کاندیدی سەرەکی پۆستی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دوای ئەوەی گومان لە پابەندبوونی ئەمریکا بە ناتۆ زیادی کردووە، ئەوروپییەکان دەبێت هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی بتوانن بە تەنیا بەرگری لە کیشوەری ئەوروپا بکەن
ئاریان تیڤی
فریدریش مێرتس، کاندیدی سەرەکی پۆستی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، داوای دەستپێکردنی وتووێژ لەگەڵ فەڕەنسا و بەریتانیا دەکات سەبارەت بە گواستنەوەی چەتری پاراستنی ناوکی بۆ وڵاتەکەی، لە کاتێکدا کە گومان لە پابەندبوونی ئەمریکا بە ناتۆ زیادی کردووە.
مێرتس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ZDF-ی ئەڵمانی ڕایگەیاند: “دەبێ خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی کە دۆناڵد ترامپ چیتر بەبێ مەرج پابەند نابێت بە بەڵێنی بەرگریکردنی هاوبەشی ناتۆ.” ئەو جەختی کردەوە کە ئەوروپییەکان دەبێت هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی بتوانن بە تەنیا بەرگری لە کیشوەری ئەوروپا بکەن.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە ترامپ لە ڕۆژانی ڕابردوودا گومانی خستە سەر پابەندبوونی ئەمریکا بە بەرگریکردن لە هاوپەیمانانی ناتۆ. مێرتس پێشنیاری کرد کە ئەڵمانیا دەبێت لەگەڵ فەڕەنسا و بەریتانیا، کە دوو وڵاتی ناوکی ئەوروپان، گفتوگۆ بکات دەربارەی ئەگەری بەشداریکردن لە چەتری پاراستنی ناوکییان.
ئێستا ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ناتۆدا لەگەڵ ئەمریکا هاوبەشی ناوکی هەیە. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، نزیکەی ٢٠ بۆمبی ناوکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانی بوشل لە ئاڵمانیا جێگیر کراون. لە کاتی جەنگدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئاڵمانیا دەتوانن ئەم بۆمبانە هەڵبگرن.
پێشنیارەکەی مێرتس کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتۆتەوە. هەندێک شارەزا پێیان وایە ئەم هەنگاوە دەتوانێت هێزی بەرگریکردنی ئەوروپا بەهێزتر بکات، لە کاتێکدا ڕەخنەگران نیگەرانن لەوەی کە ئەمە ببێتە هۆی لاوازبوونی پەیمانی ناتۆ و زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ ڕووسیا.