شاندی ئیمراڵی و هەڵوێستەکانی باشوور”
لە ڕۆژ نیوز وەرگیراوە
نوسینی: سەردار ستار
دوای ١٠ ساڵ لە شەڕێکی سەخت و دژوار و گۆشەگیری توند لەسەر ڕێبەر ئاپۆ، تەڤگەری ئازادیی سەرەڕای قوربانی و گیانبەختکردنێکی پڕ بەها، لەلایەک بەرخۆدان و خۆڕاگری تەڤگەری ئازادیی لە هەموو مەیدانەکانی خەبات، لەبەرانبەر هێرشەکانی دوژمن، لەلایەکیتریش گۆڕانکاریی لە هاوسەنگی و هاوکێشە سیاسیی و لەشکرییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وایکرد دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیا هەست بەمەترسییەکان بکات. بۆ ئەو مەبەستە دەوڵەتی قووڵی تورکیا، لە کەسایەتی دەوڵەت باخچەلی، لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، دەستی بە جموجۆڵێکی سیاسی چاوەڕوان نەکراو کرد.
سەرەتا ڕێگەیان کردەوە عومەر ئۆجالانی برازای ڕێبەر ئاپۆ و پەرلەمانتاری پارتی دەم، پاشان شاندی ڕابردووی ئیمرالی، پەروین بوڵدان و سڕی سورەیا ئۆندەر، دووجار لەسەر یەک بچن بۆ دیدار لە دوورگەی ئیمرالی.
تا ئەم چرکەیەش لە گوتار و هەڵسوکەوت و جموجۆڵەکانی حکومەتەکەی ئەردۆغان–فیدان هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئاشتی. بەپێچەوانەوە لەم ماوەیەی کە باسی ئاشتی و چارەسەری دۆزی کورد دەکرێت، لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوا، زۆرترین و خوێنڕێژترین هێرش و پەلاماری دوژمنانە و قەیووم ئەنجامدراون. زۆربەی ئەوانەی لەم هێرشانەشدا بوونەتە قوربانی، هەموویان ڕۆژنامەوان، سیاسەتمەدار و چالاکانی مەدەنین، بۆیە شەقامی کوردی بەلایەنی دەوڵەتی تورکیاوە، بە هیواوە سەیری ئەم قۆناغە ناکات.
لە یەکەم دیداری ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستی خۆی ئاشکرا کرد و وتی؛ ئامادەم ململانێکان لە شەڕ و توندوتیژی بگۆڕم بۆ سیاسی و یاسایی، بەمەرجێک زەمینە بڕەخسێنن. لە دیداری دووەم پرۆژەیەکی حەوت خاڵی پێشکەش کرد، وەک نیازپاکی بۆ قۆناغەکە و چۆنییەتی کارکردنی. لە دیداری سێیەم ئامادەسازی بۆ پێشکەشکردنی نەخشە ڕێیەک بۆ چۆنییەتی دەستپێکردن و بەرەوپێش بردنی قۆناغەکە کرد. بەگوێرەی زانیاریەکانی شاندی ئیمرالیش ئاشکرایان کرد کە ڕێبەر ئاپۆ ئامادەکاری دەکات، لەلایەک بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنەکان بەشداری قۆناغەکە بکات، چ لە تورکیا و چ لە کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە یەکەم وتارێکی ڤیدیۆیی دەبێت، دووەمیش نامە دەنێرێت بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە تەڤگەری ئازادیی، سەرەتا بۆ قەندیل، پاشان ئەورووپا و ڕۆژئاوا.
