لێدوانی سەرۆکی کۆمەڵگەی دروزەکان شێخ حیکمەت ئەلهجری
“ئەی سورییە ئازادەکان،
بەنی مەعروف وەک بەشێکی راستەقینەی کۆمەلگای سوریا، بە تاسەوە چاوەڕوانی بڕیارەکانی لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی نیشتمانی دەکەن. دڵنیاتان دەکەمەوە کە هەر کۆنفرانسێک کە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنی سوریا نەبێت و بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکانی مسۆگەر نەکات، تەنها درێژەپێدەری ئەو سیاسەتانەی پەراوێزخستن دەبێت کە وڵاتەکەمانی گەیاندووەتە ئەمڕۆ.
ئەگەر ئەم لیژنەیە چاوەڕوانییەکان بەدینەهێنێ و کەسایەتییە هەڵبژێردراوەکان نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکان نەکەن، ئەوا با هەموو خۆیان بۆ هەنگاوی داهاتوو ئامادە بکەن و ئێمە یەکەم کەس دەبین کە کۆنفرانسی نیشتمانی ڕاستەقینە دەکەین کە بە دروستی و دادپەروەری بۆ هەموو سوورییەکان مسۆگەر بکات.
ئێمە ڕێ نادەین هەڵەی ڕابردوو دووبارە ببنەوە، هەروەها بێدەنگ نابین بەرامبەر سیاسەتی ستەمکاری و پەراوێزخستن کە حافز و بەشار ئەسەد پەیڕەویان کرد. ئایندەی سوریا دەبێت بۆ هەموو بێ جیاوازی لەسەر دادپەروەری و یەکسانی بنیاتبنرێت.
با هەموو لایەک یەکبگرن و ئامادەبن، چون داهاتوو بە هەنگاوێکی بوێرانە بەرەو گۆڕانی ڕاستەقینە دەست پێدەکات.