دەیان پارێزەر لە ئێران داوایان لە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ڕژیمی ئێران کردووە، سزای لەسێدارەدانی وریشه مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی هەڵبوەشێنێتەوە.
دەیان پارێزەر لە ئێران داوایان لە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ڕژیمی ئێران کردووە، سزای لەسێدارەدانی وریشه مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی هەڵبوەشێنێتەوە. ئەم داواکارییە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکەوە ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەری کراوە.
لە بەیاننامەکەدا، کە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕێبەندان بڵاوکراوەتەوە، پارێزەرەکان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و شەریفە محەممەدی. ئەوان جێبەجێکردنی ئەم سزایانەیان بە پێچەوانەی بنەما مرۆییەکان و پێوەرەکانی مافی مرۆڤ وەسف کردووە.
پارێزەران جەختیان لەسەر “مافی ژیان” وەک مافێکی بنەڕەتی و نەگۆڕ کردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە داوە کە سزای لەسێدارەدان، بە تایبەت لە دۆسیەی ئاڵۆزی یاساییدا، ناتوانێت دادپەروەری دەستەبەر بکات.
هەروەها داوای پێداچوونەوەیان بە دۆسیەکاندا کردووە لە پرۆسەی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەدا.
ئەوان هۆشدارییان داوە کە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەم سێ چالاکوانە ژنە، جگە لە کێشە یاساییەکان، کاریگەریی قورسی لەسەر کۆمەڵگە دەبێت. بە بڕوای ئەوان ئەم کارە دەبێتە هۆی زیادبوونی هەستی نائارامیی دەروونی، بێ متمانەیی بە سیستەمی دادوەری و کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگەی ئێران.
لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە: “ئەمڕۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی لە بەردەم مەرگێکدا وەستاون کە نەک لە سزایەکی دادپەروەرانه ، بەڵکوو لە بڕیارێکی خێرا و لە پرۆسەیەکی پڕ لە گومانەوە سەرچاوەی گرتووە، مەرگێک کە ئەگەر ڕووبدات نەک تەنها گیانی مرۆڤێک دەستێنێت، بەڵکو ویژدانی نەتەوەیەک بریندار دەکات.”
لە کۆتاییدا، ئەم پارێزەرانه داوایان لە سەرۆکی دەزگای دادوەری کردووە کە فەرمانی دەستبەجێ بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەربکات و دۆسیەکە بۆ پێداچوونەوەی دووبارە بنێرێتەوە بۆ دادگای تایبەت.