وەک وەڵام بۆ هەڵوێست و نزیکبوونەوەکانی ڕێبەر ئاپۆ، سەرەتا فەرماندار و بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیل، پاشان سەرجەم ڕێکخستنەکانی تەڤگەری ئازادیی، پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ نیشاندا. لەگەڵ هەبوونی نیگەرانی و کەم دەرفەتی لەلایەن دەوڵەتەوە، سەرجەم لایەنەکان دووپاتیان کردەوە بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ بە جەستەیی ئازادببێت و بتوانێت بەئازادانە دیدار و چاوپێکەوتنەکانی بکات، تا دەگاتە سازدانی کۆنگرەی پەکەکە، بەوشێوەیە دەکرێت پرۆسەیەکی متمانە پێکراو و سەرکەوتوو بەڕێوە بچێت.
لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی قۆناغەکە و بۆ زەمینەسازی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێ، لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە، شاندی ئیمرالی ئەرکدار کرا، تاکو سەردانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە باشوور بکەن. وەک تایبەتمەندی ڕێبەر ئاپۆ لە ئەزموونی ٣٣ ساڵ لە پرۆسەی سیاسییدا، هیچ کاتێک بەتەنها بڕیاری لەسەر بەڕێوەچوونی قۆناغەکان نەداوە، بەڵکو بەردەوام هەموو لایەنەکانی کردوونەتە هاوبەشی بڕیارەکانی، لەگەڵ لایەنە سیاسیی و مەدەنی و دیموکراتییەکان، پێکەوە هاتووەتە بەردەم ڕاگەیاندنەکان. یەکەم دەرکەوتنی بۆ ئاگربەست لە ١٧-٣-١٩٩٣ لە گەڵ هەریەک لە جەلال تاڵەبانی، ئەحمەد تورک، کەمال بورقای و حەمەڕەش ڕەشۆ، دەرکەوت و بڕیاری ئاگربەستی یەکلایەنەی ئاشکرا کرد. ئەوەش بەهێزی پرۆسەکەی لەلایەن کوردەوە نیشاندا، بەڵام لایەنی تورکیا تەنها تورگوت ئۆزال هاتبووە ناو پرۆسەکە، بۆیە لەکۆتایی بە مەرگی خۆی تەواو بوو.
چوار ڕۆژە شاندی ئیمرالی لە هەولێر و سلێمانی دیدار و چاوپێکەوتن ئەنجامدەدات، هەریەک لە ( مەسعود و نێچیرڤان و مەسروور بارزانی، هەروەها بافڵ و قوباد تاڵەبانی و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد)ـیان بینیوە. ئەوانەش پێکهاتەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی لێدوانەکانی بەردەم ڕاگەیاندنەکان، لایەنەکان بەگەرمی پێشوازیان لە شاندەکە و لە سڵاو وەرگرتنەوە و پێشنیار و سەرنجەکانی ڕێبەر ئاپۆ کردووە، هەروەها هەڵوێستی خۆیان بە ئەرێنی نیشاندا، چی بکەوێتە سەرشانیان جێبەجێی بکەن.
