵەت خۆی دەزگایەکی خزمەتگوزار و هاوکاری پەرەپێدانی کلتورە فرەیی و دیموکراتیکەکان نییە، بۆیە بۆخۆی سەرچاوەی قڕکردن و قەلاچۆکردنە. بەتایبەت لەم ناوچەیەی ئێمەدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و زهنیەتی ناسین و یەکترقبوڵکردن و دیموکراسی نییە، دەوڵەت بوەتە هۆکار و ئامرازی شەڕی لەناوبردنی کلتور و زمانە جیاوازەکان و بەوهۆیەشەوە نەتەوە جیاوازەکان بۆیە ئەوەی کە نەتەوە دەپارێزێت زمان و کلتوری مێژووییە، کە کورد نمونە هەرەزیندووەکەیەتی.دەبینیت نەتەوەیەک بە زمانەکەی و نیشتیمانەکەیدا دەناسرێتەوە. بۆیە ئەوەی بووە کلتور زمانی ئاخافتن و بەها کۆمەڵایەتییەکانە.
هەڵەیەکی تری ناساندنی زمانی دایک، ئەو کەسانەن کە پەیوەستی دەکەنەوە بە شاعیران و ئەدەبزانانەوە. لەڕاستیدا، ئەوەش هەڵەی بچوککردنەوە و نادیدەگرتنی ڕۆڵی کۆمەڵگەیە. شاعیران و ئەدیبان زمانەکەیان لەکوێوە هێنا، هۆنراوەیان بەچ ئامرازێک هۆنییەوە. هەربۆیە ڕۆڵی سەرتەنورەکان کە پیشەی ژنان و خزمەت پێشکەش کردنی ژنانە ڕۆڵی گەورە و گران دەگێڕێت لە پاراستنی زماندا. نەک هەر ئەوە بەڵکو منداڵان، خێزان، بەردەگاکان، گەڕەکەکان، حوجرەکان، قوتابخانە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان ڕۆڵیان لە پاراستن و مانەوە و پەرەپێدانی زمان و نەتەوەدا هەیە. لە پاڵ ئەمانەشدا دامودەزگا هونەری، ئەدەبی، زانستی و ڕۆشنبیرییەکان دەتوانن تێگەیشتن و پێکەوەییەکی کۆمەڵایەتی دروستبکەن کە ڕۆڵی لەپاراستن و پەرەپێدان و بەزانستی کردن و کۆمەڵایەتی کردنی زمان و پاراستنی بنەما کلتوری مێژوویی و نیشتیمانییەکانی نەتەوەدا هەبێت.
هەربۆیە لە ڕۆژی زمانی دایکدا، پێویستمان بەشۆڕشێکی زهنی هەیە، کە دابڕان لەگەڵ چەمکە دەوڵەتخوازە بکوژەکەی کلتوری فرەیی کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، ڕەگەزی و ژینگەییدا مسۆگەر بکات و پێناسەیەکی نوێی سۆسیۆلۆژی کۆمەڵایەتی دیموکراتیک بکاتەوە بەبەری تێگەیشتنەکاندا، کە هەموو دامودەزگا و ڕێکخستنەکان بەدەوڵەتیشەوە لەخۆیدا ڕێکبخاتەوە و بیکاتە خزمەتگوزارێکی کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی کلتوری ـ مێژوویی و دیموکراتیزەکردنی.

هاوبەشی :