یەکیەتی نەتەوەیی قۆناغی کرانەوەی دیموکراسی کۆمەڵایەتییە
نوسینی: عادل عوسمان
١٨ \ ٢ \ ٢٠٢٥
کاتێک باسی یەکیەتی نەتەوەیی دەکەین پێویستە دوو ڕەهەند لەبەرچاو بگرین، ئەویش؛
١-دروستبوونی هەست و بەرپرسیارەتیەکی هاوبەش، کە نەتەوە وەک جستەیەک ببینێت و هەموو پێکهاتەکانی وەک یەکەیەکی ئۆرگانیک پێکەوە لە پێناوی جوڵەی جەستەدا بەشێوەی ئەرێنی لەکاردابن و بە ووریایی و هوشیارییەوە قۆناغی ژیانکردن، تێکۆشان، سەرکەوتن و ناسینی هێڵە ئەرێنی و نەرێنییەکان دەستنیشان بکەن و بە ئەرک و بەرپرسیارەتی خۆیان هەستن.
٢-لەناو ئەم نەتەوەدا دیموکراسی و ناسینی جیاوازییە کۆمەڵایەتی، ڕەگەزی، چینایەتی، ئایینی و باوەڕییەکان بناسرێت و دانی پێدابنرێت و لەچوارچێوەی چارەسەری پرس و ناکۆکییەکاندا بەشێوەی گفتوگۆ و پێکەوەیی کاربکرێت و یەکیەتییەکی واتادار بەمانای ژیانێکی ئازاد بنیاتبنرێت کە دیموکراسی، خۆبەڕێوەبەری، تاکی ئازاد و پێکەوەیی بناغەکەی بێت.
لێرەوە دەتوانین بچینە سەر ئەو هەنگاوەی کە لە ئیمراڵییەوە لەلایەن بەڕێز ئۆ🌹جە🙏لانەوە دەستی پێکراوە و ڕووی دەم و پڕۆژەکەی لە هەمووانە. پیری مەزن بە بیرکردنەوەی هەستی نەتەوەیی و گەلانی ناوچە دەژی و بەرخۆدان دەکات. لەمڕۆی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەشدا پێگەی کەسێتی و پڕۆژە و پارادیگماکەی وەک ئەستێرەی چارەسەری پرسەکان دەگەشێتەوە. هەربۆیە بە پڕۆژەیەکی هەمەگیری بەشداری هەمووانەوە هاتوەتە گۆڕەپانەکە و (مخاتەبە)گوێدێری هەمووان دەکات لە پێناوی بەشداری کارای هەموان بۆ چارەسەری پرسەکانی ئاشتی نەتەوەی کورد لەگەڵ دەسەڵاتە باڵادەست و نەتەوە سەردەسەتەکان. ئەم پرسە پێویستی بە وەڵامدانەوەی ناکۆکی و هەریەک لەئاوازێکی ناوکردان و وەلانانی هەیە و پێویستە بە پڕۆژەیەکی پێکەوەییەوە لە گۆڕەپانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا جوڵە بکرێت.
دۆزی کورد تایبەت نییە بە حیزبێک، پارتێک، سەرکردە و بنەماڵەیەک و پارچەیەکەوە. بەڵکو دۆزێکی مێژوویی گەردونی جیهانییە، چ لە ئاستی سیاسەتی فەرمی دەوڵەتتدا، چ لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی جیهانیدا. هەربۆیە ڕۆڵی هەر پێکهاتە و پارت و بنەماڵە و تاکێک کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر (پێڤاژۆ) هەنگاوەکان هەیە. دۆخی تێکۆشانی گەلی کورد لە ئاستێکی گەورەی دەسکەوت و کرانەوەی ڕێگە چارەسەرییەکانە و بەڕێز ئۆ✌️جەلانیش بە بەرپرسیارەتییەوە دەیەوێت هەموو پارت، سەرکردە و تاکێک ڕۆڵی بەشێوەی ئەرێنی وازی بکات. هەربۆیە ئەمە لایەنی دیموکراسی و کۆمەڵایەتیبوونی دنیابینییەکە، کە ئەرک دەخاتە سەرشانی هەمووان کە بە بەرپرسیارەتییەوە بەشداری بکات و ڕۆڵی جیاواز و باڵادەست دەکوژێت. هەربۆیە مخاتبی هەموو هێز و سەرکردە کوردییەکانی هەرچواربەش و دەرەوەیشی کردووە. ئەمە لەسەر ئاستی سیاسیە، ئاستی دووەم ئاستی کۆمەڵایەتییە! کە کۆمەڵگەی کوردی چ وەک تاک چ وەک دەستەو گروپ و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانی، پێویستە بەرپرسیارانە لەبری بۆ واکرا و بۆ وانەکراو بەهۆکاری زهنیەتی پارچەگەری و ڕەتکردنەوە قسەکردن زیان بەخش دەبێت و پێویستە هەرتاکێک، گروپێک بە هەست بە بەجێهێنانی ئەرک و بەرپرسیارەتی کە چی ئەرێنی دەکەوێتە سەرشانی بۆ هاوکاری، پێکەوەیی و بەشداری لەم هەنگاوەدا بجوڵێتەوە.