سەرەڕای بێڕێزی بارەگای بارزانی بە شاندی میوان و بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی دوور لە ئەتەکێتی دیبلۆماسی بەڕێز سڕی سورەیا ئۆندەر، هەمانکات وەک گەرەنتۆری پرۆسەکە خۆ پێناسە کردن، ئەمە دوورە لە نەریتی دیبلۆماسی. بەتایبەتیش کە هێشتا پرۆسەیەک دەستیپێنەکردووە، تازە سەرەتای پرس و ڕا بەیەکترکردن و زەمینەساز کردنە، بۆیە پێویستە هێشتا بە بەرپرسیارانەتر نزیکبوون هەبێت، چونکە هەر گۆڕانکارییەک لە باکوور و تورکیا بۆ چارەسەری پرسی کورد، سەرەتا باشوور، دواتر سەرجەم کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لێی سوودمەند دەبن. دیسان پارتی، پارێزگاری هەولێریان ڕاسپاردبوو بۆ پێشوازی و پرۆتۆکۆڵی هاوڕێ لەگەڵ شاندی ئیمرالی، ئەمەش هەڵسوکەوتێکی نا هاوسەنگ و نادیبلۆماسیانە بوو، چونکە پارێزگاری هەولێر هیچ پۆستێکی دیبلۆماسی نییە، بەڵکو دەبوایە لەئاستی حکومەتی هەرێم و مەکتەبی سیاسی پارتی هاوڕێتی شاندی ئیمرالی بکرادایەت، چونکە شاندی ئیمرالی نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، وەک ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ خۆی ئامادەبێت. دیسان لەکاتی کۆنفرانسی ڕاگەیاندنیش دەبوایە سەرۆکی پارتی و هەرێم و حکومەت و یەکێتی دەرکەوتبوونایە بەردەم ڕاگەیاندنەکان. بۆیە پێویستە ئەمانە لەداهاتوودا ڕاوەستەیان لەسەر بکرێت، ئەوا هێزی سیاسی کورد بە تواناتر نیشاندەدات، واتا نابێت وەک دیبلۆماسییەتی نێوان دوو دەوڵەت هەڵسوکەوت بکرێت، بەڵکو یەکخستن و یەک ئاراستە کردن و بەهێز کردنی گوتاری کوردی پێویستە نیشانبدرێت، بۆ پرۆسەیەکی چارەنوسساز.
شاندی ئیمرالی هەوڵیاندا ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ پێیانی سپاردبوو جێبەجێی بکەن و پەیامەکان بگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام دەکرا لە چوارچێوەی دەستپێشخەری و هەوڵەکانیان، لەلایەنە سیاسییەکانی تریش ببینن، لە سەردانەکانی داهاتوویان ئەگەر نەشتوانن هەموو لایەنەکان یەک یەک سەردان بکەن، دەتوانن لە نیوەڕۆ خوانێک یان لە دیدارێکی فرەواندا بۆ شوێنی مانەوەیان بانگهێشتیان بکەن. هەروەها بەجیاش ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان و مامۆستایان و چین و توێژەکان بانگبکەن، بۆ ئەوەی پێشنیار و سەرنجەکانیان بۆ قۆناغەکە پێشکەش بکەن، چونکە ڕێبەر ئاپۆ بەگرنگییەوە چاوەڕێی سەرنج و تێبینییەکانی باشووری کوردستانە. باشووری کوردستانیش خاوەن پێگەیەکی بەهێزە بۆ بەرەوپێش بردنی قۆناغەکە، ئەمەش دەستی ڕێبەر ئاپۆ بەهێزتر دەکات.
ئێستا بەگشتی هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ بۆ قۆناغەکە ئاشکرابوو، کە دەیەوێت سەرجەم لایەنەکان بکەونە ژێرباری پرۆسەی سیاسی، هەروەها نابێت و ناکرێت هیچ کەس و لایەنێک دژایەتی بکات و خۆی لە قۆناغەکە بەدوور بگرێت، لەلایەکیتریش دەبێت بزانرێت قسەکەری کۆتایی لە پرۆسەکە ڕێبەر ئاپۆیە، ئەوکات پێویست دەکات هەموو لایەنەکانیش بەگوێرەی هەستیاری قۆناغەکە هەڵسوکەوت بکەن. بەتایبەتیش هەر هێز و لایەنێک پێویستە توانا سیاسییەکانی نیشان بدات، تاکو ڕژێمی ئەردۆغان-فیدان لە دوژمنایەتی گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی دووربخاتەوە و ئەوەیان پێڕابگەێنرێت، بەبێ ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە هیچ پرۆسەیەکی سیاسی و دیموکراتی لە کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەرکەوتوو نابێت، دوژمنایەتی کردنی گەلی کورد لەکۆتاییدا سەری خۆیان دەخوات، چونکە گەلی کورد و تەڤگەرە سیاسییەکەی ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژەکان زیاتر دەستی کراوەترە بۆ بەرەوپێش بردنی دۆزە ڕەواکەی.