هێڵی تێکۆشانی دیموکراتیکی نەتەوەیی لەسەر بنچینەی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی بناغەکەی خۆی داڕشتووە و مەترسیەکان و ئەرێنی و نەرێنییەکانی ناوماڵی کوردیش دەناسێت و دەزانێت. بەڵام قۆناغی ئێستە گۆڕانکاری ستراکتۆری سیاسی ـ کۆمەڵایەتی وەهای دروستکردووە کە لەناوماڵی کوردیشدا تێکۆشانە دیموکراتیکەکە هاوسەنگییەکانی ئاڵوگۆڕ پێکردووە و کۆمەڵگەی ناوخۆیی و دەرەکیش هەستی بەو گۆڕانکارییە کردووە، هەربۆیە پێشەنگی و دەستپێشخەری نەتەوەیی لەدەستدایە و هێڵە نامۆ دژە کوردییەکانی بێکاریگەر و بچووک کردوەتەوە و هەژمونیەتی سیاسەتی دیموکراتیک و گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردی لەپێشەوەی هەژمونییەتە قۆرخکارییەکاندایە. هەربۆیە ئەم تێکۆشانە بەڕۆحی پێکەوەیی پێویستە فراوانتر و بۆسەرکەوتن ئامادەتر بکرێت. ئەمەش نە کۆتایی ڕێگەیە و نە کۆتایی چارەسەرییە. بەڵکو ڕێگەکانی سەرکەوتن کۆنترۆڵکردنی ململانێ نەشیاو و تێکدەرەکانە و لەو بوارەدا هەنگاوی باشنراوە و پێویستە بە جوانی وەڵامی ئەم هەنگاوەش بدرێتەوە بۆئەوەی بگاتە ئاستی پرۆسەی چارەسەری.
ئاشتی کە گوتاری چارەسەری دۆزێکی مێژووییە، هەرپەیوەست نییە بەکوردەوە. پەیوەستە بە گەلانی ناوچەکە، دەوڵەتەکان و سیستەمی جیهانیەوە. بەدیهێنەری ئاشتی ناوچە و جیهانییە. هەربۆیە ئەگەر ئاشتی کوردی پێک نەیەت کۆڵەکەکانی ئاشتی ناوچەیی و جیهانی لەرزۆک دەبن. هەروەها پرسی ئاشتی کەس ناوێرێت خۆی لێلابدات و پرسێکە هەموان پەیوەند و پەیوەستدار دەکات و پێویستی بە ڕۆڵ بینینی ئەرێنی بۆ دیموکراتیزەکردن و لێدان لەقۆرخکاری سیاسی و شەڕ لەگەڵ کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا هەیە. هوشیاری بەو پێگەیەی تێکۆشانی کورد و ڕێبەرییەکەی و ڕۆڵی خۆ، واتادار و هاوکاری دیموکراتیزەکردنی زهن، کۆمەڵگە و لێدان دەبێت لە پاشکەوتوویی و کۆنەپەرستی و پیاوسالاری و قۆرخکاری سیاسی و بێڕۆڵ کردنی کۆمەڵگە.
کاتێک یەکیەتی نەتەوەیی پێکدێت و بەسەرکەوتن دەگات، واتە کرانەوەی دیموکراتیکانەی کۆمەڵایەتی ڕوویداوە و سیستەمی باڵادەستی سیاسی ناتوانێت قۆرخکاری بکات و بەشێوەی قاڵبەکانی خۆی یان قاڵبە ئامادەکراوەکان سیاسەت بەڕێوەببات. بەڵکو ئەوە کۆمەڵگەی فرەڕەنگ و کۆمەڵایەتییە کە بەگوێرەی سروشتە هەمەڕەنگەکەی ئاراستەی ژیانی ئازاد بەڕێوەدەبات و ئەمەش تێکۆشانی هەرە بەواتای کۆمەڵایەتی دیموکراتیکە.